١شەیتان لە دژی ئیسرائیل ڕاوەستا و داودی لێ هاندان بۆ سەرژمێریکردنی ئیسرائیل.
٢داودیش بە یۆئاب و فەرماندەکانی سوپای گوت: «بڕۆن و سەرژمێری ئیسرائیل بکەن، لە بیری شابەعەوە هەتا دان. پاشان وەرنەوە لام بۆ ئەوەی ژمارەیان بزانم.»
٣بەڵام یۆئاب وەڵامی دایەوە: «با یەزدان جەنگاوەرەکانی سەد ئەوەندە زیاتر بکات. ئەی پاشای گەورەم، ئایا هەموویان خزمەتکاری گەورەم نین؟ ئیتر بۆچی گەورەم داوای ئەمە دەکات؟ بۆچی ئیسرائیل تووشی تاوان بکات؟»
٤لەگەڵ ئەوەشدا پاشا بڕیارەکەی خۆی بەسەر یۆئابدا سەپاند، ئیتر یۆئاب چووە دەرەوە و بە هەموو ئیسرائیلدا گەڕا، ئینجا هاتەوە ئۆرشەلیم.
٥یۆئاب ئەنجامی سەرژمێرییەکەی دایە داود: لە هەموو ئیسرائیل ملیۆنێک و سەد هەزار پیاوی بە توانا لە بەکارهێنانی شمشێر هەبوون، لە یەهوداش چوار سەد و حەفتا هەزار هەبوون.
٦بەڵام یۆئاب لێڤی و بنیامینییەکانی لەگەڵیان نەژمارد، چونکە ڕقی لە فەرمانەکەی پاشا دەبووەوە.
٧ئەم فەرمانە لەلای خوداش خراپ بوو، لەبەر ئەوە سزای ئیسرائیلی دا.
٨داودیش بە خودای گوت: «بەم کارەم گوناهێکی زۆر گەورەم کرد، ئێستاش تکایە لە تاوانی بەندەکەت خۆشبە، چونکە ڕەفتارێکی زۆر گێلانەم کرد.»
٩یەزدان بە گادی فەرموو، کە پەیامی خودای بە داود ڕادەگەیاند:
١٠«بڕۆ بە داود بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من سێ هەڵبژاردە دەخەمە بەردەمت و تۆش یەکێکیان هەڵبژێرە بۆ ئەوەی جێبەجێی بکەم لەسەرت.“»
١١ئیتر گاد چوو بۆ لای داود و پێی گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بۆ خۆت هەڵبژێرە،
١٢سێ ساڵ قاتوقڕی، یان سێ مانگ هەڵاتن لەبەردەم دوژمنەکەت کە بە شمشێر ڕاوت دەنێت، یان سێ ڕۆژ شمشێری یەزدان بە دەرد لە خاکەکە دەدات و فریشتەی یەزدانیش لە هەموو سنوورەکانی ئیسرائیلدا وێرانکاری دەکات.“ ئێستا ببینە چی وەڵامی خودا بدەمەوە کە منی ناردووە.»
١٣داودیش بە گادی گوت: «زۆر لە تەنگانەدام، با بکەومە دەستی یەزدان، چونکە ئەو بەزەیی زۆر زۆرە، بەڵام با نەکەومە ژێر دەستی مرۆڤەوە.»
١٤لەبەر ئەوە یەزدان دەردی خستە ناو ئیسرائیلەوە، ئیتر حەفتا هەزار پیاو لە ئیسرائیل مردن.
١٥هەروەها خودا فریشتەیەکی بۆ سەر ئۆرشەلیم نارد بۆ ئەوەی وێرانی بکات، کاتێک وێرانی دەکرد، یەزدان تەماشای کرد و کارەساتەکەی ڕاگرت، بە فریشتە وێرانکەرەکەی فەرموو: «بەسە! ئێستا دەست هەڵبگرە!» فریشتەکەی یەزدان لەو کاتەدا لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی ڕاوەستابوو.
١٦داود سەری هەڵبڕی و بینی فریشتەکەی یەزدان لەنێوان زەوی و ئاسماندا ڕاوەستاوە، شمشێرەکەی بەدەستەوەیە و بەسەر ئۆرشەلیمدا ڕایکێشاوە. داود و ئەو پیرانەی کە جلوبەرگی گوشیان پۆشیبوو بەسەر ڕوویاندا کەوتن.
١٧داود بە خودای گوت: «ئایا من نەبووم کە فەرمانم دا سەرژمێری گەل بکەن؟ منم ئەوەی کە گوناهم کردووە، لە ڕاستیدا من خراپەم کرد، بەڵام ئەم مەڕانە چییان کردووە؟ ئەی یەزدان، خودای من، تکایە با سزاکەت بۆ من و بنەماڵەکەم بێت، نەک ئەم دەردە لەسەر گەلەکەت بەردەوام بێت.»
١٨ئینجا فریشتەکەی یەزدان بە گادی فەرموو، کە بە داود بڵێت، با داود سەربکەوێت و لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی قوربانگایەک بۆ یەزدان دابمەزرێنێت.
١٩داودیش بەپێی قسەکەی گاد کە بە ناوی یەزدانەوە گوتی، سەرکەوت.
٢٠لە کاتێکدا ئەرەونا گەنمی دەکوتا، ئاوڕی دایەوە و فریشتەکەی بینی، چوار کوڕەکەی ئەرەونا کە لەگەڵیدا بوون خۆیان شاردەوە.
٢١پاشان داود بەرەو لای ئەرەونا هات، ئەرەونا چاوی هەڵبڕی بینی کە داود بەرەو لای ئەو دێت، لە جۆخینەکە چووە دەرەوە، کڕنۆشی بۆ داود برد و سەری خستە سەر زەوی.
٢٢داود بە ئەرەونای گوت: «شوێنی جۆخینەکەم بدەرێ تاکو قوربانگایەک بۆ یەزدان بنیاد بنێم و دەردەکە لە کۆڵ گەل ببێتەوە، بە نرخی تەواوی خۆی بمدەرێ.»
٢٣ئەرەوناش بە داودی گوت: «بۆ خۆتی ببە و با پاشای گەورەم چی بە چاک دەزانێت ئەوە بکات. تەماشا بکە. ئەوە گا بۆ قوربانی سووتاندن و جەنجەڕ بۆ دار و گەنمەکەش بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە. هەمووی دەدەم.»
٢٤بەڵام داودی پاشا بە ئەرەونای گوت: «نەخێر، بەڵکو بە نرخی تەواوی خۆی دەیکڕم، چونکە ئەوەی هی تۆیە نایبەم بۆ یەزدان، قوربانی سووتاندنی بەخۆڕایی سەر ناخەم.»
٢٥لەبەر ئەوە داود بەرامبەر بە شوێنەکە شەش سەد شاقل زێڕی دایە ئەرەونا.
٢٦داود لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان بنیاد نا و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی سەرخست. لە یەزدان پاڕایەوە، ئەویش بە ئاگر لە ئاسمانەوە بۆ سەر قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن وەڵامی دایەوە.
٢٧پاشان یەزدان فەرمانی بە فریشتەکە کرد و ئەویش شمشێرەکەی گەڕاندەوە ناو کێلانەکەی.
٢٨لەو کاتەدا کە داود بینی یەزدان لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی وەڵامی دایەوە، لەوێدا قوربانی سەربڕی.
٢٩لەو کاتەدا چادرەکەی پەرستنی یەزدان کە موسا لە چۆڵەوانیدا دروستی کردبوو، لەگەڵ قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن، لەسەر بەرزاییەکەی گبعۆن بوون.
٣٠بەڵام داود نەیتوانی بچێتە بەردەمی هەتا پرسیار لە خودا بکات، چونکە لە شمشێرەکەی فریشتەی یەزدان دەترسا.