١پاشان داودی پاشا بە هەموو کۆمەڵەکەی گوت: «سلێمانی کوڕم، ئەوەی کە خودا هەڵیبژاردووە، گەنجێکی پێنەگەیشتووە. کارەکەش گەورەیە، چونکە پەرستگاکە بۆ مرۆڤ نییە، بەڵکو بۆ یەزدانی پەروەردگارە.
٢منیش بە هەموو توانامەوە ئەمانەم بۆ پەرستگای خودام ئامادە کردووە، زێڕ بۆ زێڕنگەری، زیو بۆ زیوگەری، بڕۆنز بۆ بڕۆنزگەری، ئاسن بۆ ئاسنگەری، تەختە بۆ دارتاشی، بڕێکی زۆر لە بەردی عاشقبەند و بەردە پیرۆزە و چەندین جۆرە بەردی ڕەنگاوڕەنگ، هەروەها هەموو جۆرە بەردێکی باش و مەڕمەڕی سپی.
٣لەسەر هەموو ئەوەی بۆ پەرستگا پیرۆزەکە ئامادەم کردووە، لەبەر خۆشحاڵیم بە پەرستگای خوداکەم، ئێستا گەنجینەیەکی تایبەتی خۆشم لە زێڕ و زیو دەبەخشم:
٤سێ هەزار تالنت زێڕ لە زێڕی ئۆفیر و حەوت هەزار تالنت زیوی پوختەکراو بۆ ڕووکەشکردنی دیواری تەلارەکان و
٥هەر کارێک کە بە زێڕ و زیو دەکرێت، هەموو کارێکی دەستی وەستا پیشەوەرەکانیش. ئێستا کێ خوازیارە خۆی بۆ یەزدان تەرخان بکات؟»
٦ئینجا گەورەی بنەماڵە و سەرۆک هۆزەکانی ئیسرائیل و فەرماندەی هەزاران و سەدان، لێپرسراوانی کارەکانی پاشاش هەموویان بە خواستی خۆیان پیتاکیان بەخشی.
٧بۆ کاری بیناسازی پەرستگای خودا پێنج هەزار تالنت زێڕ و دە هەزار درهەمی زێڕ، دە هەزار تالنت زیو، هەژدە هەزار تالنت بڕۆنز و سەد هەزار تالنت ئاسنیان بەخشی.
٨ئەوەی بەردی گرانبەهای هەبوو دایە گەنجینەی پەرستگای یەزدان کە یەحیێلی گێرشۆنی بەرپرسی بوو.
٩گەل بە بەخشندەیی ڕابەرەکانیان دڵخۆش بوون، چونکە بە هەموو دڵیانەوە پیتاکەکانیان بە یەزدان بەخشی، داودی پاشاش زۆر دڵخۆش بوو.
١٠داود لەبەردەم هەموو کۆمەڵەکە ستایشی یەزدانی کرد و گوتی: «ستایش بۆ تۆ ئەی یەزدان، خودای ئیسرائیل، باوکمانی لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە.
١١ئەی یەزدان، بۆ تۆیە گەورەیی و توانا، مەزنی و پایەبەرزی و شکۆ، چونکە هەموو ئەوەی لە ئاسمان و لە زەویدایە هی تۆیە. ئەی یەزدان، پاشایەتی هی تۆیە و تۆ هەرەبەرزیت و لە هەمووان پایەبەرزتری.
١٢دەوڵەمەندی و ڕێز لەلای تۆوە دێن، تۆ فەرمانڕەوای هەمووانیت. هێز و توانا لە دەستی تۆدان تاکو هەمووان بەهێز و ورەبەرز بکەیت.
١٣ئێستاش ئەی خودای ئێمە، سوپاست دەکەین و ستایشی ناوە شکۆدارەکەت دەکەین.
١٤«بەڵام من کێم و گەلەکەم کێیە هەتا بتوانین بەم دڵفراوانییەوە ببەخشین؟ هەموو شتێک لە تۆوە دێت، لەوەی کە هی تۆیە بە تۆمان بەخشییەوە.
١٥ئێمە لەبەرچاوی تۆدا نامۆین و وەک هەموو باوباپیرانمان ئاوارەین. ڕۆژانمان لەسەر زەوی وەک سێبەرن و ئومێدیش نییە.
١٦ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، هەموو ئەم سامانەی کە ئامادەمان کردووە بۆ ئەوەی پەرستگایەک بۆ ناوی پیرۆزت بنیاد بنێین، هەمووی لە تۆوە هاتووە و هەموو شتێکیش هی تۆیە.
١٧خودایە من دەزانم کە تۆ دڵەکان تاقی دەکەیتەوە و بە دڵی پاک دڵخۆش دەبیت. من بە خواستی خۆم و بە ڕاستگۆییەوە هەموو ئەم شتانەم بەخشیوە. ئێستاش دڵخۆش بووم کە گەلەکەی تۆم لێرە بینی چۆن بە خواستی دڵی خۆیان پیتاکیان پێ بەخشیت.
١٨ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و ئیسرائیلی باوباپیرانمان، ئەم بیرکردنەوەیە بۆ هەتاهەتایە لە دڵی گەلەکەتدا بپارێزە و دڵیان بەلای خۆتدا ڕابکێشە.
١٩هەروەها وا بکە سلێمانی کوڕم پڕ بە دڵ فەرمان و یاسا و فەرزەکانت بەجێبهێنێت، هەموویان پەیڕەو بکات و ئەو پەرستگایە بنیاد بنێت کە ئامادەکاریم بۆی کردووە.»
٢٠پاشان داود بە هەموو کۆمەڵەکەی گوت: «تکایە ستایشی یەزدانی پەروەردگارتان بکەن.» ئینجا هەموو کۆمەڵەکە ستایشی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆیان کرد و بە چۆکدا هاتن و کڕنۆشیان بۆ یەزدان و پاشا برد.
٢١پاشان لە ڕۆژی دواتر قوربانییان بۆ یەزدان سەربڕی و قوربانی سووتاندنیان بۆ یەزدان سەرخست، هەزار گا و هەزار بەران و هەزار بەرخی نێر لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکانیان و قوربانی سەربڕاوی زۆر بۆ هەموو ئیسرائیل.
٢٢جا لەو ڕۆژەدا بە ئەوپەڕی خۆشییەوە لەبەردەم یەزدان خواردیان و خواردیانەوە. پاشان دووبارە سلێمانی کوڕی داودیان وەک پاشا ڕاگەیاند و وەک فەرمانڕەوایەک لەلایەن یەزدانەوە دەستنیشان کرا، سادۆقیش وەک کاهین دانرایەوە.
٢٣ئیتر سلێمان وەک پاشا لەسەر کورسی یەزدان دانیشت، لە جێی داودی باوکی. سەرکەوتوو بوو و هەموو ئیسرائیلیش گوێڕایەڵی بوون.
٢٤هەروەها هەموو سەرکردە و پاڵەوان و سەرجەم کوڕەکانی داودی پاشا سوێندیان خوارد ملکەچی سلێمانی پاشا بن.
٢٥یەزدانیش سلێمانی لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل زۆر مەزن کرد، شکۆیەکی شاهانەی وای پێدا کە پێش خۆی لە ئیسرائیل نەدرابووە هیچ پاشایەکی دیکە.
٢٦داودی کوڕی یەسا پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد،
٢٧ئەو ماوەیەش کە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد چل ساڵ بوو، حەوت ساڵ لە حەبرۆن و سی و سێ ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد.
٢٨لە تەمەنێکی باشی پیریدا مرد و لە ژیان و دەوڵەمەندی و ڕێز، تێری خواردبوو. پاشان سلێمانی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
٢٩ڕووداوەکانی پاشایەتی داود لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە پەڕتووکی تۆمارەکانی ساموئێلی پێشبینیکەر و لە تۆمارەکانی ناتانی پێغەمبەر نووسراون، هەروەها لە تۆمارەکانی گادی پێشبینیکەر،
٣٠لەگەڵ هەموو وردەکارییەکانی پاڵەوانیێتی و پاشایەتییەکەی و هەموو ئەو ڕۆژگارانەشی کە بەسەر خۆی و بەسەر ئیسرائیل و هەموو پاشایەتییەکانی خاکەکاندا تێپەڕین.