کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەکەم کۆرنسۆس

یەکەم کۆرنسۆس ١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١لە پۆڵس، ‏بانگکراو لەسەر خواستی خودا، تاکو ببێت بە نێردراوی عیسای مەسیح، هەروەها لە سۆستانیسی برامانەوە،

٢بۆ کڵێسای خودا لە شاری کۆرنسۆس، ئەوانەی بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیح پیرۆزکراون و بانگکراون بۆ پیرۆزبوون، لەگەڵ ئەوانەی لە هەموو شوێنێکدا بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە نزا دەکەن، کە گەورەی ئێمە و ئەوانیشە:

٣با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.

٤بەهۆی ئێوەوە هەمیشە سوپاسی خودام دەکەم، بۆ ئەو نیعمەتەی خودا کە بەهۆی عیسای مەسیحەوە پێتان دراوە.

٥بە یەکبوون لەگەڵ ئەودا لە هەموو بوارێکەوە دەوڵەمەند بوون، لە هەموو وتە و زانینێک.

٦خودا بەو شێوەیە شایەتی ئێمە بۆ مەسیح لە ئێوەدا دەچەسپێنێت.

٧بۆیە لە هیچ بەهرەیەک کەموکوڕیتان نییە، لە کاتێکدا بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی دەرکەوتنی عیسای مەسیحی پەروەردگارمانن.

٨ئەو هەتا کۆتایی دەتانچەسپێنێت، تاکو لە ڕۆژی عیسای مەسیحی پەروەردگارماندا بێ گلەیی بن.

٩خودا بەوەفایە، ئەوەی بانگی کردن بۆ پێکەوە ژیان لەگەڵ کوڕەکەی، عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان.

١٠ئەی خوشکان و برایان، بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان لێتان دەپاڕێمەوە کە هەمووتان یەک هەڵوێست بن، دووبەرەکی لەنێوانتاندا نەبێت، بەڵکو هەمووتان یەک بیر و ڕاتان هەبێت.

١١خوشک و برایانم، ماڵی خلۆیی هەواڵیان دامێ کە ناکۆکی لەنێوانتاندا هەیە.

١٢مەبەستم ئەمەیە: یەکێکتان دەڵێت: «من هی پۆڵسم»، یەکێکی دیکە: «من هی ئەپۆلۆسم»، یان «من هی پەترۆسم»، یان «من هی مەسیحم.»

١٣ئایا مەسیح بەشکراوە؟ یان پۆڵس لە پێناوتاندا لە خاچ دراوە؟ یان بە ناوی پۆڵس لە ئاو هەڵکێشران؟

١٤سوپاس بۆ خودا کەستانم لە ئاو هەڵنەکێشا، کریسپۆس و گایۆس نەبێت،

١٥نەوەک یەکێک بڵێت بە ناوی منەوە لە ئاو هەڵکێشراوە.

١٦هەروەها ستیفاناس و خاووخێزانەکەیم لە ئاو هەڵکێشاوە، جگە لەمانە نازانم کەسی دیکەم لە ئاو هەڵکێشابێت،

١٧چونکە مەسیح نەیناردووم بۆ لەئاوهەڵکێشان، بەڵکو بۆ مزگێنیدان، ئەمەش نەک بە دانایی و قسەی زیرەکانە، نەوەک هێزی خاچی مەسیح پووچەڵ بێتەوە.

١٨پەیامی خاچ بۆ لەناوچووان گێلایەتییە، بەڵام بۆ ئێمەی ڕزگاربووان هێزی خودایە.

١٩لەبەر ئەوەی نووسراوە: ﴿دانایی داناکان لەناودەبەم، تێگەیشتنی تێگەیشتووان بەلاوە دەنێم.﴾

٢٠کوا دانا؟ کوا مامۆستای تەورات؟ کوا کەسی بە دەموزاری ئەم دنیایە؟ ئایا خودا دانایی ئەم جیهانەی نەکردووەتە گێلایەتی؟

٢١خودا بە دانایی خۆی، مەبەستی بوو کە خەڵک بیناسێت، نەک لە ڕێگەی دانایی جیهانەوە، بەڵکو خودا ویستی لە ڕێگەی مزگێنییەوە باوەڕداران ڕزگار بکات، ئەو مزگێنییەی خەڵکانێک بە گێلایەتی دەزانن.

٢٢جولەکە داوای نیشانە دەکەن و یۆنانی هەوڵی دانایی دەدەن،

٢٣بەڵام ئێمە مەسیحی لەخاچدراو جاڕدەدەین، بۆ جولەکە کۆسپە و بۆ نەتەوەکان گێلایەتییە،

٢٤بەڵام بۆ بانگکراوان، جولەکە و ناجولەکە، مەسیح هێز و دانایی خودایە،

٢٥چونکە گێلایەتیی خودا لە دانایی مرۆڤ داناترە و لاوازیی خودا لە بەهێزیی مرۆڤ بەهێزترە.

٢٦ئەی خوشک و برایان، بیربکەنەوە چۆن بوون کاتێک خودا بانگی کردن. بەپێی پێوانە مرۆییەکان کەمتان دانا بوون، هەروەها کەم کەستان توانادار و لە بنەماڵەی ناودار بوون.

٢٧بەڵام خودا ئەوانەی هەڵبژارد کە بەلای جیهانەوە گێلن، تاکو داناکان شەرمەزار بن، لاوازەکانی هەڵبژارد تاکو بەهێزەکان شەرمەزار بن.

٢٨خودا پایەنزمەکانی جیهان و ڕق لێبووەوە و ئەوانەی هەڵبژارد کە هیچ نەبوون، تاکو ئەوانە لەناوببات کە خۆیان بە شت دەزانن،

٢٩بۆ ئەوەی هیچ مرۆڤێک لەبەردەم خودا شانازی نەکات.

٣٠بەڵام ئێوە بەهۆی خوداوە لەگەڵ عیسای مەسیحدا بوونە یەک، کە خودا بۆ ئێمەی کرد بە دانایی و ڕاستودروستی و پیرۆزکردن و کڕینەوە،

٣١تاکو وەک ئەوەی نووسراوە: ﴿ئەوەی شانازی دەکات، با شانازی بە یەزدانەوە بکات.﴾

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.