١ئەگەر بە زمانەکانی خەڵک و فریشتە بدوێم، بەڵام خۆشەویستیم نەبێت، ئەوا بوومەتە دەهۆڵی بە گرمەگرم و زوڕنای بە زیڕەزیڕ.
٢ئەگەر پەیامی خودا ڕابگەیەنم و هەموو نهێنی و زانیارییەک بزانم و باوەڕێکی تەواویشم هەبێت بۆ هەڵکەندنی چیا، بەڵام خۆشەویستیم نەبێت، ئەوا هیچ نیم.
٣ئەگەر هەموو سامانم بدەمە هەژاران و هەتا سووتان لەشم دابنێم، بەڵام خۆشەویستیم نەبێت، ئەوا هیچ سوودێکم نابێت.
٤خۆشەویستی پشوودرێژییە، خۆشەویستی نیانییە. خۆشەویستی ئیرەیی نییە، شانازی نییە، لووتبەرزی نییە.
٥بەدڕەوشتی نییە، بۆ خۆی داوا ناکات، زوو تووڕە نابێت و خراپەکان تۆمار ناکات.
٦بە خراپە دڵخۆش نابێت، بەڵکو بە ڕاستی دڵشاد دەبێت.
٧خۆشەویستی بەرگەی هەموو شتێک دەگرێت، باوەڕ بە هەموو شتێک دەکات، هیوا بە هەموو شتێک دەخوازێت، بۆ هەموو شتێک ئارام دەگرێت.
٨خۆشەویستی هەرگیز نافەوتێت، بەڵام ڕاگەیاندنی پەیامی خودا دەوەستێت، قسەکردن بە زمانە ڕۆحییەکانیش کۆتایی پێدێت، زانیاریش نامێنێت،
٩چونکە زانیاریمان سنووردارە، هەروەها توانای ئێمە بۆ ڕاگەیاندنی پەیامی خودا سنووردارە،
١٠بەڵام کاتێک تەواوەکە دێت، سنووردارییەکە نامێنێت.
١١کە منداڵ بووم، وەک منداڵێک قسەم دەکرد، وەک منداڵێک بیرم دەکردەوە، وەک منداڵێک لێکدانەوەم دەکرد. کە بوومە پیاو، ئەوەی هی منداڵ بوو وازم لێ هێنا.
١٢جا ئێستا لە تەمدا تەماشای ئاوێنە دەکەین، بەڵام دوایی ڕووبەڕووە. ئێستا هەندێک دەزانم، بەڵام دواتر بە تەواوی دەزانم، هەروەک چۆن تەواو ناسراوم.
١٣ئێستا ئەم سێیانە دەمێننەوە: باوەڕ و هیوا و خۆشەویستی، بەڵام گەورەترینیان خۆشەویستییە.