١بەڵام لەبارەی کۆمەک بۆ گەلی پیرۆزی خودا، چۆن کڵێساکانی گەلاتیام ڕاسپاردووە، ئێوەش ئاوا بکەن.
٢لە سەرەتای هەر هەفتەیەک با هەریەکەتان چەندی لە توانادایە بیخاتە لایەک، تاکو کۆمەکەکە ئەو کاتە نەبێت کە دەگەمە لاتان.
٣کاتێک گەیشتمە لاتان، جا ئەوانەی پەسەندکراون بە نامەوە دەیاننێرم تاکو دیارییەکانتان بگەیەننە ئۆرشەلیم.
٤ئەگەر بە باشم زانی کە منیش بچم، ئەوا لەگەڵ من دەچن.
٥کاتێک لە مەکدۆنیا تێپەڕیم دێمە لاتان، چونکە بە مەکدۆنیادا تێدەپەڕم.
٦لەوانەیە ماوەیەک لەلاتان بم، یاخود هەموو زستان، تاکو ڕێگای گەشتم بۆ ئاسان بکەن بۆ هەر شوێنێک کە بۆی دەچم،
٧چونکە ئەم جارە نامەوێت تەنها بە سەرپێیی بتانبینم، بەڵکو هیوادارم ئەگەر عیسای خاوەن شکۆ خواستی لەسەر بێت ماوەیەک لەلاتان بمێنمەوە.
٨بەڵام هەتا ڕۆژی پەنجایەمین لە ئەفەسۆس دەمێنمەوە،
٩چونکە دەرگایەکی پان و بەرینم لێ کراوەتەوە بۆ خزمەتێکی کاریگەر، هەرچەندە دوژمنێکی زۆریشم هەیە.
١٠ئەگەر تیمۆساوس هات، ئاگاداربن با لەلاتان بەبێ ترس بێت، چونکە کاری یەزدان دەکات، وەک منیش دەیکەم.
١١با کەس بە سووکی سەیری نەکات، بەڵکو بە ئاشتی بینێرنەوە لام، چونکە من و برایان چاوەڕێی دەکەین.
١٢هەروەها سەبارەت بە ئەپۆلۆسی برامان، زۆر پاڕامەوە کە لەگەڵ برایان بێتە لاتان، ئەو هەرگیز نەیویست ئێستا بێتە لاتان، بەڵام کە بۆی ڕێککەوت، دێت.
١٣ئێشک بگرن، لە باوەڕ بچەسپێن، ئازا و بەهێز بن.
١٤هەرچییەک دەکەن لە خۆشەویستییەوە بیکەن.
١٥ئێوە دەزانن ماڵی ستیفاناس لە ئەخایا پێشەبەرە بوون و خۆیان بۆ خزمەتکردنی گەلی پیرۆزی خودا تەرخان کردبوو. خوشکان و برایان، لێتان دەپاڕێمەوە،
١٦کە ئێوەش ملکەچی وەک ئەوانە بن، هەموو ئەوانەی لەگەڵیان ئیش دەکەن و ماندوو دەبن.
١٧بە هاتنی ستیفاناس و فەرتوناتۆس و ئەخایکۆس دڵشاد بووم، چونکە شوێنی ئێوەیان گرتەوە.
١٨هەروەها چونکە ئەوان ڕۆحی من و ئێوەیان گەشاندەوە. بۆیە ئەو جۆرە کەسانە بناسن.
١٩کڵێساکانی ئاسیا سڵاوتان لێدەکەن. ئەکیلا و پریسکیلا، لەگەڵ ئەو کڵێسایەی لە ماڵەکەیانن بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە بە گەرمی سڵاوتان لێدەکەن.
٢٠هەموو خوشک و برایان سڵاوتان لێدەکەن. بە ماچی پیرۆز سڵاو لە یەکتری بکەن.
٢١من پۆڵسم، ئەم سڵاوە دەستخەتی خۆمە.
٢٢بەڵێ ئەو کەسەی عیسای خاوەن شکۆی خۆشناوێت با نەفرەتی لێ بێت! ئەی پەروەردگار، وەرە!
٢٣نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆتان لەگەڵ بێت.
٢٤خۆشەویستیی من لەگەڵ هەمووتان بێت کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکن. ئامین.