١سەبارەت بە قوربانیی بتەکان، دەزانین کە «هەموومان زانیاریمان هەیە.» زانیاری دەبێتە هۆی لووتبەرزی، بەڵام خۆشەویستی بنیاد دەنێت.
٢ئەگەر کەسێک پێی وابوو کە شتێک دەزانێت، ئەوا هێشتا بەو شێوەیە نایزانێت کە دەبێت بیزانێت.
٣بەڵام ئەگەر کەسێک خودای خۆشبوێ، ئەوا لەلای خودا ناسراوە.
٤جا سەبارەت بە خواردنی قوربانیی بتەکان، دەزانین کە بت لە جیهاندا هیچ نییە و تەنها یەک خودا هەیە.
٥ئەگەر هەندێک هەبن پێیان بگوترێت «خودا» لە ئاسمان بێت یان لەسەر زەوی، هەروەک زۆر «خوداوەند» و زۆر «گەورە» هەیە،
٦بەڵام بۆ ئێمە تەنها یەک خودا هەیە، ئەویش ئەو باوکەیە کە هەموو شتێک لەوەوەیە و ئێمەش بۆ ئەو دەژین، هەروەها تەنها یەک گەورەش هەیە، عیسای مەسیحە، هەموو شتێک بەهۆی ئەوەوەیە و ئێمەش بەهۆی ئەوەوە دەژین.
٧بەڵام هەموو خەڵک ئەمە نازانن، چونکە هەندێکیان هەتا ئێستا خوویان بە بت گرتووە و ئەوەی دەیخۆن وەک بڵێی قوربانی بتە، ویژدانیان گڵاو دەبێت، چونکە لاوازە.
٨بەڵام خواردن لە خودا نزیکمان ناکاتەوە، ئەگەر نەیخۆین کەم ناکەین و ئەگەر خواردیشمان زیاد ناکەین.
٩بەڵام وریابن سەربەستیتان نەبێتە کۆسپ بۆ لاوازەکان.
١٠ئەی خاوەن زانیاری، ئەگەر یەکێک تۆی بینی لە پەرستگای بت دەخۆیت، ئایا ویژدانەکەی کە لاوازە هاننادرێت تاکو لە قوربانی بتەکان بخوات؟
١١جا بەهۆی زانیاریتەوە، ئەو خوشک یان برا لاوازەت لەناودەچێت، کە مەسیح لە پێناویدا مرد.
١٢ئاواش گوناه لە دژیان دەکەن و ویژدانی لاوازیان بریندار دەکەن، گوناه لە دژی مەسیح دەکەن.
١٣لەبەر ئەوە، ئەگەر خۆراک ببێتە هۆکاری کەوتنی خوشک و براکەم، ئەوا هەرگیز گۆشت ناخۆم تاکو نەبم بە کۆسپ بۆیان.