١ڕۆڵە خۆشەویستەکانم، ئەمانەتان بۆ دەنووسم تاکو گوناه نەکەن. بەڵام ئەگەر یەکێک گوناهی کرد، ئەوا لەلای باوک داکۆکیکارمان هەیە کە عیسای مەسیحی ڕاستودروستە.
٢ئەو کەفارەتی گوناهەکانمانە، نەک تەنها هی ئێمە، بەڵکو گوناهەکانی هەموو جیهان.
٣بەمەدا دەزانین کە ئەومان ناسیوە، ئەگەر کار بە ڕاسپاردەکانی بکەین.
٤ئەوەی دەڵێت: «ناسیومە» بەڵام ڕاسپاردەکانی بەجێناگەیەنێت، ئەوا درۆزنە و ڕاستی لەودا نییە.
٥بەڵام ئەوەی گوێڕایەڵی پەیامی خودا بێت، ئەوا بە ڕاستی خۆشەویستی خودا لەو کەسەدا تەواوە. بەمەدا دەزانین کە ئێمە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح دەژین:
٦هەرکەسێک بڵێت: «من بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح دەژیم»، ئەوا دەبێت بەو شێوەیە بژیێت کە عیسا ژیاوە.
٧خۆشەویستان، ڕاسپاردەیەکی نوێتان بۆ نانووسم، بەڵکو ڕاسپاردەیەکی کۆن کە هەر لە سەرەتاوە هەتانبوو. ڕاسپاردە کۆنەکە ئەو پەیامەیە کە لە سەرەتادا گوێتان لێی بوو.
٨لەگەڵ ئەوەشدا ڕاسپاردەیەکی نوێتان بۆ دەنووسم، ئەو ڕاستییەی کە لە مەسیح و ئێوەدا هەیە، چونکە تاریکی بەسەردەچێت، وا ڕووناکییە ڕاستەقینەکە پڕشنگ دەداتەوە.
٩ئەوەی دەڵێت: «من لە ڕووناکیدام» و ڕقی لە خوشکی یان لە براکەی دەبێتەوە، ئەوا هەتا ئێستا لە تاریکیدایە.
١٠هەرکەسێک خوشکی یان براکەی خۆشبوێ، ئەوا لە ڕووناکیدا دەژیێت و هیچ شتێکی تێدا نییە کە تووشی گوناهیان بکات.
١١بەڵام ئەوەی ڕقی لە خوشک یان برای خۆی ببێتەوە، لە تاریکیدایە و بە تاریکیدا دەڕوات، نازانێت بۆ کوێ مل دەنێت، چونکە تاریکی چاوی کوێر کردووە.
١٢ئەی ڕۆڵە خۆشەویستەکان، بۆ ئێوە دەنووسم، چونکە لەبەر ناوی ئەو گوناهەکانتان بەخشرا.
١٣ئەی باوکان، بۆ ئێوە دەنووسم، چونکە ئەوە دەناسن کە لە سەرەتاوەیە. ئەی لاوان، بۆ ئێوە دەنووسم، چونکە بەسەر شەیتاندا زاڵ بوون.
١٤ئەی ڕۆڵە خۆشەویستەکان، بۆ ئێوەم نووسی، چونکە خودای باوک دەناسن. ئەی باوکان، بۆ ئێوەم نووسی، چونکە ئەوە دەناسن کە لە سەرەتاوەیە. ئەی لاوان، بۆ ئێوەم نووسی، چونکە بەهێزن، پەیامی خوداتان تێدا چەسپاوە و بەسەر شەیتاندا زاڵ بوون.
١٥نە جیهانتان خۆشبوێت، نە ئەو شتانەی لە جیهاندایە. ئەگەر یەکێک جیهانی خۆشبوێ، ئەوا خۆشەویستی باوکی تێدا نییە.
١٦لەبەر ئەوەی هەموو ئەو شتانەی لە جیهاندایە، ئارەزووی جەستە و ئارەزووی چاو و سەڵتەنەتی ژیانە، ئەمانەش لە باوکەوە نین، بەڵکو لە جیهانەوەن.
١٧جیهان و ئارەزووەکانی بەسەردەچن، بەڵام ئەوەی خواستی خودا جێبەجێ دەکات بۆ هەتاهەتایە دەژیێت.
١٨ڕۆڵەکان ئەمە دوا کاتژمێرە. وەک بیستووتانە دژە مەسیح دێت، ئێستاش زۆر دژە مەسیح هاتوون، بەمەدا دەزانین دوا کاتژمێرە.
١٩ئەوان لێمان جیا بوونەوە، بەڵام بەڕاستی سەر بە ئێمە نەبوون، چونکە ئەگەر سەر بە ئێمە بوونایە، لەگەڵمان دەمانەوە، بەڵام چوون بۆ ئەوەی دەریبخەن کە کەسیان سەر بە ئێمە نین.
٢٠بەڵام مەسیحی پیرۆز بە ڕۆحی خۆی دەستنیشانی کردن و هەمووتان ڕاستی دەزانن.
٢١من ئەمەتان بۆ نانووسم لەبەر ئەوەی کە ڕاستی نازانن، بەڵکو لەبەر ئەوەی ڕاستی دەزانن و دەشزانن کە هیچ درۆیەک لە ڕاستییەکەوە نایەت.
٢٢کێ درۆزنە؟ ئەوەی نکۆڵی بکات کە عیسا مەسیحەکەیە. ئەوە دژە مەسیحە کە نکۆڵی لە باوک و کوڕەکە دەکات.
٢٣هەرکەسێک نکۆڵی لە کوڕەکە بکات باوکی نابێت، ئەوەش دان بە کوڕەکەدا بنێت باوکی دەبێت.
٢٤پەیوەست بن بەوەی لە سەرەتادا بیستتان. ئەگەر بەمەوە پەیوەست بن، ئەوا بە کوڕەکە و باوکەوە پەیوەست دەبن.
٢٥ئەمەیە ئەو بەڵێنەی ئەو پێیداوین، ژیانی هەتاهەتایی.
٢٦ئەمانەم بۆ ئێوە نووسی لەبارەی ئەوانەی هەوڵ دەدەن چەواشەتان بکەن.
٢٧بەڵام ئێوە ئەو دەستنیشانکردنەی کە لە مەسیحتان وەرگرتووە بە ئێوەوە پەیوەست بووە، لەبەر ئەوە پێویستتان بە مرۆڤ نییە فێرتان بکات، بەڵکو ڕۆحی پیرۆز هەموو شتێکتان فێردەکات. ئەم دەستنیشانکردنە ڕاستە و درۆ نییە، بۆیە پەیوەست بن بە مەسیحەوە وەک ڕۆحی پیرۆز فێری کردوون.
٢٨ئێستا ڕۆڵە خۆشەویستەکان، بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح پەیوەست بن تاکو کاتێک ئەو دەردەکەوێت متمانەمان هەبێت و لە هاتنەوەکەی شەرمی لێ نەکەین.
٢٩ئەگەر بزانن ئەو ڕاستودروستە، دەزانن کە هەرکەسێک ڕاستودروستی پەیڕەو بکات لە ئەوەوە لەدایک بووە.