کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەکەم یۆحەنا

یەکەم یۆحەنا ٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١خۆشەویستان، بڕوا بە هەموو ڕۆحێک مەکەن، بەڵکو ڕۆحەکان تاقی بکەنەوە، بزانن ئایا لە خوداوەیە؟ چونکە زۆر پێغەمبەری درۆزن بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە.

٢ڕۆحی خودا بەمە دەناسنەوە: هەر ڕۆحێک دان بەوەدا بنێت کە عیسای مەسیح لە جەستەدا هاتووە، ئەوا ئەو ڕۆحە لە خوداوەیە،

٣بەڵام هەر ڕۆحێکیش دان بە عیسادا نەنێت، ئەوا ئەو ڕۆحە لە خوداوە نییە. ئەو ڕۆحە دژە مەسیحە کە بیستووتانە دێت و ئێستا وا لە جیهاندایە.

٤ڕۆڵە خۆشەویستەکان، ئێوە لە خوداوەن و بەسەر ئەو پێغەمبەرە درۆزنانەدا زاڵ بوون، چونکە ڕۆحی خودا ئەوەی لە ئێوەدایە گەورەترە لە ڕۆحی شەیتان ئەوەی لە جیهاندایە.

٥ئەوان سەر بە جیهانن، هەر بۆیە ئەوەی دەیڵێن لە جیهانەوەیە و جیهان گوێیان لێ دەگرێت.

٦ئێمە لە خوداوەین و ئەوەی خودا بناسێت گوێمان لێ دەگرێت، بەڵام ئەوەی لە خوداوە نەبێت گوێمان لێ ناگرێت. بەم شێوەیە ڕۆحی ڕاستی و ڕۆحی چەواشە دەناسینەوە.

٧خۆشەویستان، با یەکتریمان خۆشبوێ، چونکە خۆشەویستی لە خوداوەیە و ئەوەی کەسانی دیکەی خۆشدەوێت لە خوداوە لەدایک بووە و خودا دەناسێت.

٨ئەوەی کەسانی دیکەی خۆشنەوێت خودای نەناسیوە، چونکە خودا خۆشەویستییە.

٩بەم شێوەیە خۆشەویستی خودا لەنێوانماندا دەرکەوت: خودا کوڕە تاقانەکەی خۆی ناردە جیهان تاکو بەهۆیەوە بژین.

١٠خۆشەویستی لەمەدایە: نەک ئێمە خودامان خۆشویست، بەڵکو ئەو خۆشیویستین و کوڕەکەی بۆ کەفارەتی گوناهەکانمان نارد.

١١خۆشەویستان، ئەگەر خودا بەم شێوەیە خۆشیویستین، پێویستە لەسەرمان یەکتریمان خۆشبوێ.

١٢هەرگیز کەس خودای نەبینیوە. ئەگەر یەکتریمان خۆشبوێ، ئەوا بە یەکگرتوویی لەگەڵ خودا دەژین و خۆشەویستییەکەی لە ناخماندا تەواوە.

١٣بەمەدا دەزانین کە ئێمە بە یەکبوون لەگەڵ خودا دەژین و خوداش بە یەکبوون لەگەڵ ئێمە دەژیێت: ئەو لە ڕۆحی خۆی پێداوین.

١٤ئێمەش بینیمان و شایەتی دەدەین کە باوک کوڕی خۆی ناردووە بۆ ئەوەی ببێتە ڕزگارکەری جیهان.

١٥هەرکەسێک دانی پێدا بنێت کە عیسا کوڕی خودایە، ئەوا خودا بە یەکگرتوویی لەگەڵ ئەو کەسەدا دەژیێت، ئەویش بە یەکگرتوویی لەگەڵ خودا دەژیێت.

١٦ئێمەش ئەو خۆشەویستییەی خودا کە بۆ ئێمەیە ناسیمان و باوەڕمان پێکرد. خودا خۆشەویستییە. ئەوەی لە خۆشەویستیدا دەژیێت، ئەوا بە یەکگرتوویی لەگەڵ خودا دەژیێت، خوداش بە هەمان شێوە لەگەڵ ئەودا دەژیێت.

١٧بەم شێوەیە خۆشەویستی لە نێوماندا گەیشتووەتە تەواوەتی تاکو لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا دڵنیا بین، چونکە ئێمەش لەم جیهانەدا وەک عیسا دەبین.

١٨خۆشەویستی ترسی تێدا نییە، بەڵکو خۆشەویستی تەواو ترس دەردەکاتە دەرەوە، چونکە ترس لە سزاوە دێت. ئەوەی بترسێت لە خۆشەویستیدا تەواو نەبووە.

١٩خۆشماندەوێت، چونکە یەکەم جار ئەو خۆشیویستووین.

٢٠ئەگەر یەکێک گوتی: «خودام خۆشدەوێت» و ڕقی لە خوشکی یان براکەی بێتەوە، ئەوە درۆزنە، چونکە ئەوەی خوشک و برای خۆی خۆشنەوێت کە بینیویەتی، ناتوانێت خودای خۆشبوێ کە نەیبینیوە.

٢١لە ئەوەوە ئەم ڕاسپاردەیەمان دراوەتێ: ئەوەی خودای خۆشبوێ، با خوشکەکە و براکەشی خۆشبوێ.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.