١پیاوێک هەبوو لە ڕاماتەیمی چوفییەکان لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم، ناوی ئەلقانەی کوڕی یەرۆحامی کوڕی ئەلیهوی کوڕی تۆحوی کوڕی چوفی ئەفرایمی بوو.
٢دوو ژنی هەبوو، یەکێکیان ناوی حەنا و ئەوی دیکەیان ناوی پەنینا بوو، پەنینا منداڵی هەبوو، بەڵام حەنا منداڵی نەبوو.
٣ئەم پیاوە هەموو ساڵێک لە شارۆچکەکەیەوە دەچوو بۆ کڕنۆشبردن و سەربڕینی قوربانی بۆ یەزدانی سوپاسالار لە شیلۆ و لەوێ دوو کوڕەکەی عێلی کاهینی یەزدان بوون، کە یەکێکیان ناوی حۆفنی و ئەوی دیکەیان ناوی فینەحاس بوو.
٤جا کە ڕۆژی ئەوە هات ئەلقانە قوربانی سەرببڕێت و بەشی پەنینای ژنی و هەموو کوڕ و کچەکانی بدات،
٥بەڵام دوو بەشی دایە حەنا، چونکە حەنای خۆشدەویست هەرچەندە یەزدان منداڵدانی بەستبوو.
٦هەوێیەکەشی بەردەوام پەستی دەکرد بۆ ئەوەی بێزاری بکات، چونکە یەزدان وەجاخی کوێر کردبوو.
٧ساڵ لەدوای ساڵ هەر کاتێک حەنا دەچووە ماڵی یەزدان، هەوێیەکەی وای دەکرد و ئاوا پەستی دەکرد، بۆیە حەنا دەستی بە گریان کرد و نانی نەخوارد.
٨ئیتر ئەلقانەی مێردی پێی گوت: «حەنا، بۆچی دەگریت و نان ناخۆیت؟ بۆچی دڵگرانیت؟ ئایا من لە دە کوڕ چاکتر نیم بۆت؟»
٩لەدوای ئەوەی لە شیلۆ نانیان خوارد و خواردییانەوە، حەنا هەستا، عێلی کاهینیش لەسەر کورسییەک لەلای چوارچێوەی دەرگای چادری پەرستنی یەزدان دانیشتبوو.
١٠حەناش بە پەژارەوە نوێژی بۆ یەزدان کرد و دایە پڕمەی گریان.
١١حەنا نەزرێکی کرد و گوتی: «یەزدانی سوپاسالار، ئەگەر بەڕاستی تەماشای داماوی کارەکەرەکەت بکەیت و بە یادی خۆتم بهێنیتەوە، کارەکەرەکەت لەبیر نەکەیت و کوڕێکی پێبدەیت، ئەوا من ژیانی کوڕەکە بە یەزدان دەبەخشم و گوێزان بەسەر سەریدا نایەت.»
١٢ئەوە بوو کە لەبەردەم یەزدان زۆر نوێژی کرد و عێلیش سەیری دەمی دەکرد،
١٣حەناش لە دڵی خۆیدا دەیگوت و تەنها لێوەکانی دەجوڵانەوە و دەنگی نەدەبیسترا، عێلی وای زانی سەرخۆشە.
١٤جا پێی گوت: «هەتا کەی سەرخۆش دەبیت؟ شەرابەکەت لە خۆت دووربخەرەوە.»
١٥حەناش وەڵامی دایەوە و گوتی: «نەخێر گەورەم، من ژنێکی دڵتەنگم، شەراب و خواردنەوەی مەستیم نەخواردووەتەوە، بەڵکو دەردی دڵی خۆم لەبەردەم یەزدان هەڵدەڕێژم.
١٦کارەکەرەکەت بە کچێکی بەدکار مەزانە، لەبەر خەم و خەفەتی زۆرم، هەتا ئێستا قسەم دەکرد.»
١٧عێلیش وەڵامی دایەوە و گوتی: «بڕۆ بە سەلامەتی و با خودای ئیسرائیل ئەو داواکارییەت پێبدات کە لێت داوا کردووە.»
١٨حەناش گوتی: «با کەنیزەکەت لەبەرچاوانت پەسەند بێت.» ئینجا حەنا بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت و نانی خوارد و خەم لە ڕووی ڕەوییەوە.
١٩بەیانی زوو لە خەو هەستان و لەبەردەم یەزدان کڕنۆشیان برد و گەڕانەوە، هاتنەوە ماڵەکەی خۆیان لە ڕامە. ئیتر ئەلقانە لەگەڵ حەنای ژنی جووت بوو و یەزدانیش بە یادی خۆی هێنایەوە.
٢٠ئەوە بوو لەو ساڵەدا حەنا سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو و ناوی لێنا ساموئێل و گوتی: «داوام لە یەزدان کرد.»
٢١ئینجا ئەلقانە و سەرجەم ماڵەکەی چوون بۆ سەربڕینی قوربانی ساڵانە بۆ یەزدان و بەجێهێنانی نەزرەکەی.
٢٢بەڵام حەنا نەچوو و بە مێردەکەی گوت: «پاش ئەوەی کوڕەکە لە شیر دەبڕدرێتەوە، دەیبەم هەتا لەبەردەم یەزدان پێشکەش بکرێت و هەتاهەتایە لەوێ بمێنێتەوە.»
٢٣ئەلقانەی مێردیشی پێی گوت: «خۆت چی بە باش دەزانیت ئەوە بکە و بمێنەوە هەتا لە شیری دەبڕیتەوە، تەنها با یەزدان وشەی خۆی بچەسپێنێت.» جا حەنا مایەوە و شیری بە منداڵەکەی دا هەتا ئەو کاتەی لە شیری بڕییەوە.
٢٤پاش ئەوەی لە شیری بڕییەوە، لەگەڵ خۆی سەری خست لەگەڵ گایەکی سێ ساڵان و یەک ئێفە ئارد و مەشکەیەک شەراب و هێنای بۆ ماڵی یەزدان لە شیلۆ، کوڕەکەش هێشتا منداڵ بوو.
٢٥ئینجا گایەکەیان سەربڕی و کوڕەکەیان هێنایە لای عێلی،
٢٦حەنا گوتی: «گەورەم! منت لە یادە؟ دڵنیابە من ئەو ژنەم کە لێرە لەلای تۆ وەستام و نوێژم کرد بۆ یەزدان،
٢٧لە پێناوی ئەم منداڵە نوێژم کرد و یەزدانیش داواکارییەکەی پێدام کە لێم داوا کرد.
٢٨لەبەر ئەوە منیش دەیدەمەوە یەزدان، بۆ ئەوەی بە درێژایی ژیانی تەرخان بکرێت بۆ یەزدان.» ئیتر ساموئێل لەوێ مایەوە و یەزدانی پەرست.