١شاول تەمەنی سی ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشا، چل و دوو ساڵ وەک پاشا پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.
٢شاول سێ هەزار پیاوی لە ئیسرائیل بۆ خۆی هەڵبژارد، دوو هەزار لەگەڵ شاول بوون لە میخماس و ناوچە شاخاوییەکانی بێتئێل و هەزاریش لەگەڵ یۆناتان بوون لە گیڤعای بنیامین و پاشماوەی گەلەکەشی ناردەوە، هەریەکە و بۆ ماڵەکەی خۆی.
٣یۆناتان لە سەربازگەی فەلەستییەکانی دا ئەوەی لە گەڤەعە، فەلەستییەکان ئەمەیان بیستەوە و شاولیش لە هەموو زەوییەکەدا فووی بە کەڕەنادا کرد و گوتی: «با هەموو عیبرانییەکان گوێیان لێ بێت!»
٤جا هەموو ئیسرائیل بیستیان کە شاول لە سەربازگەی فەلەستییەکانی داوە و ئیسرائیلیش لای فەلەستییەکان قێزەون بووە، جا گەل بۆ لای شاول بانگ کران و لە گلگال کۆبوونەوە.
٥ئینجا فەلەستییەکان بۆ جەنگ لە دژی ئیسرائیل کۆبوونەوە، سێ هەزار گالیسکە و شەش هەزار گالیسکەسوار و سەربازەکانیش لە زۆریدا وەک لمی سەر کەناری دەریا بوون، جا سەرکەوتن و لە میخماس لە ڕۆژهەڵاتی بێتئاڤن چادریان هەڵدا.
٦کاتێک پیاوانی ئیسرائیل بینییان لە مەترسیدان لەبەر ئەوەی سوپاکەیان تەنگەتاو بووە، ئیتر خۆیان لەناو ئەشکەوت و دڕکوداڵەکان و لەنێو تاشەبەردەکان و لەناو چاڵ و ئەمباراوەکاندا شاردەوە،
٧تەنانەت هەندێک لە عیبرانییەکان لە ڕووباری ئوردونەوە بۆ خاکی گاد و گلعاد پەڕینەوە. شاولیش هێشتا لە گلگالدا بوو و هەموو سەربازەکان کە بەدوایەوە بوون ترسان.
٨ئینجا حەوت ڕۆژ مایەوە هەتا ئەو کاتەی ساموئێل دیاری کردبوو، بەڵام ساموئێل نەهات بۆ گلگال و سەربازەکان وازیان لە شاول دەهێنا و پەرتوبڵاو دەبوونەوە.
٩بۆیە شاول گوتی: «قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشیم بۆ بهێننە پێش.» جا شاول قوربانی سووتاندنەکانی پێشکەش کرد و
١٠ئەوە بوو کە لە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندنەکان بووەوە، ساموئێل هات، شاولیش بەرەو ڕووی چوو تاوەکو پێشوازی لێ بکات.
١١ساموئێلیش لێی پرسی: «ئەوە چیت کرد؟» شاولیش وەڵامی دایەوە: «لەبەر ئەوەی بینیم کە گەل لێم پەرتوبڵاو بوونەوە و تۆش لە ڕۆژانی دیاریکراودا نەهاتیت و فەلەستییەکانیش لە میخماسدا کۆببوونەوە،
١٢گوتم: ”ئێستا فەلەستییەکان بۆم دێنە خوارەوە بۆ گلگال، بەر لەوەی داوای ڕەزامەندی یەزدان بکەم.“ ئیتر زۆرم بۆ خۆم هێنا و قوربانییەکەی سووتاندنم پێشکەش کرد.»
١٣ساموئێلیش بە شاولی گوت: «گێلایەتیت کرد و فەرمانی یەزدانی پەروەردگارت نەپاراست، کە فەرمانی پێ کردبوویت. ئەگەر فەرمانەکانی خودات ئەنجام بدابایە، ئەوا یەزدان بۆ هەتاهەتایە پاشایەتییەکەی تۆی بەسەر ئیسرائیلدا دەچەسپاند.
١٤بەڵام ئێستا پاشایەتییەکەت بەردەوام نابێت، یەزدان بەدوای پیاوێکی دیکەدا گەڕا بە دڵی خۆی بێت، تاوەکو فەرمانڕەوایەتی گەلەکەی بکات، چونکە گوێڕایەڵ نەبوویت بۆ ئەوەی کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوویت.»
١٥ئینجا ساموئێل هەستا و لە گلگالەوە چووە گیڤعای بنیامین، شاولیش ئەو پیاوانەی ژمارد کە لەگەڵیدا بوون، نزیکەی شەش سەد پیاو بوون.
١٦شاول و یۆناتانی کوڕی و ئەو پیاوانەی لەگەڵیاندا بوون لە گیڤعای بنیامیندا نیشتەجێ بوون، فەلەستییەکانیش لە میخماسدا چادریان هەڵدا.
١٧ئینجا تێکدەرەکان لە ئۆردوگای فەلەستییەکانەوە بە سێ دەستە چوونە دەرەوە. دەستەیەکیان بەرەو ڕێگای عۆفرا لە خاکی شوعال،
١٨دەستەیەکی دیکە بەرەو ڕێگای بێتحۆرۆن، دەستەکەی دیکەش بەرەو ڕێگای ئەو سنوورەی دەڕوانێتە سەر دۆڵی چەڤۆعیم ڕووەو چۆڵەوانی چوون.
١٩لەناو هەموو خاکی ئیسرائیلیش ئاسنگەرێک بەدی نەدەکرا، چونکە فەلەستییەکان گوتبوویان: «نەوەک عیبرانییەکان شمشێر و ڕم دروستبکەن!»
٢٠لەبەر ئەوە هەموو ئیسرائیل دادەبەزین بۆ لای فەلەستییەکان تاکو هەریەکە گاسن و تەور و پاچ و داسەکەی خۆی تیژ بکاتەوە،
٢١جا کرێی تیژکردنەوەی گاسن و پاچ دوو سێیەکی شاقل بوو، بۆ تیژکردنەوەی شەنە سێ چوکڵەکان و تەور یان بۆ دانانی نەقیزە سێیەکی شاقل بوو.
٢٢ئیتر لە ڕۆژی جەنگەکە هەموو ئەو گەلەی لەگەڵ شاول و یۆناتان بوون هیچ شمشێر و ڕمێکیان بەدەستەوە نەبوو، تەنها شاول و یۆناتانی کوڕی بەدەستیانەوە بوو.
٢٣ئەوە بوو هێزی فەلەستییەکان چووبوونە دەربەندی میخماس.