کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەکەم ساموئێل

یەکەم ساموئێل ٢٨

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەوە بوو لەو ڕۆژانەدا فەلەستییەکان سوپاکانیان بۆ جەنگ لە دژی ئیسرائیل کۆکردەوە، جا ئاخیش بە داودی گوت: «دڵنیابە، خۆت و پیاوەکانت لە سوپاکەدا لەگەڵ من دەبن.»

٢داودیش بە ئاخیشی گوت: «ئینجا دەزانیت خزمەتکارەکەت چی دەکات.» ئاخیش بە داودی گوت: «لەبەر ئەوە بە درێژایی ژیانت دەتکەمە پاسەوانی ژیانم.»

٣کاتێک ساموئێل مردبوو و هەموو ئیسرائیل شیوەنیان بۆ گێڕا، لە ڕامە لە شارۆچکەکەی خۆی ناشتیان. لەو ماوەیەدا شاول نێوانگر و ڕۆح ئامادەکارەکانی لە خاکەکە دوورخستبووەوە.

٤لەو کاتەدا فەلەستییەکان کۆبوونەوە و هاتن و لە شونێم خێوەتگایان هەڵدا، شاولیش هەموو ئیسرائیلی کۆکردەوە و لە گلبۆع خێوەتگایان هەڵدا.

٥جا شاول کە سوپای فەلەستییەکانی بینی ترسا و دڵی زۆر شڵەژا.

٦کاتێک شاول پرسیاری لە یەزدان کرد، یەزدان نە بە خەون و نە بە ئوریم و نە بە پێغەمبەرەکان وەڵامی نەدایەوە.

٧لەبەر ئەوە شاول بە خزمەتکارەکانی گوت: «بەدوای ژنێکی نێوانگردا بۆم بگەڕێن، هەتا بچمە لای و پرسیاری لێ بکەم.» خزمەتکارەکانیشی پێیان گوت: «ژنێکی نێوانگر لە کانی دۆر هەیە.»

٨ئینجا شاول دەموچاوی خۆی گۆڕی و جلێکی دیکەی لەبەرکرد، دوو پیاوی لەگەڵ خۆی برد و بە شەو چوو بۆ لای ژنەکە، پێی گوت: «تکایە بەهۆی جنۆکەوە ڕۆح ئامادەکاریم بۆ بکە، ئەو کەسەم بۆ دەربخە کە پێتی دەڵێم.»

٩بەڵام ژنەکە پێی گوت: «خۆت دەزانیت شاول چی کردووە و چۆن نێوانگر و ڕۆح ئامادەکارەکانی لە خاکەکە بڕیوەتەوە، ئیتر بۆچی داو بۆ ژیانم دەنێیتەوە هەتا بکوژرێم؟»

١٠شاولیش بە یەزدان سوێندی بۆ خوارد و گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، لەم کارەدا هیچ سزایەکت نادرێتە پاڵ.»

١١جا ژنەکە گوتی: «کێت بۆ دەربخەم؟» ئەویش گوتی: «ساموئێلم بۆ دەربخە.»

١٢کە ژنەکە ساموئێلی بینی بە دەنگێکی بەرز قیژاندی و بە شاولی گوت: «بۆچی هەڵتخەڵەتاندم؟ تۆ شاولیت.»

١٣پاشاش پێی گوت: «مەترسە، چیت بینی؟» ژنەکە بە شاولی گوت: «ڕۆحێکم بینی لە زەوییەوە سەردەکەوت.»

١٤ئەویش پێی گوت: «شێوەی چۆنە؟» ژنەکە گوتی: «پیرەمێردێکە سەردەکەوێت و کەوایەکی لەبەردایە.» جا شاول زانی ئەوە ساموئێلە، سەری دانەواند و کڕنۆشی برد.

١٥ساموئێل بە شاولی گوت: «بۆچی ڕاتچڵەکاندم و سەرت خستم؟» شاولیش گوتی: «زۆر لە تەنگانەدام. فەلەستییەکان لە دژم دەجەنگن و خوداش لێم جیا بووەتەوە و چیدی وەڵامم ناداتەوە، نە بەهۆی پێغەمبەرەکانەوە و نە بە خەون، منیش بانگم کردیت هەتا پێم بڵێی چی بکەم.»

١٦ساموئێلیش گوتی: «بۆچی پرسیارم لێ دەکەیت لە کاتێکدا یەزدان لێت جیا بووەتەوە و بووە بە دوژمنت؟

١٧یەزدان ئەوەی بۆ داود کرد، کە لە ڕێگەی منەوە فەرمووی. یەزدان پاشایەتییەکەی لەژێر دەستت دەرهێنا و دای بە نزیکەکەت، کە داودە.

١٨وەک چۆن گوێڕایەڵی فەرمایشتی یەزدان نەبوویت و گڕی تووڕەیی ئەوت بەسەر عەمالێقییەکاندا نەباراند، لەبەر ئەوە یەزدان ئەمڕۆ ئەمەی بەسەرت هێناوە.

١٩هەروەها یەزدان، ئیسرائیلیش لەگەڵ تۆدا بە دەست فەلەستییەکانەوە دەدات، سبەینێ خۆت و کوڕەکانت لەگەڵ مندا دەبن، هەروەها یەزدان سوپای ئیسرائیلیش بەدەست فەلەستییەکانەوە دەدات.»

٢٠شاول دەستبەجێ بە درێژایی خۆی کەوتە سەر زەوی و زۆر لە قسەکانی ساموئێل ترسا. هیچ هێزی تێدا نەما، چونکە بە درێژایی ئەو شەو و ڕۆژە هیچ خواردنێکی نەخواردبوو.

٢١کاتێک ژنەکە هاتە لای شاول و بینی زۆر پەشۆکاوە، پێی گوت: «ئەوەتا کەنیزەکەت گوێڕایەڵی فەرمانت بوو و ژیانی خۆمم خستە ناو لەپی دەستمەوە و گوێم لەو قسەیەت گرت کە پێت گوتم.

٢٢ئێستا تۆش گوێ لە کەنیزەکەت بگرە، پارچەیەک نان لەبەردەمتدا دادەنێم و بیخۆ، بۆ ئەوەی هێزت تێدابێت کاتێک بە ڕێگادا دەڕۆیت.»

٢٣ئەویش ڕازی نەبوو و گوتی: «ناخۆم.» بەڵام دوو خزمەتکارەکەی و ژنەکەش زۆریان لێکرد، ئەویش گوێی لێیان گرت و لەسەر زەوییەکە هەستا و لەسەر جێگاکە دانیشت.

٢٤ژنەکە جوانەگایەکی قەڵەوی لە ماڵەوە هەبوو، بە پەلە سەری بڕی و ئاردی برد و کردی بە هەویر و نانی فەتیرەی کرد.

٢٥پاشان لەبەردەم شاول و دوو خزمەتکارەکەیدا داینا و خواردیان. ئینجا هەستان و لەو شەوەدا ڕۆیشتن.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.