١کاتێک داود و پیاوەکانی لە ڕۆژی سێیەم گەیشتنە چیقلەگ، عەمالێقییەکان پەلاماری نەقەب و چیقلەگیان دابوو. لە چیقلەگیان دابوو و ئاگریان تێبەردابوو،
٢بچووک و گەورە و ئافرەتەکانیشیان ڕاپێچ کرد، هەموو ئەوانەی لەوێ بوون، کەسیان نەکوشتبوو، بەڵکو دابوویانە پێش خۆیان و بە ڕێگای خۆیاندا چووبوون.
٣داود و پیاوەکانی چوونە ناو چیقلەگ، بینییان سووتێنراوە و ژن و کوڕ و کچەکانیان ڕاپێچ کراون.
٤لەبەر ئەوە داود و ئەو پیاوانەی لەگەڵی بوون دەنگیان بەرزکردەوە و گریان، هەتا ئەوەی هێزی گریانیان نەما.
٥هەردوو ژنەکەی داود ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی و ئەبیگایلی بێوەژنەکەی نابالی کارمەلیش ڕاپێچ کرابوون.
٦داود زۆر پەرێشان بوو، لەبەر ئەوەی پیاوەکانی گوتیان، «با بەردبارانی بکەین،» چونکە هەریەکیان بۆ کوڕ و کچەکانیان داخ لە دڵ بوون، بەڵام داود بەهۆی پشتبەستنی بە یەزدانی پەروەردگار، بەهێز بوو.
٧ئینجا داود بە ئەبیاتاری کاهینی کوڕی ئەحیمەلەخی گوت: «تکایە ئێفۆدەکەم بۆ بهێنە پێشەوە.» ئەبیاتاریش ئێفۆدەکەی بۆ داود هێنا.
٨داود پرسیاری لە یەزدان کرد و گوتی: «ئایا بەدوای ئەو چەتانە بکەوم؟ ئەگەر بەدوایان بکەوم پێیان دەگەم؟» ئەویش فەرمووی: «بەدوایان بکەوە، پێیان دەگەیت و ڕاپێچکراوەکانیش دەرباز دەکەیت.»
٩جا داود و ئەو شەش سەد پیاوەی لەگەڵی بوون بەڕێکەوتن و چوونە شیوی بەسۆر. لەوێ چەند پیاوێک بەجێمان،
١٠لەبەر ماندووبوونیان نەیانتوانی لە شیوی بەسۆر بپەڕنەوە، کە دوو سەد پیاو بوون. بەڵام داود لەگەڵ چوار سەد پیاو بەردەوام بوون لە ڕاونان.
١١لە دەشتەکە تووشی پیاوێکی میسری بوون، بردیان بۆ لای داود، نانیان پێدا و خواردی و ئاویان دەرخواردی دا.
١٢ئینجا نانە هەنجیرێک و دوو هێشووە کشمیشیان پێدا، خواردی و ڕۆحی بەبەردا هاتەوە، چونکە سێ ڕۆژ و سێ شەو نانی نەخواردبوو و ئاوی نەخواردبووەوە.
١٣داود لێی پرسی: «تۆ سەر بە کێیت و لەکوێوە هاتوویت؟» ئەویش گوتی: «من گەنجێکی میسریم و کۆیلەی پیاوێکی عەمالێقیم، گەورەکەم سێ ڕۆژ لەمەوپێش وازی لێ هێنام، چونکە نەخۆش کەوتم.
١٤ئێمە پەلاماری نەقەبی کریتییەکان و خاکی یەهودا و نەقەبی کالێبمان دا، چیقلەگیشمان سووتاند.»
١٥داودیش پێی گوت: «بۆ لای ئەو چەتانە دەمبەیتە خوارەوە؟» ئەویش گوتی: «بە خودا سوێندم بۆ بخۆ کە نامکوژیت و نامدەیتەوە دەست گەورەکەم، منیش دەتبەمە خوارەوە بۆ لای ئەو چەتانە.»
١٦ئینجا داودی بردە خوارەوە و ئەویش بینی وا هەموویان بەسەر تەواوی ڕووی زەوییەکەدا بڵاو بوونەتەوە، دەخۆن و دەخۆنەوە و سەما دەکەن، لەبەر هەموو ئەو دەستکەوتە گەورەیەی لە خاکی فەلەستییەکان و یەهوداوە بردبوویان.
١٧جا داود لە زەردەپەڕدا هەتا ئێوارەی ڕۆژی دواتر لێیدان و پیاوێکیان لێ دەرباز نەبوو، جگە لە چوار سەد گەنج کە سواری وشتر بوون و هەڵاتن.
١٨داودیش هەموو ئەوەی عەمالێقییەکان بردبوویان بە دەستی هێنایەوە، داود دوو ژنەکەی خۆی دەرباز کرد،
١٩هیچ شتێکیان لە دەست نەدا، نە بچووک و نە گەورە و نە کوڕ و نە کچ، نە دەستکەوت و نە هیچ شتێک لە هەموو ئەوەی لێیان بردرابوو، بەڵکو داود هەمووی گەڕاندەوە.
٢٠هەروەها داود هەموو گاوگۆتاڵەکانی برد و لەپێش ئاژەڵە ماڵییەکانی دیکەوە لێیانخوڕین و گوتیان: «ئەمە دەستکەوتی داودە.»
٢١ئینجا داود هات بۆ لای ئەو دوو سەد پیاوەی کە لە ڕۆیشتن بەدوای داودەوە ماندوو ببوون و لە شیوی بەسۆردا بەجێهێڵران. ئەوانیش هاتنە دەرەوە بۆ ئەوەی پێشوازی لە داود و ئەو خەڵکە بکەن کە لەگەڵیدا بوون. داود و پیاوەکانی لە خەڵکەکە چوونە پێشەوە و داود سڵاوی لێکردن،
٢٢بەڵام پیاوە خراپ و بەدکارەکان لەنێو ئەو پیاوانەی کە لەگەڵ داود چووبوون وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «لەبەر ئەوەی ئەوان لەگەڵمان نەهاتن، لەو دەستکەوتە بەشیان نادەین کە بەدەستمان هێناوە، با هەر پیاوە ژن و منداڵی خۆی ببات و بڕوات.»
٢٣داود گوتی: «براکانم ئەمە مەکەن، چونکە یەزدان پێیداین و ئێمەی پاراست، ئەو چەتانەی دایە دەستمان کە هاتنە سەرمان.
٢٤لەم شتەدا کێ گوێتان پێدەدات؟ بەشی ئەوەی لەلای کەلوپەلەکان ماوەتەوە دەبێت وەک بەشی ئەوە بێت کە دابەزیوە بۆ جەنگ، وەک یەک بەشیان بەردەکەوێت.»
٢٥ئەوە بوو لەو ڕۆژە بەدواوە و هەتا ئەمڕۆ داود ئەمەی کرد بە فەرز و حوکم بۆ ئیسرائیل.
٢٦کاتێک داود هاتە چیقلەگ، هەندێک لە دەستکەوتەکەی نارد بۆ پیرانی یەهودا بۆ هاوڕێیەکانی و گوتی: «ئەمە دیارییە بۆ ئێوە لە دەستکەوتی دوژمنەکانی یەزدان.»
٢٧ناردی بۆ ئەوانەی لە بێتئێل و ڕامۆتی نەقەب و یەتیر،
٢٨بۆ ئەوانەی لە عەرۆعێر و سیفمۆت و ئەشتەمۆع،
٢٩بۆ ئەوانەی لە ڕاخال و شارۆچکەکانی یەرەحمێلییەکان و شارۆچکەکانی قێنییەکان، هەروەها
٣٠بۆ ئەوانەی لە حۆرما و بۆر عاشان و عەتاک،
٣١بۆ ئەوانەی لە حەبرۆن و هەموو ئەو شوێنانەی لەوێدا داود خۆی و پیاوەکانی هاتوچۆیان کردووە.