١پیاوێکی بنیامینی هەبوو ناوی قیشی کوڕی ئەبیێلی کوڕی چەڕۆری کوڕی بەخۆرەتی کوڕی ئەفییەحی بنیامینی بوو، بە توانا و دەوڵەمەند بوو.
٢کوڕێکی گەنج و قۆزی هەبوو ناوی شاول بوو، هیچ پیاوێک لەنێو نەوەی ئیسرائیل نەبوو لەو قۆزتر بێت، لە هەموو گەل هیچ کەس باڵای نەدەگەیشتە سەر شانی.
٣چەند ماکەرێکی قیشی باوکی شاول بزر بوون و قیشیش بە شاولی کوڕی گوت: «تکایە یەکێک لە خزمەتکارەکان لەگەڵ خۆتدا ببە و هەستە و بڕۆ بەدوای ماکەرەکاندا بگەڕێ.»
٤ئەوانیش لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم و بە دەوروبەری شالیشادا تێپەڕین، بەڵام نەیاندۆزینەوە. ئینجا لە زەوی شەعەلیم پەڕینەوە، بەڵام دیار نەبوون. ئینجا لە خاکی بنیامین پەڕینەوە، بەڵام نەیاندۆزینەوە.
٥کاتێک گەیشتنە ناو ناوچەی چوف، شاول بە خزمەتکارەکەی گوت ئەوەی کە لەگەڵیدا بوو: «وەرە با بگەڕێینەوە، نەوەک باوکم خەمی ماکەرەکان لەبیر بکات و لە خەمی ئێمەدا بێت.»
٦بەڵام خزمەتکارەکەش پێی گوت: «وا پیاوێکی خودا لەم شارۆچکەیەیە، پیاوێکی ڕێزدارە و هەموو ئەوەی دەیڵێت، دەبێت. با ئێستا بچین بۆ ئەوێ، بەڵکو پێمان بڵێت کام ڕێگا بگرینەبەر.»
٧شاولیش بە خزمەتکارەکەی گوت: «بەڵام ئەگەر بچین، چی بۆ پیاوەکە ببەین؟ نان لەناو هەگبەکانماندا نەماوە و هیچ دیارییەک نییە بیبەین بۆ پیاوەکەی خودا، چیمان پێیە؟»
٨خزمەتکارەکەش وەڵامی شاولی دایەوە گوتی: «ئەوەتا من چارەکە شاقلێکی زیوم پێیە، دەیدەم بە پیاوەکەی خودا و ڕێگاکەی خۆمان پێ دەڵێت.»
٩(پێشتر لە ئیسرائیل هەر کاتێک پیاوێک بۆ زانینی خواستی خودا دەچوو، وای دەگوت: «بڕۆ با بچین بۆ لای پێشبینیکەرەکە،» چونکە پێغەمبەری ئەمڕۆ پێشتر پێشبینیکەری پێ دەگوترا.)
١٠شاولیش بە خزمەتکارەکەی گوت: «قسەکەت باشە، وەرە با بڕۆین.» جا ڕۆیشتن بۆ ئەو شارۆچکەیەی کە پیاوەکەی خودای لێبوو.
١١کاتێک ئەوان لە هەورازەکە بۆ شارۆچکەکە سەردەکەوتن، چەند کچێکیان بینی کە بۆ ئاوکێشان هاتبوونە دەرەوە و لێیان پرسین: «ئایا پێشبینیکەرەکە لێرەیە؟»
١٢ئەوانیش وەڵامیان دانەوە و گوتیان: «بەڵێ، ئەوەتا لەپێشتانە، ئێستا خێرا بکەن، چونکە ئەمڕۆ بۆ شارۆچکەکە هاتووە، چونکە ئەمڕۆ گەل لە نزرگەکەی سەر بەرزایی قوربانی سەردەبڕن.
١٣کە دەچنە ناو شارۆچکەکە دەستبەجێ دەیدۆزنەوە، بەر لەوەی سەربکەوێتە نزرگەی سەر بەرزاییەکە بۆ ئەوەی نان بخوات، چونکە گەل نان ناخۆن هەتا ئەو دێت، چونکە ئەو داوای بەرەکەت بۆ قوربانییەکە دەکات. پاش ئەوە بانگهێشتکراوەکان نان دەخۆن. ئێستاش سەربکەون چونکە لەم کاتەدا چاوتان پێی دەکەوێت.»
١٤ئینجا سەرکەوتن بۆ شارۆچکەکە و کاتێک کە چوونە ناوی، ساموئێل بەرەو ڕوویان هات تاکو بۆ نزرگەی سەر بەرزاییەکە سەربکەوێت.
١٥بە ڕۆژێک بەر لە هاتنی شاول، یەزدان بۆ ساموئێلی ئاشکرا کردبوو و فەرمووبووی:
١٦«سبەینێ لەم کاتەدا لە خاکی بنیامینەوە پیاوێکت بۆ دەنێرم، تۆش بە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلەکەم دەستنیشانی دەکەیت، جا گەلەکەم لە دەست فەلەستییەکان ڕزگار دەکات، چونکە تەماشای گەلەکەمم کرد، لەبەر ئەوەی هاواریان گەیشتە لای من.»
١٧جا کە ساموئێل شاولی بینی، یەزدان پێی فەرموو: «ئەوەتا ئەو پیاوەی کە پێم فەرموویت، ئەمە حوکمڕانی گەلەکەم دەکات.»
١٨ئینجا شاول لە ناوەڕاستی دەروازەکە بەرەو ساموئێل چووە پێش و پێی گوت: «تکایە، پێم بڵێ ماڵی پێشبینیکەرەکە لەکوێیە؟»
١٩ساموئێلیش وەڵامی شاولی دایەوە و گوتی: «من پێشبینیکەرەکەم. لەپێشمەوە سەربکەون بۆ نزرگەی سەر بەرزاییەکە، چونکە دەبێت ئەمڕۆ نانم لەگەڵ بخۆن و بەیانی ڕێگات دەدەم بڕۆیت و هەموو ئەوەی لە دڵتدایە پێتی دەڵێم.
٢٠ئەو ماکەرانەش کە سێ ڕۆژە لێت بزر بوون، دڵت لەلایان نەبێت، چونکە دۆزراونەتەوە. ئەی هەموو خواستی ئیسرائیل بۆ کێیە؟ ئایا بۆ تۆ و بۆ هەموو ماڵی باوکت نییە؟»
٢١شاولیش وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئایا من بنیامینی نیم، لە بچووکترین هۆزی ئیسرائیلدا و خێڵەکەشم لە هەموو خێڵەکانی دیکەی هۆزی بنیامین بچووکتر نییە؟ ئیتر بۆچی بەو شێوەیە قسەم لەگەڵدا دەکەیت؟»
٢٢ئینجا ساموئێل شاول و خزمەتکارەکەی برد و هەردووکیانی بۆ ناو دیوەخانەکە بردە ژوورەوە و لە سەرووی هەموو بانگهێشتکراوان داینان کە نزیکەی سی پیاو دەبوون.
٢٣ساموئێل بە چێشتلێنەرەکەی گوت: «ئەو بەشە بهێنە کە پێم دایت و پێم گوتی، لەلای خۆت هەڵیبگرە.»
٢٤چێشتلێنەرەکەش ڕانەکە و ئەوەی لەسەری بوو بەرزی کردەوە و لەبەردەم شاول داینا، ساموئێل گوتی: «ئەوەتا ئەوەی ماوەتەوە، بیخەرە بەردەمت و بخۆ، چونکە لە کاتی بانگهێشتی میواندارییەکەمەوە هەتا ئەم کاتە بۆ تۆ هەڵگیراوە.» جا شاول لەو ڕۆژەدا لەگەڵ ساموئێل نانی خوارد.
٢٥ئینجا لە نزرگەکەی سەر بەرزاییەوە بۆ شارۆچکەکە دابەزین و ساموئێل لە سەربان لەگەڵ شاول قسەی کرد.
٢٦زوو لە خەو هەستان و نزیکی بەرەبەیان ساموئێل لە سەربانەکە بانگی شاولی کرد و گوتی: «هەستە تاکو بەڕێت بکەم.» شاولیش هەستا، هەردووکیان، شاول و ساموئێل پێکەوە چوونە دەرەوە.
٢٧کاتێک هەردووکیان بەرەو کەناری شارۆچکەکە دادەبەزین، ساموئێل بە شاولی گوت: «بە خزمەتکارەکەت بڵێ با لەپێشمانەوە بڕوات.» ئەویش لەپێشیانەوە ڕۆیشت. ساموئێل پێی گوت: «بەڵام تۆ ئێستا ڕابوەستە بۆ ئەوەی پەیامی خودات پێ ڕابگەیەنم.»