کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەکەم سالۆنیکی

یەکەم سالۆنیکی ٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١خوشکان، برایان، سەبارەت بە کات و بەروار پێویست ناکات بۆتان بنووسین،

٢چونکە خۆتان باش دەزانن، هاتنی ڕۆژی یەزدان وەک هاتنی دز وایە لە شەودا.

٣کاتێک خەڵکی دەڵێن: «ئاشتی و ئاسایشە،» دەستبەجێ مردن دێتە سەریان، وەک ژانی ژنی سکپڕ لە ناوەختدا دێت و ناشتوانن دەربازیان بێت.

٤بەڵام ئێوە خوشکان، برایان، لە تاریکیدا نین تاکو ئەو ڕۆژە وەک دز لەناکاو بێتە سەرتان،

٥چونکە هەمووتان ڕۆڵەی ڕووناکی و ڕۆژن. ڕۆڵەی شەو یان تاریکی نین.

٦کەواتە ئێمە وەک خەڵکی دیکە ناخەوین، بەڵکو با ئێشک بگرین و وریابین،

٧چونکە ئەوانەی دەخەون بە شەو دەخەون و ئەوانەی سەرخۆش دەبن بە شەو سەرخۆش دەبن.

٨بەڵام ئێمەی ڕۆڵەی ڕۆژ با وریا بین و زرێی باوەڕ و خۆشەویستی لەبەر بکەین و هیوای ڕزگاری وەک کڵاوی ئاسنین لەسەر بکەین،

٩چونکە خودا ئێمەی بۆ تووڕەیی دەستنیشان نەکردووە، بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی ڕزگاری لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە،

١٠ئەوەی لە پێناوی ئێمەدا مرد، تاکو ئەگەر بەخەبەر بین یاخود نوستوو، لەگەڵ ئەو بژین.

١١لەبەر ئەوە یەکتری هانبدەن و یەکتری بنیاد بنێن، وەک دەیکەن.

١٢ئیتر خوشکان و برایان، داواتان لێ دەکەین ڕێزی ئەوانە بگرن کە لەنێوتاندا زەحمەت دەکێشن و بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی باڵادەستدا سەرپەرشتی و ئامۆژگاریتان دەکەن،

١٣لەبەر کارەکانیان ئەوپەڕی ڕێز و خۆشەویستییان بۆ دەربڕن. بە ئاشتی لەگەڵ یەکتری بژین.

١٤ئەی خوشکان و برایان، لێتان دەپاڕێینەوە کە سەرزەنشتی تەمبەڵەکان بکەن، ورەی ترسنۆکەکان بەرز بکەنەوە، یارمەتی لاوازەکان بدەن و لەگەڵ هەمووان پشوودرێژ بن.

١٥ئاگاداربن پاداشتی خراپە بە خراپە مەدەنەوە، بەڵکو هەمیشە هەوڵ بدەن بۆ یەکتری و بۆ خەڵکی دیکەش باش بن.

١٦هەمیشە دڵشاد بن،

١٧بەردەوام نوێژ بکەن،

١٨لە هەموو بارودۆخێکدا سوپاسی خودا بکەن، چونکە ئەمە ویستی خودایە بۆ ئێوە بە یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیحدا.

١٩ڕۆحی پیرۆز مەکوژێننەوە،

٢٠پەیامی ئەوانە بە سووک مەزانن کە دەڵێن پەیامی خودا ڕادەگەیەنن،

٢١بەڵام هەموو شتێک تاقی بکەنەوە، چی باشە دەستی پێوە بگرن،

٢٢لە هەموو جۆرە خراپەیەک دوور بکەونەوە.

٢٣خودای ئاشتی خۆی بە تەواوی پیرۆزتان بکات. تەواوی ڕۆح و دەروون و جەستەتان لە کاتی هاتنەوەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆماندا بێ گلەیی بپارێزن.

٢٤ئەو خودایەی بانگتان دەکات، دڵسۆزە و بەڵێنی خۆی دەباتە سەر.

٢٥خوشکان و برایانم، نوێژمان بۆ بکەن.

٢٦بە ماچی پیرۆز سڵاو لە هەموو گەلی خودا بکەن.

٢٧بە ناوی مەسیحی خاوەن شکۆوە ڕاتاندەسپێرم کە ئەم نامەیە بۆ هەموو باوەڕداران بخوێنرێتەوە.

٢٨با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان لەگەڵتان بێت.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.