کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدووەم پوختەی مێژوو

دووەم پوختەی مێژوو ١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١سلێمانی کوڕی داود دەسەڵاتی خۆی بەسەر پاشایەتییەکەیدا بەهێز کرد، چونکە یەزدانی پەروەردگاری خۆی لەگەڵی بوو، زۆر مەزنی کرد.

٢پاشان سلێمان قسەی لەگەڵ هەموو ئیسرائیل کرد، لەگەڵ فەرماندەکانی هەزاران و سەدان، هەروەها دادوەرەکان و هەموو سەرکردەکان لە هەموو ئیسرائیل کە گەورەی بنەماڵەکان بوون.

٣ئیتر سلێمان و هەموو کۆمەڵەکە لەگەڵی چوونە سەر ئەو نزرگەیەی لەسەر بەرزاییەکەی گبعۆنە، چونکە چادری چاوپێکەوتنی خودا کە موسای بەندەی یەزدان لە چۆڵەوانیدا دروستی کرد، لەوێ بوو.

٤داود لە قیریەت یەعاریمەوە سندوقی خودای هێنا بۆ ئەو شوێنەی کە ئامادەی کردبوو، لەبەر ئەوە لە ئۆرشەلیم چادرێکی بۆ هەڵدابوو.

٥بەڵام ئەو قوربانگا بڕۆنزییەی کە بەسەلئێلی کوڕی ئوری کوڕی حوور دروستی کردبوو، لە گبعۆن لەبەردەم چادرەکەی پەرستنی یەزدان بوو، ئیتر سلێمان و کۆمەڵەکە لەوێ پرسیاریان لە یەزدان کرد.

٦سلێمان لە یەزدان چووە پێشەوە و هەزار قوربانی سووتاندنی سەرخستە سەر قوربانگا بڕۆنزییەکە کە لەبەردەم چادری چاوپێکەوتندا بوو.

٧لەو شەوەدا خودا بۆ سلێمان دەرکەوت و پێی فەرموو: «داوا بکە، چیت پێ بدەم؟»

٨سلێمانیش بە خودای گوت: «تۆ لەگەڵ داودی باوکم چاکەی گەورەت کردووە، منت لە جێی ئەو کردووەتە پاشا.

٩ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگار، با بەڵێنەکەت لەگەڵ داودی باوکمدا بچەسپێت، چونکە تۆ منت کردووەتە پاشای گەلێکی زۆر کە وەک خۆڵی زەوییە.

١٠ئێستا دانایی و زانینم پێ ببەخشە بۆ ئەوەی ڕابەرایەتی ئەم گەلە بکەم، چونکە کێ دەتوانێت فەرمانڕەوایەتی ئەم گەلە گەورەیەت بکات؟»

١١خوداش بە سلێمانی فەرموو: «لەبەر ئەوەی ئەمە لە دڵتدا بوو و داوای دەوڵەمەندی و سامان و پایەداری و مردنی دوژمنەکانت نەکرد، هەروەها داوای تەمەن درێژیت نەکرد، بەڵکو داوای دانایی و زانینت بۆ خۆت کرد، بۆ ئەوەی دادوەرایەتی گەلەکەم بکەیت، ئەوەی تۆم کردووەتە پاشای،

١٢ئەوا دانایی و زانینت پێ دەبەخشم. سەرباری ئەوەش دەوڵەمەندی و پارە و پوول و پایەدارییەکی وات پێ دەبەخشم کە شتی وا نەبووبێت بۆ پاشاکانی پێش تۆ و بۆ ئەوانەی لەدوای تۆش دێن.»

١٣پاشان سلێمان لە چادری چاوپێکەوتنەوە کە لەسەر بەرزاییەکەی گبعۆن بوو چوو بۆ ئۆرشەلیم و پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.

١٤سلێمان گالیسکە و ئەسپ سواری کۆکردەوە، هەزار و چوار سەد گالیسکە و دوازدە هەزار ئەسپ سواری هەبوو. لە شارەکانی گالیسکەکان و لەگەڵ خۆیدا لە ئۆرشەلیم داینان.

١٥پاشا کارێکی وای کرد کە لە ئۆرشەلیم زێڕ و زیو وەک بەردیان لێ بێت، دار ئورزیش لە زۆری وەک دار هەنجیری زوورگەکان بێت.

١٦ئەسپەکانی سلێمان لە میسر و لە قەڤێیەوە هاوردە دەکران. بازرگانەکانی پاشا لە قەڤێیەوە بە نرخی بازاڕ وەریاندەگرتن.

١٧گالیسکە لە میسرەوە بە شەش سەد شاقل زیو و ئەسپیش بە سەد و پەنجا هاوردەیان دەکرد، هەروەها بۆ هەموو پاشاکانی حیتی و ئارامی هەناردەیان دەکرد.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.