١ئەوە بوو کە پاشایەتییەکەی ڕەحەڤەعام جێگیر و بەهێز بوو، ئەو و هەموو ئەو ئیسرائیلییانەشی کە لەگەڵیدا بوون، وازیان لە فێرکردنەکانی یەزدان هێنا.
٢لە پێنجەمین ساڵی پاشایەتی ڕەحەڤەعام، شیشەقی پاشای میسر هێرشی کردە سەر ئۆرشەلیم، چونکە ناپاکییان لەگەڵ یەزدان کرد.
٣شیشەق بە هەزار و دوو سەد گالیسکە، شەست هەزار سوار و سەربازێکی بێشوماری لیبی، سوخی و کوشی کە لە میسرەوە لەگەڵی هاتبوون،
٤شارە قەڵابەندەکانی یەهودای گرت و هاتە سەر ئۆرشەلیم.
٥پاشان شەمەعیای پێغەمبەر هات بۆ لای ڕەحەڤەعام و ئەو سەرکردانەی یەهودا کە لە ترسی شیشەق لە ئۆرشەلیم کۆببوونەوە و پێی گوتن: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئێوە وازتان لە من هێنا، لەبەر ئەوە منیش لەناو دەستی شیشەقدا وازم لە ئێوە هێنا.“»
٦ئەو کاتە سەرکردەکانی ئیسرائیل و پاشاش خۆیان نزم کردەوە و گوتیان: «یەزدان دادپەروەرە!»
٧کە یەزدان بینی خۆیان نزم کردەوە، فەرمایشتی یەزدان بۆ شەمەعیا هات و فەرمووی: «لەبەر ئەوەی خۆیان نزم کردەوە، لەناویان نابەم، بەڵکو خێرا دەربازیان دەکەم و لەسەر دەستی شیشەق تووڕەییم بەسەر ئۆرشەلیمدا نابارێنم.
٨لەگەڵ ئەوەشدا دەبن بە کۆیلەی ئەو هەتا جیاوازی نێوان خزمەتکردنی من و خزمەتکردنی پاشاکانی خاکەکانی دیکە بزانن.»
٩کاتێک شیشەقی پاشای میسر پەلاماری ئۆرشەلیمی دا، گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا و هەرچی هەبوو بردی، قەڵغانە زێڕینەکانیشی برد کە سلێمان دروستی کردبوون.
١٠لەبەر ئەوە ڕەحەڤەعام پاشا لە جێی ئەوانە قەڵغانی بڕۆنزی دروستکرد و دایە دەستی سەرکردەی پاسەوانەکانی دەروازەی کۆشکی شاهانە.
١١هەر کاتێک پاشا بۆ پەرستگای یەزدان دەچوو، پاسەوانەکان قەڵغانەکانیان هەڵدەگرت و لەگەڵیدا دەچوون، پاشان دەیانگەڕاندەوە ژووری پاسەوانەکان.
١٢لەبەر ئەوەی ڕەحەڤەعام خۆی نزم کردەوە، تووڕەییەکەی یەزدان دامرکایەوە و بە تەواوی لەناوی نەبرد، هەروەها هەندێک کاری چاکیش لە یەهودا بەدی کراوە.
١٣ڕەحەڤەعام پاشا دەسەڵاتی خۆی لە ئۆرشەلیم بەهێز کرد و بەردەوام بوو لە پاشایەتیکردنی، تەمەنی چل و یەک ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشا و حەڤدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ئەو شارەی کە یەزدان هەڵیبژارد لەنێو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا هەتا ناوی خۆی تێیدا دابنێت. دایکیشی ناوی نەعمای عەمۆنی بوو.
١٤ئەو خراپەکاری کرد، چونکە بە هەموو دڵ ڕووی لە خودا نەکردبوو.
١٥ڕووداوەکانی پاشایەتی ڕەحەڤەعام لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە تۆمارەکانی شەمەعیا پێغەمبەر و لە بینینەکانی عیدۆ دەربارەی ڕەچەڵەکەکان نووسراون. بەردەوام جەنگ لەنێوان ڕەحەڤەعام و یارۆڤعام هەبوو.
١٦ئیتر ڕەحەڤەعام لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داود بە خاک سپێردرا، ئەبیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.