کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدووەم پوختەی مێژوو

دووەم پوختەی مێژوو ١٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ڕۆحی خودا هاتە سەر عەزەریای کوڕی عۆدێد و

٢ئەویش چووە بەردەم ئاسا و پێی گوت: «ئەی ئاسا و هەموو یەهودا و بنیامین گوێم لێ بگرن، یەزدان هەتا لەگەڵیدا بن لەگەڵتاندا دەبێت، ئەگەر ڕووی لێ بکەن بۆتان دەردەکەوێت بەڵام ئەگەر بەجێی بهێڵن بەجێتان دەهێڵێت.

٣ئیسرائیل ڕۆژانێکی زۆر بێ خودای ڕاستەقینە و بێ کاهینی مامۆستا و بێ فێرکردن بوون.

٤بەڵام کە لە تەنگانەکەیاندا گەڕانەوە بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل و ڕوویان لەو کرد، بۆیان دەرکەوت.

٥لەو سەردەمەدا کەس نەیدەتوانی بێ ترس گەشت بکات، چونکە نائارامییەکی زۆر باڵی بەسەر هەموو دانیشتووانی خاکەکاندا کێشابوو.

٦ئیتر نەتەوەیەک بە نەتەوەیەکی دیکە لەناودەبردرا و شارێک بە شارێکی دیکە، چونکە خودا بە هەموو تەنگانەیەک هەراسانی کردبوون.

٧بەڵام ئێوە بەهێزبن و دەستتان شل مەکەن، چونکە پاداشت هەیە بۆ کارەکەتان.»

٨کە ئاسا گوێی لەم قسانە و لە پەیامەکەی عەزەریای کوڕی عۆدێد پێغەمبەر بوو، بەهێز بوو و بتە قێزەونەکانی لە هەموو خاکی یەهودا و بنیامین و ئەو شارۆچکانەی کە لە شاخەکانی ئەفرایمدا گرتنی، ڕیشەکێش کرد. قوربانگاکەی یەزدان ئەوەی بەردەم هەیوانەکەی پەرستگای یەزدانی نوێ کردەوە.

٩ئینجا هەموو خەڵکی یەهودا و بنیامین و ئەو بیانییانەی کە لەگەڵیان بوون، لە ئەفرایم و مەنەشە و شیمۆن کۆی کردنەوە، چونکە لە ئیسرائیلەوە خەڵکێکی زۆر هاتبوونە پاڵی کاتێک بینیبوویان یەزدانی پەروەردگاری لەگەڵیدایە.

١٠لە مانگی سێی پازدەیەمین ساڵی پاشایەتی ئاسادا لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە و

١١لەو ڕۆژەدا لەو دەستکەوتەی کە لەگەڵ خۆیان هێنابوویان، حەوت سەد مانگا و حەوت هەزار مەڕیان بۆ یەزدان سەربڕی و

١٢پەیمانێکیان بەست کە بە هەموو دڵ و بە هەموو گیانیانەوە ڕوویان لە یەزدان بکەن، خودای باوباپیرانی خۆیان،

١٣هەموو ئەوانەی کە ڕوو لە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ناکەن، لە گەورە و بچووک و لە پیاو و ژن، دەکوژرێن.

١٤ئەوانیش سوێندیان بۆ یەزدان خوارد، بە دەنگی بەرز و بە هوتاف و زوڕنا و کەڕەنا لێدان.

١٥هەموو یەهودا بەو سوێندە دڵخۆش بوون، چونکە بە هەموو دڵیانەوە سوێندیان خوارد و بەوپەڕی ڕەزامەندییانەوە ڕوویان لە یەزدان کرد، ئەویش بۆیان دەرکەوت و یەزدان لە هەموو لایەکەوە ئەوانی حەواندەوە.

١٦ئاسای پاشا تەنانەت مەعکای داپیریشی لە پلەی شاژنی دایک لابرد، لەبەر ئەوەی ستوونە ئەشێرایەکی قێزەونی دروستکردبوو. ستوونەکەی بڕییەوە و وردوخاشی کرد و لە دۆڵی قدرۆن سووتاندی.

١٧هەرچەندە نزرگەکانی سەر بەرزایی لە ئیسرائیل تێکنەدران، بەڵام دڵی ئاسا بە درێژایی ژیانی بە تەواوی لەگەڵ یەزدان بوو.

١٨هەروەها شتە تەرخانکراوەکانی خۆی و باوکی لە زێڕ و زیو و قاپوقاچاغ هێنایە ناو پەرستگای خودا.

١٩هەتا ساڵی سی و پێنجەمی پاشایەتی ئاسا هیچ جەنگێکی دیکە هەڵنەگیرسا.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.