کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدووەم پوختەی مێژوو

دووەم پوختەی مێژوو ٢٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١کاتێک ئەمەسیا بوو بە پاشا، تەمەنی بیست و پێنج ساڵ بوو. بیست و نۆ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکیشی ناوی یەهۆعەدین بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو.

٢ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی، بەڵام نەک بە دڵێکی تەواوەوە.

٣کاتێک جڵەوی پاشایەتییەکە لە دەستی جێگیر بوو، سزای مردنی بەسەر ئەو کاربەدەستانەدا سەپاند کە پاشای باوکیان کوشتبوو.

٤بەڵام کوڕەکانی ئەوانی نەکوشت، بەڵکو بەو شێوەیەی کرد کە لە پەڕتووکی تەوراتی موسادا نووسراوە، کە یەزدان فەرمانی داوە و فەرموویەتی: «باوک لە جیاتی کوڕ ناکوژرێت و کوڕ لە جیاتی باوک ناکوژرێت، هەر یەکێک لەسەر گوناهی خۆی دەکوژرێت.»

٥ئەمەسیا یەهودای کۆکردەوە و بەپێی بنەماڵەکان داینان بە فەرماندەی هەزاران و سەدان لە هەموو یەهودا و بنیامیندا. پاشان لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوەی سەرژمێری کرد و بینی سێ سەد هەزار پیاو کە ئامادە بوون بۆ جەنگ، پڕچەککراو بە ڕم و قەڵغان بوون.

٦هەروەها سەد هەزار پاڵەوانی بەهێزی لە ئیسرائیل بە سەد تالنت زیو بەکرێ گرت.

٧بەڵام پیاوێکی خودا هات بۆ لای و گوتی: «ئەی پاشا، با سوپای ئیسرائیل لەگەڵتدا نەیێت، چونکە یەزدان لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە، واتا لەگەڵ هیچ کەسێکی نەوەی ئەفرایمدا نییە.

٨تەنانەت ئەگەر تۆش بە ئازایەتییەوە بەرەو پێشەوە بڕۆیت و شەڕ بکەیت، ئەوا خودا لەبەردەم دوژمن دەتخات، چونکە لەلای خودا هێز هەیە بۆ یارمەتیدان و بۆ خستنیش.»

٩ئەمەسیا لە پیاوەکەی خودای پرسی: «ئەی چی بکرێت بۆ ئەو سەد تالنتەی کە داومەتە چەتەکانی ئیسرائیل؟» پیاوەکەی خوداش گوتی «یەزدان دەتوانێت لەوە زیاترت پێبدات.»

١٠ئیتر ئەمەسیا ئەو بەکرێگیراوانەی جیا کردەوە کە لە ئەفرایمەوە هاتبوون هەتا بۆ شوێنەکەی خۆیان بگەڕێنەوە، ئەوانیش لە یەهودا زۆر تووڕە بوون و بە گڕی تووڕەییەوە گەڕانەوە بۆ شوێنەکەی خۆیان.

١١بەڵام ئەمەسیا ورەی دایە بەرخۆی و ڕابەرایەتی سوپاکەی کرد بۆ دۆڵی خوێ و دە هەزار کەسی لە نەوەی سێعیر کوشت،

١٢نەوەی یەهوداش دە هەزاریان بە زیندوویی لێ بە دیل گرتن و هێنایانن بۆ سەر خەرەندێک و لەسەر هەڵدێرەکەوە فڕێیان دانە خوارەوە و هەموویان پارچەپارچە بوون.

١٣بەڵام ئەو چەتانەی کە ئەمەسیا نەیهێشت لەگەڵیدا بچنە جەنگەکە، هێرشیان کردە سەر شارۆچکەکانی یەهودا، لە سامیرەوە هەتا بێت‌حۆرۆن و سێ هەزاریان لێ کوشتن و تاڵانێکی زۆریشیان برد.

١٤پاش ئەوەی ئەمەسیا لە لێدانی ئەدۆمییەکان گەڕایەوە، بتەکانی نەوەی سێعیری هێنا و کردنی بە خوداوەندی خۆی و کڕنۆشی بۆ بردن و بخووری بۆ سووتاندن.

١٥جا تووڕەیی یەزدان لە ئەمەسیا جۆشا و پێغەمبەرێکی بۆ نارد و پێی گوت: «بۆچی داوای خوداوەندەکانی ئەو گەلەت کرد کە نەیانتوانی گەلەکەی خۆیان لە دەستت دەرباز بکەن؟»

١٦کاتێک هێشتا قسەی لەگەڵ دەکرد، پێی گوت: «ئایا تۆیان کردووە بە ڕاوێژکاری پاشا؟ بێدەنگ بە با نەتکوژن!» ئەو کاتە پێغەمبەرەکە وەستا، بەڵام گوتی: «زانیم کە خودا بڕیاری داوە بە لەناوبردنت، چونکە ئەمەت کرد و گوێت لە ڕاوێژم نەگرت.»

١٧پاش ئەوەی ئەمەسیای پاشای یەهودا ڕاوێژی کرد، ناردی بەدوای یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی کوڕی یێهوی پاشای ئیسرائیلدا و گوتی: «وەرە، با ڕووبەڕوو شەڕ بکەین.»

١٨یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیلیش وەڵامی ئەمەسیای پاشای یەهودای دایەوە و گوتی: «دڕکی لوبنانی ناردی بۆ لای دار ئورزی لوبنانی و گوتی: ”کچەکەت بدە بە کوڕەکەم تاکو ببێتە ژنی،“ ئینجا ئاژەڵێکی کێوی لە لوبنان بەسەر دڕکەکەدا ڕۆیشت و پانی کردەوە.

١٩تۆ گوتت ئەدۆمم شکاندووە، ئێستا لەخۆبایی بوویت، شانازیت کرد هەتا ڕێزداربیت، لە ماڵی خۆت بمێنەوە! بۆچی بەڵا بەسەر خۆتدا دەهێنیت؟ ئینجا دەکەویت، خۆت و یەهوداش لەگەڵت.»

٢٠بەڵام ئەمەسیا گوێی نەگرت، ئەمەش لەلایەن خوداوە بوو، چونکە خودا ویستی بیانداتە دەستی یەهۆئاش، لەبەر ئەوەی ڕوویان لە خوداوەندەکانی ئەدۆم کرد.

٢١لەبەر ئەوە یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل هێرشی برد، لەگەڵ ئەمەسیای پاشای یەهودا لە بێت‌شەمەشی یەهودا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە.

٢٢لە ئەنجامدا یەهودا بەرامبەر بە ئیسرائیل تێکشکان، هەرکەسە و بەرەو ماڵەکەی خۆی هەڵات.

٢٣ئەمەسیای پاشای یەهودا، کوڕی یۆئاشی کوڕی ئەحەزیا، لەلایەن یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیلەوە لە بێت‌شەمەش بە دیل گیرا. پاشان یەهۆئاش هێنای بۆ ئۆرشەلیم و شوورای ئۆرشەلیمی لە دەروازەی ئەفرایمەوە هەتا دەروازەی گۆشەکە وێران کرد، کە چوار سەد باڵ بوو.

٢٤هەموو زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکانی ناو پەرستگای خودا کە لەلای عوبێد ئەدۆم بوو، هەروەها گەنجینەکانی کۆشکی پاشا و بارمتەکانی برد و گەڕایەوە سامیرە.

٢٥ئەمەسیای کوڕی یۆئاشی پاشای یەهوداش لەدوای مردنی یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی پاشای ئیسرائیل، پازدە ساڵ ژیا.

٢٦ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەمەسیا لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە پەڕتووکی پاشاکانی یەهودا و ئیسرائیل تۆمار کراون.

٢٧لەو کاتەوەی کە ئەمەسیا لە یەزدان هەڵگەڕایەوە، لە ئۆرشەلیم پیلانیان لە دژی گێڕا و هەڵات بۆ لاخیش، ئینجا چەند پیاوێکیان بەدوایدا ناردە شاری لاخیش و لەوێ کوشتیان.

٢٨بە ئەسپ هێنرایەوە ئۆرشەلیم و لەوێ لە شاری یەهودا لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.