١لە کۆتایی ئەو بیست ساڵەی کە سلێمان تێیدا پەرستگای یەزدان و کۆشکەکەی خۆی بنیاد دەنا،
٢سلێمان ئەو گوندانەی بنیاد نایەوە کە حیرامی پاشا پێیدا و نەوەی ئیسرائیلی تێیاندا نیشتەجێ کرد.
٣ئینجا سلێمان چوو بۆ حەمات چۆڤا و گرتی.
٤هەروەها تەدمۆری لە چۆڵەوانیدا ئاوەدان کردەوە، لەگەڵ هەموو ئەو کۆگایانەی کە لە حەماتدا بنیادی نابوون.
٥ئینجا بێتحۆرۆنی سەروو و بێتحۆرۆنی خوارووی بنیاد نایەوە و کردنی بە شاری قەڵابەند بە شوورا و دەروازە و شمشیرە.
٦شارۆچکەی بەعەلاتیشی ئاوەدان کردەوە، لەگەڵ هەموو کۆگاکانی سلێمان، هەروەها ئەو شارۆچکانەی سەربازگەی گالیسکە و ئەو شارۆچکانەی سەربازگەی ئەسپ سوارەکان و هەموو ئەوەی سلێمان ئارەزووی کرد لە ئۆرشەلیم و لە لوبنان و لە هەموو خاکی ژێر دەسەڵاتی خۆی بنیادی بنێت.
٧هەروەها هەموو ئەو خەڵکەی پاشماوەی حیتی و ئەمۆری و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان بوون، کە لە نەوەی ئیسرائیل نەبوون،
٨پاشماوەی ئەم هەموو نەتەوانەی کە نەوەی ئیسرائیل لەناویان نەبردبوون سلێمان وەک کۆیلە بێگاری بەسەردا سەپاندن، هەتا ئەمڕۆش بەسەریان سەپێنراوە.
٩بەڵام سلێمان بۆ کارەکەی کەسی لە نەوەی ئیسرائیل نەکردە کۆیلە، چونکە ئەوان پیاوی جەنگ و ئەفسەری باڵا، ئەفسەری گالیسکە و گالیسکەسوارەکانی بوون.
١٠ئەمانەش ئەو کاربەدەستە باڵایانەی سلێمان پاشا بوون، دوو سەد و پەنجا چاودێر لەسەر ئەو خەڵکەی کارەکەیان دەکرد.
١١سلێمان کچەکەی فیرعەونی لە شاری داودەوە بردە ئەو کۆشکەی کە بۆی بنیاد نا، چونکە گوتی: «ژنی من لە کۆشکی داودی پاشای ئیسرائیل دانانیشێت، لەبەر ئەوەی ئەو شوێنانەی سندوقی یەزدانی چووەتە ناو شوێنی پیرۆزن.»
١٢ئینجا سلێمان قوربانی سووتاندنی بۆ یەزدان سەرخستە سەر ئەو قوربانگایەی یەزدان کە لەبەردەم هەیوانەکە بنیادی نا.
١٣قوربانی سووتاندنەکان هەریەکە و لە ڕۆژی خۆی، بەپێی فەرمانەکەی موسا، لە شەممەکان و سەرەمانگەکان و جەژنە دیاریکراوەکان، ساڵانە سێ جار، لە جەژنی فەتیرە و لە جەژنی هەفتەکان و لە جەژنی کەپرەشینە.
١٤ئینجا بەپێی بڕیاری داودی باوکی، سلێمان بەشی کاهینەکانی بەگوێرەی خزمەتەکانیان دیاری کرد، هەروەها لێڤییەکانی لەسەر ئەرکی خۆیان دانا بۆ ستایشکردن و یارمەتیدانی کاهینەکان، هەریەکە بەگوێرەی پێداویستییەکانی ڕۆژەکەی خۆی. دەرگاوانەکانیشی لە بەشەکانی خۆیان دانا لەسەر هەموو دەرگاکان، چونکە ئەمە فەرمانەکەی داودی پیاوی خودا بوو.
١٥لە فەرمانەکانی پاشا لایان نەدا کە سەبارەت بە کاری کاهین و لێڤییەکان درابوو، هەروەها بە کاری گەنجینەکانیش.
١٦بەم شێوەیە هەموو کارەکانی سلێمان ئامادە کرا، لە ڕۆژی بناغەدانانییەوە هەتا تەواوبوونی، ئیتر پەرستگای یەزدان تەواو بوو.
١٧ئینجا سلێمان چوو بۆ عەچیۆن گەڤەر و ئێلەت لەسەر کەناری دەریا لە خاکی ئەدۆم.
١٨حیرام بەدەستی ئەفسەرە کەشتیوانە شارەزاکانی لە دەریا چەند کەشتییەکی نارد، ئەوانیش لەگەڵ خزمەتکارەکانی سلێماندا چوونە ئۆفیر و لەوێوە چوار سەد و پەنجا تالنت زێڕیان هەڵگرت و بۆ سلێمانی پاشایان هێنا.