کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدووەم کۆرنسۆس

دووەم کۆرنسۆس ١٣

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەمە سێیەم جارە کە دێمە لاتان. ﴿هەر بابەتێک لەسەر زاری دوو یان سێ شایەت ڕاستییەکەی دەسەلمێنرێت.﴾

٢پێشتر گوتوومە وەک دووەم جار لەلاتان بووم و ئێستاش کە لێتان دوورم دەیڵێمەوە، بۆ ئەوانەی پێشتر گوناهیان کردووە و بۆ هەموو ئەوانەی دیکەش: کە دێمەوە بەزەییم نابێت،

٣چونکە ئێوە داوای بەڵگە دەکەن کە مەسیح لە ڕێگەی منەوە دەدوێت. ئەو لە هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ئێوە لاواز نییە، بەڵکو لەنێوتاندا بەهێزە.

٤هەرچەندە لە لاوازیدا لە خاچ درا، بەڵام بە هێزی خودا دەژیێت. هەروەها ئێمەش بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا لاوازین، بەڵام ئێمە لە هەڵسوکەوتکردنمان لەگەڵ ئێوە بە هێزی خودا لەگەڵ ئەودا دەژین.

٥خۆتان تاقی بکەنەوە ئاخۆ ئێوە باوەڕدارن. لە خۆتان بکۆڵنەوە. ئایا نازانن کە عیسای مەسیح لە ئێوەدایە؟ مەگەر ئەوەی لە تاقیکردنەوە سەرکەوتوو نەبووبن.

٦بەڵام هیوادارم بزانن کە ئێمە نەکەوتووین.

٧ئینجا لە خودا دەپاڕێینەوە کە ئێوە هیچ خراپەیەک نەکەن، ئەمەش لەبەر ئەوە نییە کە دەربکەوێت ئێمە بەرگەی تاقیکردنەوەمان گرتووە، بەڵکو تەنها بۆ ئەوەیە کە ئێوە چی چاک و ڕاستە بیکەن، هەرچەندە خەڵکی بە سەرکەوتوومان نەزانن،

٨چونکە ناتوانین هیچ شتێک لە دژی ڕاستی بکەین، بەڵکو لە پێناوی ڕاستی.

٩شادین کە لاوازین و ئێوە بەهێزن، نوێژی ئێمەش بۆ تەواویی ئێوەیە.

١٠بۆیە ئەمانە دەنووسم و دوورم، تاوەکو کاتێک لەلاتان ئامادە دەبم بە ڕەقی نەجوڵێمەوە، بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی مەسیحی باڵادەست پێی بەخشیوم بۆ بنیادنانتان، نەک بۆ وێرانکردنتان.

١١لە کۆتاییدا، خوشکان، برایان دڵشاد بن. بۆ کامڵی و تەواوی هەوڵ بدەن، یەکتری هانبدەن، هاوبیر بن، بە ئاشتی بژین. ئەوسا خودای خۆشەویستی و ئاشتی لەگەڵتان دەبێت.

١٢بە ماچی پیرۆز سڵاو لە یەکتری بکەن.

١٣هەموو گەلی پیرۆزی خودا لێرە سڵاوتان لێدەکەن.

١٤با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ و خۆشەویستی خودا و هاوبەشی ڕۆحی پیرۆز لەگەڵ هەمووتان بێت.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.