١سەبارەت بە خزمەتکردنی گەلی پیرۆزی خودا، پێویست ناکات بۆتان بنووسم،
٢چونکە پەرۆشیتان دەزانم و لەلای مەکدۆنییەکان شانازیم پێوە کردووە، کەوا ئێوە لە ئەخایا لە پارەوە ئامادەبوون و دڵگەرمیتان زۆربەیانی جۆشدا.
٣بەڵام برایان دەنێرم، نەوەک شانازیکردنمان پێتانەوە بەفیڕۆ بڕوات، تاکو ئامادەبن هەروەک گوتم،
٤چونکە ئەگەر هەندێک لە مەکدۆنییەکان لەگەڵم بێن و ببینن کە ئێوە هێشتا ئامادە نین، ئەوا ئێمە شەرمەزار دەبین بەهۆی ئەو متمانەیەی بە ئێوەمان هەبوو، ئیتر با باسی ئەوەش نەکەم کە ئێوە چەندە شەرمەزار دەبن.
٥بۆیە بە پێویستم زانی لە برایان بپاڕێمەوە، تاکو پێشڕەوی بکەن بۆ لاتان و زوو ئەو بەخشینەتان ڕێکبخەن کە پێشتر بەڵێنتان دابوو، تاکو وەک بەخشینێکی لە دڵفراوانییەوە بێت، نەک لە ناچارییەوە بێت.
٦ئەمەش بزانن: «ئەوەی کەم بچێنێت کەم دەدروێتەوە، ئەوەی بە دڵفراوانی بچێنێ بە دڵفراوانی دەدروێتەوە.»
٧با هەریەکە ئەوەندەی لەسەر دڵیەتی بیدات، نەک بە دڵتەنگی و ناچاری، چونکە ئەوەی بە دڵخۆشییەوە ببەخشێت خودا خۆشی دەوێت.
٨خوداش دەتوانێت هەموو نیعمەتێکتان بەسەردا بڕژێنێت، تاوەکو ئێوە هەمیشە هەموو ئەو شتانەتان هەبێت کە پێویستتانە، بۆ ئەوەی لە هەموو کارێکی باشدا سەرڕێژ بن.
٩وەک نووسراوە: ﴿بە دڵفراوانییەوە بە هەژارانی بەخشیوە، ڕاستودروستییەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە.﴾
١٠جا ئەو خودایەی تۆو بۆ جوتیار و نان بۆ خۆراک دابین دەکات، تۆوتان بۆ دابین دەکات و چەند هێندەی دەکات و بەرهەمی ڕاستودروستیتان زیاد دەکات.
١١لە هەموو شتێکدا دەوڵەمەند دەبن تاکو هەموو کاتێک دڵفراوان بن، دڵفراوانییەکەتان لە ڕێگەی ئێمەوە سوپاسی خودای لێدەکەوێتەوە.
١٢ئەم خزمەتەی ئێوە دەیکەن، تەنها پێداویستییەکانی گەلی پیرۆزی خودا پڕ ناکاتەوە، بەڵکو وا دەکات کە زۆر کەس سوپاسی خودا بکەن.
١٣لە ڕێگەی ئەو خزمەتەوە کە دەیکەن ئێوە خۆتان سەلماندووە، شکۆمەندی خودا دەردەخەن بە گوێڕایەڵی و دانپێدانانتان بە پەیامی ئینجیلی مەسیح، هەروەها دڵفراوانیتان لە بەشداریتان لەگەڵ ئەوان و هەموو لایەک.
١٤هەروەها لە پاڕانەوەیان بۆ ئێوە، تامەزرۆی بینینی ئێوەن لەبەر ئەو نیعمەتە لە ڕادەبەدەرەی خودا کە پێتان دراوە.
١٥سوپاس بۆ خودا لە پێناوی ئەم بەخشینەی کە بە دەم باس ناکرێت.