کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدووەم پاشایان

دووەم پاشایان ١٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١لە ساڵی حەوتەمی پاشایەتی یێهو، یۆئاش بوو بە پاشا و چل ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکی ناوی چیڤیا بوو، خەڵکی بیری شابەع بوو.

٢یۆئاش لەبەرچاوی یەزدان ئەوەی ڕاست بوو کردی لە هەموو ئەو ماوەیەی کە یەهۆیاداعی کاهین فێری دەکرد.

٣بەڵام نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران و گەل هێشتا لەسەر بەرزاییەکان قوربانییان سەردەبڕی و بخووریان دەسووتاند.

٤یۆئاش بە کاهینەکانی گوت: «هەموو زیوە پیرۆزکراوەکانی هاتووەتە ناو پەرستگای یەزدان، زیوی داهاتەکان و زیوە نەزرکراوەکان و زیوە بەخشراوەکان کۆبکەنەوە.

٥با هەر کاهینێک لە یەکێک لە خەزنەدارەکان زیو وەربگرێت، هەر داڕووخاوییەکیان لە پەرستگا بینییەوە چاکی بکەنەوە.»

٦بەڵام لە ساڵی بیست و سێیەمی یۆئاشی پاشا هێشتا کاهینەکان داڕووخاوییەکانی پەرستگاکەیان چاک نەکردبووەوە.

٧لەبەر ئەوە یۆئاشی پاشا یەهۆیاداعی کاهین و کاهینەکانی دیکەی بانگکرد و لێی پرسین: «بۆچی داڕووخاوی پەرستگاکەتان چاک نەکردووەتەوە؟ ئێستاش بۆ پێداویستییەکانی خۆتان زیو لە خەزنەدارەکان وەرمەگرن، بەڵکو دایبنێن بۆ چاککردنەوەی داڕووخاوییەکانی پەرستگاکە.»

٨ئینجا کاهینەکان ڕازی بوون لەسەر ئەوەی زیو لە گەل وەرنەگرن و خۆشیان داڕووخاوییەکانی پەرستگاکە چاکنەکەنەوە.

٩ئینجا یەهۆیاداعی کاهین سندوقێکی هێنا و کونێکی لە سەرەکەی کرد و لە نزیک قوربانگاکە داینا، لەلای ڕاستی شوێنی هاتنە ژوورەوەی خەڵکەکە بۆ ناو پەرستگای یەزدان. کاهینەکانیش ئەوانەی چاودێری دەروازەکەیان دەکرد، هەموو ئەو زیوەی هاتبووە پەرستگای یەزدانەوە تێیدا دایاننا.

١٠ئەوە بوو کاتێک بینییان زیوەکە لە سندوقەکە زۆر بووە، خامەی نهێنی پاشا و سەرۆک کاهین سەرکەوتن و ئەو زیوەی لە پەرستگای یەزدان بوو ژماردیان و لە کیسەیان کرد.

١١ئینجا زیوە ژمێردراوەکەیان دایە دەست ئەوانەی بە کارەکە هەڵدەستان، سەرپەرشتیارانی پەرستگای یەزدان، ئەوانیش خەرجیان کرد بۆ ئەوانەی لە پەرستگای یەزدان کاریان دەکرد: دارتاش، بیناساز،

١٢بەنا، نەقاڕەکان. هەروەها بۆ کڕینی دار و بەردی بڕاو بۆ چاککردنەوەی داڕووخاوی پەرستگای یەزدان و بۆ هەموو ئەوەی خەرج دەکرێت لە نۆژەنکردنەوەی پەرستگاکە.

١٣بەڵام بۆ پەرستگای یەزدان تەشتی زیو، مەقەست، تاس و کەڕەنا دروستنەکران، نە هیچ کەلوپەلێکی زێڕ و زیو، لەو زیوەی هاتبووە ناو پەرستگای یەزدانەوە.

١٤بەڵکو درانە ئەوانەی کە بە کارەکە هەڵدەستان و پەرستگای یەزدانیان پێ چاک دەکردەوە.

١٥لەو پیاوانەشیان نەدەکۆڵییەوە کە زیوەکەیان دەدانە دەست هەتا بیدەنە ئەوانەی کە بە کارەکە هەڵدەستان، چونکە بە دەستپاکییەوە کاریان دەکرد.

١٦بەڵام زیوی قوربانی تاوان و زیوی قوربانی گوناه، نەخرایە ناو پەرستگای یەزدانەوە، بەڵکو بۆ کاهینەکان بوو.

١٧لەو کاتە حەزائێلی پاشای ئارام چوو هێرشی کردە سەر گەت و گرتی. ئینجا ڕووی لە ئۆرشەلیم کرد هەتا هێرشی بکاتە سەر.

١٨یۆئاشی پاشای یەهوداش هەموو شتە تەرخانکراوەکانی یەهۆشافات و یەهۆرام و ئەحەزیای باوباپیرانی، پاشایانی یەهودا، لەگەڵ شتە پیرۆزکراوەکانی خۆی و هەموو زێڕی ناو گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشای برد و ناردنی بۆ حەزائێلی پاشای ئارام، ئەویش لە ئۆرشەلیم کشایەوە.

١٩ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یۆئاش و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.

٢٠پاشان کاربەدەستەکانی هەستان و پیلانێکیان گێڕا، لە بێت‌میلۆ کە لەسەر ڕێگای سیڵایە یۆئاشیان کوشت.

٢١هەردوو خزمەتکارەکەی، یۆزاڤادی کوڕی شیمەعات و یەهۆزاڤادی کوڕی شۆمێر لێیاندا. یۆئاش کوژرا و لەگەڵ باوباپیرانی لە شاری داود نێژرا. ئیتر ئەمەسیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.