کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدووەم پاشایان

دووەم پاشایان ١٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١لە ساڵی دووەمی پاشایەتی یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی پاشای ئیسرائیل، ئەمەسیای کوڕی یۆئاش بوو بە پاشای یەهودا.

٢کاتێک بوو بە پاشا تەمەنی بیست و پێنج ساڵ بوو، بیست و نۆ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکیشی ناوی یەهۆعەدین بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو.

٣ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی، بەڵام نەک وەکو داودی باپیرە گەورەی، بەڵکو وەک هەموو ئەوەی یۆئاشی باوکی کردی ئەویش کردی.

٤لەگەڵ ئەوەش نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران، هێشتا گەل لەسەر بەرزاییەکان قوربانییان سەردەبڕی و بخووریان دەسووتاند.

٥کاتێک جڵەوی پاشایەتییەکە لە دەستی جێگیر بوو، سزای مردنی بەسەر ئەو کاربەدەستانەدا سەپاند کە پاشای باوکیان کوشتبوو.

٦بەڵام کوڕی بکوژەکانی نەکوشت، بەگوێرەی ئەوەی لە پەڕتووکی تەوراتی موسادا نووسراوە، کە یەزدان فەرمانی داوە و فەرموویەتی: «باوک لە جیاتی کوڕ ناکوژرێت و کوڕ لە جیاتی باوک ناکوژرێت، هەر یەکێک لەسەر گوناهی خۆی دەکوژرێت.»

٧ئەوە بوو لە دۆڵی خوێ دە هەزار کەسی لە ئەدۆم کوشت و بە جەنگ سەلەعی گرت و ناوی لێنا یۆقتئێل، هەتا ئەمڕۆش ئەوە ناویەتی.

٨پاشان ئەمەسیا نێردراوی ناردە لای یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی کوڕی یێهوی پاشای ئیسرائیل و پێی گوت: «وەرە، با ڕووبەڕوو شەڕ بکەین.»

٩یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیلیش وەڵامی ئەمەسیای پاشای یەهودای دایەوە و گوتی: «دڕکی لوبنانی ناردی بۆ لای دار ئورزی لوبنانی و گوتی: ”کچەکەت بدە بە کوڕەکەم تاکو ببێتە ژنی.“ ئینجا ئاژەڵێکی کێوی لە لوبنان بەسەر دڕکەکەدا ڕۆیشت و پانی کردەوە.

١٠تۆ ئەدۆمت شکاند، ئێستا لەخۆبایی بوویت. بەڕێزبە و لە ماڵی خۆت بمێنەوە! بۆچی بەڵا بەسەر خۆتدا دەهێنیت؟ ئینجا دەکەویت، خۆت و یەهوداش لەگەڵت.»

١١بەڵام ئەمەسیا گوێی نەگرت، لەبەر ئەوە یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل هێرشی برد، لەگەڵ ئەمەسیای پاشای یەهودا لە بێت‌شەمەشی یەهودا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە.

١٢لە ئەنجامدا یەهودا بەرامبەر بە ئیسرائیل تێکشکان، هەرکەسە و بەرەو ماڵەکەی خۆی هەڵات.

١٣ئەمەسیای پاشای یەهودا، کوڕی یۆئاشی کوڕی ئەحەزیا، لەلایەن یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیلەوە لە بێت‌شەمەش بە دیل گیرا. پاشان یەهۆئاش چوو بۆ ئۆرشەلیم و شوورای ئۆرشەلیمی لە دەروازەی ئەفرایمەوە هەتا دەروازەی گۆشەکە وێران کرد، کە چوار سەد باڵ بوو.

١٤هەموو زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکانی ناو پەرستگای یەزدان و ناو گەنجینەکانی کۆشکی پاشای برد، هەروەها چەندین بارمتەی گرت و گەڕایەوە سامیرە.

١٥ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆئاش، ئەوەی کردی و پاڵەوانییەکەی کە نواندی، چۆن لە دژی ئەمەسیای پاشای یەهودا جەنگا، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.

١٦یەهۆئاش لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە سامیرە لەگەڵ پاشاکانی ئیسرائیلدا نێژرا. ئیتر یارۆڤعامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

١٧ئەمەسیای کوڕی یۆئاشی پاشای یەهوداش لەدوای مردنی یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی پاشای ئیسرائیل، پازدە ساڵ ژیا.

١٨ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەمەسیا لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.

١٩لە ئۆرشەلیم پیلانیان لە دژی گێڕا و هەڵات بۆ لاخیش، ئینجا چەند پیاوێکیان بەدوایدا ناردە شاری لاخیش و لەوێ کوشتیان.

٢٠بە ئەسپ هێنرایەوە ئۆرشەلیم و لەوێ لە شاری داود لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا.

٢١پاشان هەموو گەلی یەهودا عەزەریای گەنجی شازدە ساڵانیان برد و لە جێی ئەمەسیای باوکی کردیانە پاشا.

٢٢ئەو بەندەری ئێلەتی بنیاد ناوە و گەڕاندییەوە سەر یەهودا، پاش ئەوەی ئەمەسیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە.

٢٣لە ساڵی پازدەیەمینی پاشایەتی ئەمەسیای کوڕی یۆئاشی پاشای یەهودا، یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل ماوەی چل و یەک ساڵ لە سامیرە پاشایەتی کرد.

٢٤لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، لە هیچ یەکێک لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.

٢٥ئەو بوو کە سنوورەکانی ئیسرائیلی گەڕاندەوە، لە دەروازەی حەماتەوە هەتا دەریای مردوو، بەپێی فەرمایشتی یەزدان کە لە ڕێگەی بەندەکەیەوە، لە ڕێگەی یونسی کوڕی ئەمیتەیەوە فەرمووبووی، ئەو پێغەمبەرەی خەڵکی گەت حێفەر بوو.

٢٦یەزدان زەلیلیی تاڵی کۆیلە و ئازادی ئیسرائیلی بینی، کەس نییە یارمەتی ئیسرائیل بدات.

٢٧یەزدانیش نەیفەرمووبوو کە ناوی ئیسرائیل لەژێر ئاسماندا دەسڕێتەوە، جا بە دەستی یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاش ڕزگاری کردن.

٢٨ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یارۆڤعام و هەموو ئەوەی کردی و پاڵەوانییەکەی، چۆن جەنگا و چۆن دیمەشق و حەماتی گەڕاندەوە سەر ئیسرائیل، کە پێشتر سەر بە یەهودا بوون، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.

٢٩یارۆڤعام لەگەڵ باوباپیرانی، لەگەڵ پاشاکانی ئیسرائیل سەری نایەوە. ئیتر زەکەریای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.