کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدووەم پاشایان

دووەم پاشایان ١٩

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١کاتێک حەزقیای پاشا گوێی لەمە بوو، جلەکانی لەبەر خۆیدا دادڕی و بەرگی لە گوش دروستکراوی پۆشی و چووە ناو پەرستگای یەزدان.

٢ئینجا ئەلیاقیمی سەرپەرشتیاری کۆشک و شەڤنای خامەی نهێنی و کاهینانی باڵا کە هەموویان جلوبەرگی گوشیان پۆشیبوو ناردیانە لای ئیشایا پێغەمبەری کوڕی ئامۆچ،

٣پێیان گوت: «حەزقیا دەڵێت، ئەمڕۆ ڕۆژی تەنگانە و سەرزەنشت و سووکایەتییە، وەک کاتێک کە کۆرپە لە سکی دایکیدا ئامادەیە بێتە دەرەوە، بەڵام دایکەکەی هێزی پاڵدانی نییە بۆ ئەوەی منداڵەکەی ببێت.

٤بەڵکو یەزدانی پەروەردگارت گوێی لە هەموو قسەکانی فەرماندەی ناوچەکە بێت، کە گەورەکەی، پاشای ئاشور ناردی، تاکو سووکایەتی بە خودای زیندوو بکات، با یەزدانی پەروەردگارت سەرزەنشتی بکات لەسەر ئەو قسانەی یەزدانی پەروەردگارت گوێی لێبوو. ئیتر نوێژ بکە لە پێناوی ئەوانەی ماونەتەوە.»

٥کاتێک خزمەتکارەکانی حەزقیای پاشا هاتنە لای ئیشایا،

٦ئیشایاش پێی گوتن: «بە گەورەکەتان بڵێن: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: لەو قسانە مەترسە کە گوێت لێیان بوو، کە خزمەتکارەکانی پاشای ئاشور کفریان بەرامبەر بە من کرد.

٧گوێ بگرە! من وای لێ دەکەم هەواڵێک ببیستێت و بگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی، لەوێش بە شمشێر لەناوی دەبەم.“»

٨کاتێک فەرماندەی ناوچەکە بیستییەوە کە پاشای ئاشور لاخیشی بەجێهێشتووە، کشایەوە، بینی پاشای ئاشور لە دژی لیڤنا دەجەنگێت.

٩سەنحێریب دەربارەی تیرهاقای پاشای کوش هەواڵی پێگەیشت کە لە میسرەوە لە دژی ئەو سوپای جوڵاندووە. ئیتر دیسان نێردراوی بۆ لای حەزقیا نارد و گوتی:

١٠«بە حەزقیای پاشای یەهودا بڵێن: ڕێگا مەدە خوداوەندەکەت ئەوەی کە پشتت پێی بەستووە فریوت بدات بەوەی کە دەڵێت: ”ئۆرشەلیم ناکەوێتە دەست پاشای ئاشور.“

١١بە دڵنیاییەوە تۆ خۆت بیستووتە کە پاشاکانی ئاشور چییان بە هەموو خاکەکان کردووە، بە تەواوی لەناویانبردوون. ئایا تۆ دەرباز دەبیت؟

١٢ئایا خوداوەندەکانی ئەو نەتەوانە فریای ئەوان کەوتن، ئەو نەتەوانەی باوباپیرانم لەناویانبردن، خوداوەندەکانی گۆزان و حەڕان و ڕەچەف و نەوەی عەدەن ئەوەی لە تێل‌ئەسار بوو؟

١٣کوان پاشای حەمات و پاشای ئەرپاد و پاشای شارەکانی سفەرڤەیم، هێنەع و عیڤا؟»

١٤حەزقیا نامەکەی لە دەستی نێردراوەکان وەرگرت و خوێندییەوە. ئینجا سەرکەوت بۆ پەرستگای یەزدان، لەبەردەم یەزدان ڕایخست.

١٥حەزقیا نوێژی بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، تۆ لەسەر تەخت لەنێوان کەڕوبەکان دانیشتوویت، تۆ بە تەنها خودای هەموو شانشینەکانی زەویت، تۆ ئاسمان و زەویت دروستکرد.

١٦ئەی یەزدان، گوێ شل بکە و ببیستە، ئەی یەزدان، چاوەکانت بکەرەوە و ببینە، گوێ لە پەیامەکەی سەنحێریب بگرە کە ناردوونی، هەتا سووکایەتی بە خودای زیندوو بکات.

١٧«ئەی یەزدان، ئەوە ڕاستە کە پاشاکانی ئاشور ئەم نەتەوانە و خاکەکانیان وێران کردووە.

١٨خوداوەندەکانیشیان لێ فڕێدانە ناو ئاگرەوە و لەناویانبردن، چونکە ئەوانە خودا نەبوون، بەڵکو تەنها دار و بەرد و دەستکردی مرۆڤ بوون.

١٩ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، لە دەستی ئەو ڕزگارمان بکە، تاکو هەموو شانشینەکانی زەوی بزانن کە بە تەنها تۆ، ئەی یەزدان، خودایت.»

٢٠ئینجا ئیشایای کوڕی ئامۆچ ناردی بۆ لای حەزقیا و گوتی: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەفەرموێت: گوێم لە نوێژەکەت بوو سەبارەت بە سەنحێریبی پاشای ئاشور.

٢١ئەمە ئەو فەرمایشتەیە کە یەزدان لەسەر ئەو فەرموویەتی: «”سییۆنی کچە پاکیزە بێزت لێ دەکاتەوە و گاڵتەت پێ دەکات. ئۆرشەلیمی کچ، کە تۆ هەڵدێیت پێت پێدەکەنێت.

٢٢سووکایەتی و کفرت بە کێ کرد؟ دەنگت بەسەر کێدا بەرز کردەوە و چاوەکانت بە فیزەوە هەڵدەبڕیت؟ لەسەر خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل!

٢٣لەسەر دەستی نێردراوەکانت سووکایەتیت بە پەروەردگار کرد. هەروەها دەڵێیت: ’بە زۆری گالیسکەکانمەوە من سەرکەوتمە سەر بەرزایی چیاکان، هەتا ئەوپەڕی لوبنان. بەرزترین دار ئورز و باشترین دار سنەوبەرم بڕییەوە. چوومە ئەوپەڕی سنوورەکانی، ناو چڕی دارستانەکانی.

٢٤من لە خاکی بێگانەکان چەندین بیرم لێدا و ئاوم لێیان خواردەوە. بە بنی پێیەکانم هەموو لقەکانی نیلم کوێر کردەوە.‘

٢٥«”ئەی گوێت لێ نەبووە؟ من لەمێژە دیاریم کردووە، لە ڕۆژگاری کۆنەوە نەخشەم کێشاوە، ئێستاش دەیهێنمە دی، کە تۆ بێیت شارە قەڵابەندەکان بڕووخێنیت، هەتا ببنە وێرانەیەک لە کەڵەکە بەرد.

٢٦دانیشتووانەکانیان بێ دەسەڵاتن، ڕەنگ زەرد و شەرمەزار بوون، بوونە گیای کێڵگە، ڕووەکی سەوز، گژوگیای سەربان، هەڵبزڕکاو بەر لەوەی گەشە بکات.

٢٧«”بەڵام من هەستان و دانیشتنت و کاتی هاتوچۆکەت دەزانم، هەروەها هەڵچوونت لە دژی من.

٢٨لەبەر ئەوەی هەڵچوونت لێم و خۆبەزلزانیت گەیشتنە گوێم، قولاپەکەم دەخەمە لووتت و لغاوەکەم لە لێوەکانت و بەو ڕێگایەدا دەتنێرمەوە کە لێوەی هاتوویت.“

٢٩«ئەی حەزقیا، ئەمەش نیشانەیە بۆ تۆ: «ئەم ساڵ دەغڵی خۆڕسک دەخۆن، ساڵی دووەم ئەوەی لەوەوە بەردەگرێت، بەڵام لە ساڵی سێیەم دەکێڵن و دەدورنەوە و مێو دەچێنن و لە بەرەکەی دەخۆن.

٣٠ئەوانەی لە بنەماڵەی یەهودا دەرباز بوون و ماونەتەوە، جارێکی دیکە لە ژێرەوە ڕەگ دادەکوتن و لە سەرەوەش بەر دەگرن.

٣١لە ئۆرشەلیمەوە پاشماوەیەک بڵاو دەبنەوە و دەربازبووانیش لە کێوی سییۆنەوە، دڵگەرمی یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەکات.

٣٢«لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی پاشای ئاشورەوە ئەمە دەفەرموێت: «نایەتە ناو ئەم شارەوە و تیرێکیش بۆ ئەوێ ناهاوێژێت. بە قەڵغانیشەوە لێی نایەتە پێشەوە و سەنگەریشی لێ ناگرێت.

٣٣نایەتە ناو ئەم شارەوە، بەو ڕێگایەدا دەگەڕێتەوە کە پێیدا هاتووە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

٣٤بەرگری لەم شارە دەکەم و دەیپارێزم، لە پێناوی خۆم و لە پێناوی داودی بەندەم.»

٣٥ئیتر لەو شەوەدا فریشتەی یەزدان هات و سەد و هەشتا و پێنج هەزار کەسی لەناو ئۆردوگای ئاشور کوشت، بەیانی زوو کە هەستان بینییان هەموویان لاشەی مردوون.

٣٦ئینجا سەنحێریبی پاشای ئاشور دەستی کێشایەوە و ڕۆیشت، گەڕایەوە و لە نەینەوا مایەوە.

٣٧لەدوای ئەوە، کاتێک سەنحێریب لە پەرستگای نیسرۆخی خوداوەندی کڕنۆشی بردبوو، هەردوو کوڕەکەی، ئەدرەمەلەک و سەرئەچەر، بە شمشێر لێیاندا و ڕایانکرد بۆ خاکی ئارارات. ئیتر ئێسەرحەدۆنی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.