کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدووەم پاشایان

دووەم پاشایان ٢٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١یۆشیا کوڕێکی هەشت ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، سی و یەک ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی یەدیدای کچی عەدایای خەڵکی بۆچقەت بوو.

٢یۆشیا ئەوەی ڕاست بوو لەبەرچاوی یەزدان کردی، بە تەواوی ڕێبازەکەی داودی باپیرە گەورەی پەیڕەو کرد، بەلای ڕاست و چەپدا لای نەدا.

٣لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتییەکەی، پاشا شافانی خامەی نهێنی کوڕی ئەچەلیاهوی کوڕی مەشولامی ناردە پەرستگای یەزدان و گوتی:

٤«بڕۆ لای حیلقیای سەرۆکی کاهین، با ئەو زیوە بژمێرێت کە خراوەتە ناو پەرستگای یەزدانەوە، ئەوەی دەرگەوانەکان لەنێو گەل کۆیان کردووەتەوە.

٥با بدرێتە دەست سەرپەرشتیارەکانی کارەکەی پەرستگای یەزدان، ئەوانیش بیدەنە ئەو کرێکارانەی داڕووخاوییەکانی پەرستگای یەزدان چاک دەکەنەوە،

٦دارتاش و وەستا و نەقاڕەکان. با دار و بەردی تاشراو بۆ نۆژەنکردنەوەی پەرستگاکە بکڕن.

٧بەڵام هیچ لێپێچینەوەیەکیان لەگەڵ نەکرێت سەبارەت بەو زیوەی خرایە دەستیان، چونکە بە دەستپاکییەوە کار دەکەن.»

٨ئینجا حیلقیای سەرۆک کاهین بە شافانی خامەی نهێنی گوت: «لە پەرستگای یەزدان پەڕتووکی تەوراتم دۆزیوەتەوە.» حیلقیا پەڕتووکەکەی دایە شافان و ئەویش خوێندییەوە.

٩پاشان شافانی خامەی نهێنی پەڕتووکەکەی بۆ لای پاشا برد و پێی ڕاگەیاند: «کاربەدەستەکانت زیوی ناو پەرستگاکەیان بەتاڵ کرد و دایانە دەست کرێکار و سەرپەرشتیارانی پەرستگای یەزدان.»

١٠هەروەها شافانی خامەی نهێنی بە پاشای ڕاگەیاند و گوتی: «حیلقیای کاهین پەڕتووکێکی دامێ.» ئینجا شافان لەبەردەم پاشا خوێندییەوە.

١١کاتێک پاشا گوێی لە وشەکانی پەڕتووکی تەورات بوو، جلەکانی لەبەر خۆی دادڕی.

١٢ئینجا پاشا فەرمانی بە حیلقیای کاهین و ئەحیقامی کوڕی شافان و عەکبۆری کوڕی میخایو و شافانی خامەی نهێنی و عەسایای خزمەتکاری پاشا کرد و گوتی:

١٣«بڕۆن و لە جیاتی من و ئەم گەلە و لە جیاتی هەموو یەهودا پرسیار لە یەزدان بکەن، سەبارەت بە پەیامی ئەم پەڕتووکەی کە دۆزراوەتەوە، چونکە ئەو تووڕەییەی یەزدان کە بەسەرماندا گڕی گرتووە مەزنە، لەبەر ئەوەی باوباپیرانمان گوێیان لە وشەکانی ئەم پەڕتووکە نەگرت بۆ ئەوەی هەموو ئەوەی لەسەرمان نووسراوە پەیڕەوی بکەن.»

١٤ئینجا حیلقیای کاهین و ئەحیقام و عەکبۆر و شافان و عەسایا چوونە لای حولدای پێغەمبەر کە ژنی شەلومی کوڕی تیقڤای کوڕی حەرحەسی لێپرسراوی جلوبەرگەکانی پەرستگا بوو، ئەو لە گەڕەکی دووەمی ئۆرشەلیم دەژیا، ئیتر قسەیان لەگەڵی کرد.

١٥حولدایش پێی گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بەو پیاوە بڵێن کە ئێوەی بۆ لای من ناردووە،

١٦”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من وا بەڵا بەسەر ئەم شوێنە و دانیشتووانەکەی دەهێنم، بەپێی هەموو ئەوەی لەو پەڕتووکە نووسراوە کە پاشای یەهودا خوێندییەوە.

١٧لەبەر ئەوەی وازیان لێ هێنام و بخووریان بۆ خوداکانی دیکە سووتاند، هەتا بە هەموو کارەکانی دەستیان پەستم بکەن، تووڕەییم بەسەر ئەم شوێنەدا گڕ دەگرێت و ناکوژێتەوە.“

١٨بەڵام بە پاشای یەهودا ئەوەی ئێوەی ناردووە پرسیار لە یەزدان بکەن بڵێن، ”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سەبارەت بەو وشانەی گوێت لێ بوو ئەوە دەفەرموێت:

١٩لەبەر ئەوەی کاتێک گوێت لە پەیامەکەم بوو لە دژی ئێوە کە ئەم شوێنە وێران دەکەم و دانیشتووانەکەی دەبنە مایەی نەفرەت، لەبەردەم یەزدان دڵت نەرم بوو و خۆتت نزم کردەوە، جلەکانت لەبەر خۆتدا دادڕی و لەبەردەمم گریایت، هەروەها منیش گوێم لێت بوو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

٢٠لەبەر ئەوە من وا دەتخەمە پاڵ باوباپیرانت، جا بە ئاشتییەوە لە گۆڕەکەت دەنرێیت. ئەو هەموو کارەساتە بە چاوی خۆت نابینی کە من بەسەر ئەم شوێنەی دەهێنم.“» ئەوانیش وەڵامەکەیان بۆ پاشا بردەوە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.