کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدووەم پاشایان

دووەم پاشایان ٨

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەلیشەع بەو ژنەی گوتبوو کە کوڕەکەی بۆ زیندوو کردبووەوە: «لەگەڵ خێزانەکەتان بڕۆن و لە هەرکوێیەک دەتوانن ماوەیەک بمێننەوە، چونکە یەزدان بڕیاری داوە قاتوقڕی بێتە سەر ئەم خاکە، حەوت ساڵ درێژە دەکێشێت.»

٢ژنەکەش گوێڕایەڵی قسەی پیاوەکەی خودا بوو. خۆی و خێزانەکەی ڕۆیشتن و حەوت ساڵ لە خاکی فەلەستییەکان مانەوە.

٣لە کۆتایی حەوت ساڵەکە ژنەکە لە خاکی فەلەستییەکان گەڕایەوە، هانای بۆ پاشا برد بۆ بەدەستهێنانەوەی ماڵ و کێڵگەکەی.

٤پاشاش قسەی لەگەڵ گێحەزی خزمەتکاری پیاوەکەی خودا دەکرد، پێی دەگوت: «باسی هەموو ئەو کارە گەورانەم بۆ بکە کە ئەلیشەع ئەنجامی دا.»

٥لەو کاتەی گێحەزی باسی ئەوەی بۆ پاشا دەکرد کە چۆن ئەلیشەع مردووی زیندوو کردووەتەوە، ئەو ژنەی کە ئەلیشەع کوڕەکەی بۆ زیندوو کردبووەوە لەبەر ماڵەکەی و کێڵگەکەی هاواری بۆ پاشا هێنا. گێحەزیش گوتی: «پاشای گەورەم، ئەوە ژنەکەیە، ئەوەش کوڕەکەیەتی کە ئەلیشەع زیندووی کردەوە.»

٦پاشاش دەربارەی ئەوە لە ژنەکەی پرسی، ئەویش ئەوەی بۆ گێڕایەوە. ئینجا پاشا کاربەدەستێکی لەگەڵ نارد و گوتی: «هەموو ئەوەی هی ئەوە بۆی بگەڕێنەوە، لەگەڵ داهاتی کێڵگەکەی لەو ڕۆژەوەی کە زەوییەکەی بەجێهێشتووە هەتا ئێستا.»

٧ئەلیشەع هاتە دیمەشق و بەن‌هەدەدی پاشای ئارامیش نەخۆش بوو. کاتێک پێی ڕاگەیەنرا «پیاوەکەی خودا هاتووەتە ئێرە،»

٨پاشا بە حەزائێلی گوت: «دیارییەک لەگەڵ دەستت ببە و بەرەوپیری پیاوەکەی خودا بڕۆ، لە ڕێگەی ئەوەوە پرسیار لە یەزدان بکە، بزانە ئایا لەم نەخۆشییەم چاک دەبمەوە؟»

٩حەزائێلیش لەگەڵ خۆی باری چل وشتری لە هەموو بەروبوومە باشەکانی دیمەشق بە دیاری برد و چووە پێشوازی ئەلیشەع و لەبەردەمی ڕاوەستا و گوتی: «کوڕەکەت، بەن‌هەدەدی پاشای ئارام، منی بۆ لای تۆ ناردووە و دەڵێت: ”ئایا لەم نەخۆشییەم چاک دەبمەوە؟“»

١٠ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «بڕۆ و پێی بڵێ: ”بە دڵنیاییەوە چاک دەبیتەوە.“ بەڵام یەزدان پیشانی داوم کە دەمرێت!»

١١چاوی تێبڕی هەتا حەزائێل شەرم دایگرت، ئینجا پیاوەکەی خودا دەستی بە گریان کرد.

١٢حەزائێل پرسیاری کرد: «گەورەم بۆچی دەگریێت؟» ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «چونکە زانیم چ خراپەیەک بەسەر نەوەی ئیسرائیلدا دەهێنیت. ئاگر لە قەڵاکانیان بەردەدەیت، گەنجەکانیان بە شمشێر دەکوژیت، منداڵەکانیان وردوخاش دەکەیت، ورگی سکپڕەکانشیان دەدڕێنیت.»

١٣حەزائێلیش گوتی: «گەورەم، سەگێکی وەک من چۆن دەتوانێ کاری وا گەورە بکات؟» ئەلیشەعیش وەڵامی دایەوە: «یەزدان پیشانی دام کە تۆ دەبیتە پاشای ئارام.»

١٤پاشان حەزائێل لەلای ئەلیشەع ڕۆیشت و گەڕایەوە لای گەورەکەی. کاتێک بەن‌هەدەد لێی پرسی: «ئەلیشەع چی پێ گوتی؟» حەزائێل وەڵامی دایەوە: «پێی گوتم، بە دڵنیاییەوە چاک دەبیتەوە.»

١٥بەڵام ڕۆژی پاشتر، جاجمەکەی برد و لە ئاوی هەڵکێشا و دای بەسەر دەموچاوی پاشادا و هەناسەی لێ بڕی، هەر بۆیە پاشا مرد. ئیتر حەزائێل لە جێی ئەو بوو بە پاشا.

١٦لە ساڵی پێنجەمی یۆرامی کوڕی ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافاتی پاشای یەهودا، یەهۆرامی کوڕی یەهۆشافات بوو بە پاشای یەهودا.

١٧تەمەنی سی و دوو ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشا، هەشت ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد.

١٨هەمان ڕێچکەی پاشاکانی ئیسرائیل و بنەماڵەی ئەحاڤی گرتەبەر، چونکە کچەکەی ئەحاڤ ژنی بوو. لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد.

١٩لەگەڵ ئەوەشدا، یەزدان لەبەر داودی بەندەی خۆی، نەیدەویست یەهودا لەناوببات، چونکە بەڵێنی بە داود دابوو کە بۆ هەتاهەتایە چرایەک دەداتە خۆی و نەوەکانی.

٢٠لە سەردەمی پاشایەتی یەهۆرام، ئەدۆم لە یەهودا یاخی بوو، پاشایەکیان بۆ خۆیان دانا.

٢١ئیتر یەهۆرام بە هەموو گالیسکەکانییەوە پەڕییەوە چاعیر. لەوێ ئەدۆمییەکان ئابڵوقەیان دان، بەڵام شەو خۆی و سەرکردەی گالیسکەکانی هەستان و ئابڵوقەکەیان شکاند و دەرباز بوون، لەشکرەکەش هەڵاتن و گەڕانەوە چادرەکانیان.

٢٢هەتا ئێستاش ئەدۆم لە یەهودا یاخییە. هەر لەو کاتەدا لیڤناش یاخی بوو.

٢٣ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆرام و هەموو کارەکانی کە کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.

٢٤یەهۆرام لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، لە شاری داود لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا. ئیتر ئەحەزیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

٢٥لە ساڵی دوازدەیەمینی یۆرامی کوڕی ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل، ئەحەزیای کوڕی یەهۆرام بوو بە پاشای یەهودا.

٢٦ئەحەزیا گەنجێکی بیست و دوو ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یەک ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکی ناوی عەتەلیای کچەزای عۆمری پاشای ئیسرائیل بوو.

٢٧هەمان ڕێچکەی بنەماڵەی ئەحاڤی گرتەبەر، هەروەک بنەماڵەی ئەحاڤ لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، چونکە زاوای ماڵی ئەحاڤ بوو.

٢٨ئەحەزیا لەگەڵ یۆرامی کوڕی ئەحاڤ چووە جەنگ لە دژی حەزائێلی پاشای ئارام لە ڕامۆتی گلعاد، ئارامییەکان یۆرامیان پێکا.

٢٩ئیتر یۆرام پاشا گەڕایەوە هەتا لە یەزرەعیل لەو برینانەی چاک بێتەوە کە ئارامییەکان لە ڕامۆت لە کاتی شەڕکردنی لە دژی حەزائێلی پاشای ئارام پێکابوویان. لەدوای ئەوە ئەحەزیای کوڕی یەهۆرامی پاشای یەهوداش چوو بۆ یەزرەعیل هەتا چاوی بە یۆرامی کوڕی ئەحاڤ بکەوێت، چونکە نەخۆش بوو.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.