١هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هاتنە حەبرۆن بۆ لای داود و گوتیان: «ئەوەتا ئێمە لە گۆشت و خوێنی تۆین.
٢لە ڕابردوودا کاتێک شاول پاشامان بوو، تۆ ڕابەرایەتی سوپای ئیسرائیلت دەکرد، یەزدانیش پێی فەرموویت: ”تۆ شوانایەتی ئیسرائیلی گەلەکەم دەکەیت و دەبیتە فەرمانڕەوایان.“»
٣هەروەها هەموو پیرانی ئیسرائیل هاتنە حەبرۆن بۆ لای پاشا، داودی پاشاش لەبەردەم یەزدان لە حەبرۆن پەیمانی لەگەڵدا بەستن، داودیان بە پاشای ئیسرائیل دەستنیشان کرد.
٤داود تەمەنی سی ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشا، چل ساڵ پاشایەتی کرد.
٥حەوت ساڵ و شەش مانگ لە حەبرۆن پاشایەتی یەهودای کرد، سی و سێ ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی هەموو ئیسرائیل و یەهودای کرد.
٦پاشا و پیاوەکانی چوونە ئۆرشەلیم بۆ شەڕکردن لە دژی یەبوسییەکانی دانیشتووانی خاکەکە. ئەوانیش بە داودیان گوت: «تۆ نایەیتە ژوورەوە بۆ ئێرە، تەنانەت نابینا و شەلەکان ڕێگات لێ دەگرن.» وا بیریان کردەوە: «داود ناتوانێت بێت بۆ ئێرە.»
٧بەڵام داود دەستی بەسەر قەڵای سییۆندا گرت، کە ئێستا بە شاری داود ناسراوە.
٨جا لەو ڕۆژەدا داود گوتی: «هەرکەسێک سەربکەوێت بۆ بەزاندنی یەبوسییەکان، دەبێت بگاتە کارێزەکە و ئەو شەل و کوێرانە بکوژێت کە ناحەزی داودن.» هەر لەبەر ئەوە دەڵێن: «”نابینا و شەل“ نایەنە ناو کۆشکەکەوە.»
٩پاشان داود لە قەڵاکە نیشتەجێ بوو، ناوی لێنا شاری داود، چواردەورەکەی بنیاد نا، لە تەلانەکانەوە بەرەو ناوەوە.
١٠هەروەها داود هەتا دەهات مەزنتر دەبوو، یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالاریش لەگەڵی بوو.
١١پاشان حیرامی پاشای هەرێمی سور چەند نێردراوێکی بۆ لای داود نارد لەگەڵ داری ئورز و دارتاش و نەقاڕ، کۆشکێکیان بۆ داود دروستکرد.
١٢ئینجا داود زانی کە یەزدان وەک پاشای ئیسرائیل جێگیری کردووە، پاشایەتییەکەشی لە پێناوی ئیسرائیلی گەلەکەیدا پایەدار کردووە.
١٣هەروەها داود پاش ئەوەی لە حەبرۆنەوە هاتە ئۆرشەلیم چەند کەنیزە و ژنێکی دیکەی هێنا، ئینجا کوڕ و کچی دیکەی داود لەدایک بوون.
١٤ئەمەش ناوی ئەو منداڵانەیەتی کە لە ئۆرشەلیم لەدایک بوون: شەموع، شۆڤاڤ، ناتان، سلێمان،
١٥ئیڤحار، ئەلیشوع، نەفەگ، یافیع،
١٦ئەلیشاماع، ئەلیاداع و ئەلیفەلەت.
١٧کاتێک فەلەستییەکان بیستیانەوە کە داود بە پاشای ئیسرائیل دەستنیشان کراوە، هەموویان هاتن بۆ ئەوەی بەدوای داوددا بگەڕێن، بەڵام داود ئەمەی بیستەوە و دابەزی بۆ ناو قەڵاکە.
١٨فەلەستییەکان هاتبوون و لە دۆڵی ڕفایم بڵاو ببوونەوە.
١٩داودیش پرسیاری لە یەزدان کرد و گوتی: «ئایا بچم بۆ پەلاماردانی فەلەستییەکان؟ ئایا دەیاندەیتە دەستم؟» یەزدانیش بە داودی فەرموو: «بڕۆ، چونکە بێگومان دەیاندەمە دەستت.»
٢٠داود چوو بۆ بەعلپراچیم و لەوێ ئەوانی بەزاند و گوتی: «یەزدان دڕی بە دوژمنەکانم دا، وەک دڕپێدادانی ئاو.» لەبەر ئەوە ئەو شوێنە بە بەعلپراچیم ناو برا.
٢١هەروەها فەلەستییەکان لەوێدا بتەکانیان بەجێهێشت، داود و پیاوەکانیشی لایان بردن.
٢٢ئینجا دووبارە فەلەستییەکان سەرکەوتنەوە و لە دۆڵی ڕفایم بڵاو بوونەوە.
٢٣داودیش پرسیاری لە یەزدان کرد، ئەویش فەرمووی: «سەرمەکەوە، بەڵکو بسووڕێوە بۆ پشتیان و بەرامبەر بە دار بەلسەمەکان پەلاماریان بدە.
٢٤کاتێک لەسەر دار بەلسەمەکانەوە گوێت لە دەنگی پێ بوو، لەو کاتەدا وریابە، چونکە یەزدان بۆ لێدانی ئۆردوگای فەلەستییەکان لەپێشتەوە ڕۆیشتووە.»
٢٥داودیش هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد ئاوای کرد، لە گبعۆنەوە هەتا گەزەر لە فەلەستییەکانی دا.