کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدووەم سالۆنیکی

دووەم سالۆنیکی ٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئیتر خوشکان و برایان، دەربارەی هاتنەوەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان و کۆبوونەوەمان لەگەڵیدا، داواتان لێ دەکەین

٢خێرا بیرتان نەهەژێت و نەترسن لەوەی کە دەڵێن ڕۆژی یەزدان هاتووە، بە پشتبەستن بە بینینی ڕۆحی، پەیامی زارەکی، یان بە نامەیەک کە دەڵێن گوایە لە ئێمەوەیە.

٣بە هیچ شێوەیەک کەس هەڵتاننەخەڵەتێنێ، چونکە ئەو ڕۆژە نایەت ئەگەر پێشتر هەڵگەڕانەوە نەیەت و مرۆڤی سەرپێچی، واتا کوڕی وێرانبوو دەرنەکەوێت،

٤ئەوەی بەرهەڵستی دەکات و بەسەر هەموو ئەوەی پێی دەگوترێ خودا یان پەرستراو خۆی بەرز دەکاتەوە، تەنانەت لە پەرستگای خودا دادەنیشێت و بانگەشەی خودایەتی دەکات.

٥ئایا لە یادتان نییە کە لەلاتان بووم ئەمانەم پێ دەگوتن؟

٦ئێستاش دەزانن چی بەربەستە، تاکو لە کاتی خۆیدا ئاشکرا بکرێت.

٧ئێستا هێزی سەرپێچی بە نهێنیی کار دەکات، بەڵام تەنها هەتا ئەو کاتەی بەربەست لەسەر ڕێ لادەچێت.

٨ئەوسا سەرپێچیکار ئاشکرا دەکرێت، ئەوەی عیسای خاوەن شکۆ بە هەناسەی دەمی لەناوی دەبات و بە دەرکەوتنی هاتنەوەی کۆتایی پێ دەهێنێت.

٩هاتنەوەی سەرپێچیکار پەیوەستە بە کارەکانی شەیتانەوە. ئەو هەموو جۆرە پەرجوو و نیشانە و کارێکی سەرسوڕهێنەری درۆیین بەکاردەهێنێت،

١٠هەروەها بۆ چەواشەکردنی لەناوچووان هەموو بەدکارییەک بەکاردەهێنێت، چونکە خۆشەویستی ڕاستییان ڕەتکردەوە، ئەوەی ڕزگاریان دەکات.

١١لەبەر ئەم هۆیە خودا چەواشەی بەهێزیان بۆ دەنێرێت بۆ ئەوەی باوەڕ بە درۆ بکەن،

١٢تاکو هەموو ئەوانەی باوەڕ بە ڕاستی ناکەن و حەزیان لە ناڕەواییە، تاوانبار بکرێن.

١٣بەڵام ئەی خوشک و برایانی خۆشەویستی مەسیحی خاوەن شکۆ، ئێمە دەبێت هەردەم لەبەر ئێوە سوپاسی خودا بکەین، چونکە خودا ئێوەی بە یەکەمین بەرهەم هەڵبژاردووە تاکو بەهۆی پیرۆزکردنتان لەلایەن ڕۆحی پیرۆزەوە و باوەڕتان بە ڕاستییەکە، ڕزگارتان بێت.

١٤بۆ ئەمەش خودا لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەکەی ئێمەوە بانگی کردن، بۆ دەستکەوتنی شکۆی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان.

١٥کەواتە خوشکان و برایان، چەسپاو بن و دەست بگرن بەو نەریتەی لە ئێمەوە فێربوون، چ بە وشە بێت یان بە نامە.

١٦با عیسای مەسیحی پەروەردگارمان خۆی لەگەڵ خودای باوکمان، ئەوەی خۆشیویستین و دڵنەوایی هەتاهەتایی و هیوایەکی باشی بە نیعمەت پێداین،

١٧ورەتان بەرز بکاتەوە و لە هەموو کردار و قسەیەکی چاک بتانچەسپێنێت.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.