کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدووەم تیمۆساوس

دووەم تیمۆساوس ١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١لە پۆڵسەوە کە بە خواستی خودا نێردراوی عیسای مەسیحە، بەگوێرەی بەڵێنی ژیان کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا بەدەستدێت،

٢بۆ کوڕی خۆشەویستم تیمۆساوس: با نیعمەت و بەزەیی و ئاشتی لە خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە لەگەڵت بێت.

٣سوپاسی خودا دەکەم، ئەوەی هەروەک باوباپیرانم بە ویژدانێکی پاک دەیپەرستم، کاتێک بە شەو و ڕۆژ بێ بڕانەوە لە پاڕانەوەکانمدا یادت دەکەم.

٤کاتێک یادی فرمێسکەکانت دەکەمەوە، پەرۆشی بینینت دەبم تاکو پڕبم لە خۆشی.

٥باوەڕی بێ دووڕوویی تۆم وەبیر دێتەوە کە یەکەم جار لە ناخی لوئیسی داپیرەت و یونیکی دایکتدا نیشتەجێ بوو، دڵنیام لە تۆشدایە.

٦لەبەر ئەمە وەبیرت دەهێنمەوە ئەو بەهرەیە دابگیرسێنیت کە لەدوای ئەوەی من دەستم لەسەرت دانا خودا پێی بەخشیت،

٧چونکە خودا ڕۆحی ترسی پێمان نەبەخشیوە، بەڵکو ڕۆحی هێز و خۆشەویستی و خۆڕاگریی پێ بەخشیوین.

٨بۆیە نە لە بەرامبەر پەیامەکە سەبارەت بە مەسیحی خاوەن شکۆمان و نە بەرامبەر بە من کە لە پێناوی ئەودا بەند کراوم هەست بە شەرمەزاری مەکە، بەڵکو لەگەڵ من و بە پشتبەستن بە هێزی خودا بەشداری لەو ئازارەدا بکە کە بەهۆی مزگێنییەوە دەیچێژیت.

٩خودا ڕزگاری کردین و بە بانگەوازێکی پیرۆز بانگی کردین، نەک بەگوێرەی کردارمان، بەڵکو بەگوێرەی خواست و نیعمەتی خۆی کە پێش دەستپێکی زەمانە بەهۆی یەکبوونمان لەگەڵ عیسای مەسیحدا پێمان دراوە،

١٠ئێستاش ئاشکرا بوو بە دەرکەوتنی عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمان، ئەوەی مردنی لەناو برد و لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەوە ژیان و نەمریی ڕووناک کردەوە.

١١بۆ ئەم مزگێنییە بە مزگێنیدەر و نێردراو و مامۆستا دەستنیشان کرام.

١٢لەبەر ئەم هۆیەش ئەم ئازارانە دەچێژم، بەڵام شەرمی پێوە ناکەم، چونکە دەزانم باوەڕم بە کێ هێناوە، دڵنیام مەسیح دەتوانێ پارێزگاری سپاردەکەم بکات هەتا ئەو ڕۆژە.

١٣بەدوای ئەو فێرکردنە دروستە بکەوە کە لە منت بیستووە، بیکە سەرمەشقی ژیانت، لەگەڵ ئەو باوەڕ و خۆشەویستییەی کە لە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا هەیە.

١٤سپاردە چاکەکە بە ڕۆحی پیرۆز بپارێزە کە تیاماندا نیشتەجێیە.

١٥ئەمە دەزانی، هەموو ئەوانەی لە ئاسیادان وازیان لێ هێنام، لەوانە فیگەلۆس و هەرمۆگینیس.

١٦با مەسیحی باڵادەست بەزەیی بە خێزانی ئۆنیسیفۆرۆسدا بێتەوە، چونکە زۆر جار ورەی بەرز کردومەتەوە و شەرمی بە کۆت و زنجیرم نەبووە،

١٧بەڵکو کاتێک لە ڕۆما بوو، بە پەرۆشییەوە بەدوامدا گەڕا و منی دۆزییەوە.

١٨با لە‏ ڕۆژی لێپرسینەوەدا بەهۆی مەسیحی باڵادەستەوە بەزەیی خودای باوک بەدەستبهێنێت. تۆ باش دەزانیت کە لە ئەفەسۆس بە چەندین شێوە خزمەتی کردم.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.