١ئەوە بزانە کە لە ڕۆژانی کۆتاییدا کاتێکی تەنگانە دادێت،
٢چونکە خەڵکی خۆیان خۆشدەوێ، پارەیان خۆشدەوێ، لووتبەرزن، خۆهەڵکێشن، زمانپیسن، گوێڕایەڵی دایک و باوک نابن، سوپاسگوزار نین، گڵاون،
٣بێ خۆشەویستین، گەردن ئازاد ناکەن، بوختانکەرن، بەسەرخۆدا زاڵنەبوون، دڕندەن، حەز لە چاکە ناکەن،
٤ناپاکن، سەرەڕۆ و لەخۆبایین، زیاتر حەزیان لە چێژە نەک خۆشەویستی خودا،
٥ڕواڵەتی خواترسییان هەیە، بەڵام نکۆڵی لە هێزەکەی دەکەن. جا لەوانە دوور بکەونەوە.
٦ئەوانە لەو جۆرە کەسانەن کە بە ماڵاندا دەگەڕێن، ژنە لاوازەکان دەستەمۆ دەکەن، کە بە بارگرانی گوناهەوە شوێنی هەموو جۆرە هەوەسێک کەوتوون،
٧هەردەم فێر دەبن، بەڵام هەرگیز ناتوانن ڕاستی بناسن.
٨وەک چۆن یەنیس و یەمبریس بەربەرەکانێی موسایان کرد، ئەوانەش بەربەرەکانێی ڕاستی دەکەن. ئەو پیاوانە مێشکیان گەندەڵ بووە و لەلایەن باوەڕەکەوە ڕەتکراونەتەوە.
٩بەڵام زیاتر پێش ناکەون، چونکە گێلایەتییان بۆ هەمووان دەردەکەوێت، وەک گێلایەتی ئەوانی لێهات.
١٠بەڵام تۆ، فێرکردن و شێوازی ژیان، ئامانج و باوەڕ، ئارامگرتن و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن،
١١چەوسانەوە و ئازاری منت زانی، ئەوەی لە ئەنتاکیا و کۆنیا و لیسترا بەسەرم هات و بەرگەی چ چەوسانەوەیەکم گرت، بەڵام مەسیحی باڵادەست لە هەموویان دەربازی کردم.
١٢هەموو ئەوانەی دەیانەوێ بە لەخواترسییەوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیح بژین، دەچەوسێنرێنەوە،
١٣بەڵام خراپەکار و فێڵبازان بەرەو خراپتر دەڕۆن کە چەواشەکار و چەواشەکراون.
١٤بەڵام تۆ، لەسەر ئەوە بمێنەوە کە فێری بوویت و دڵنیابوویت، چونکە زانیت لە کێ فێربوویت،
١٥هەروەها لە منداڵییەوە لە نووسراوە پیرۆزەکانەوە دەزانیت کە دەتوانن لە ڕێگەی باوەڕ بە عیسای مەسیح بتکەنە دانا بۆ بەدەستهێنانی ڕزگاری.
١٦هەموو نووسراوە پیرۆزەکان لە سروشی خودان، سوودبەخشن بۆ فێرکردن و سەرزەنشت و ڕاستەڕێکردن و لێڕاهێنان لە ڕاستودروستی،
١٧تاکو پیاوی خودا تەواو ئامادە بێت بۆ هەموو کارێکی باش.