١بەڕێز ساوفیلۆس، لە پەڕتووکی یەکەممدا دەربارەی هەموو ئەوەی کە عیسا دەستی کرد بە ئەنجامدان و فێرکردنی نووسیومە،
٢هەتا ئەو ڕۆژەی تێیدا بەرزکرایەوە، دوای ئەوەی لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوە ئەو نێردراوانەی ڕاسپارد کە هەڵیبژاردن.
٣دوای ئازارچێژتنی بە چەندین بەڵگە بە زیندوویی خۆی پیشاندان، لە ماوەی چل ڕۆژدا بۆیان دەرکەوت و سەبارەت بە شانشینی خودا بۆیان دوا.
٤کاتێک پێکەوە نانیان دەخوارد، ڕایسپاردن: «ئۆرشەلیم بەجێمەهێڵن، بەڵکو چاوەڕێی بەڵێنەکەی باوک بکەن کە لە منەوە بیستتان.
٥یەحیا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا، بەڵام ئێوە پاش چەند ڕۆژێکی کەم لە ڕۆحی پیرۆز هەڵدەکێشرێن.»
٦ئەوانەی پێکەوە کۆببوونەوە لێیان پرسی: «ئەی خاوەن شکۆ، لەم کاتەدا پاشایەتی بۆ ئیسرائیل دەگەڕێنیتەوە؟»
٧وەڵامی دانەوە: «بۆتان نییە ئەو کات و سەردەمانە بزانن کە باوک بە دەسەڵاتی خۆی دایناون.
٨بەڵام کاتێک ڕۆحی پیرۆزتان دێتە سەر، هێز وەردەگرن و بۆ من دەبنە شایەت، لە ئۆرشەلیم و هەموو یەهودیا و سامیرە، تاکو ئەوپەڕی زەوی.»
٩ئەمەی فەرموو و ئەوانیش تەماشایان دەکرد، بەرزکرایەوە، هەورێک لەبەرچاویان شاردییەوە.
١٠کاتێک ئەو دەڕۆیشت، ئەوان سەرنجیان لە ئاسماندا بوو، ئەوە بوو دوو پیاو بە جلی سپییەوە لەلایانەوە ڕاوەستاون.
١١پێیان گوتن: «ئەی جەلیلییەکان، بۆچی ڕاوەستاون سەیری ئاسمان دەکەن؟ ئەم عیسایە، کە لەنێوتاندا بۆ ئاسمان بەرزکرایەوە، چۆن بینیتان دەچووە ئاسمان، ئاواش دێتەوە.»
١٢ئینجا لەو کێوەی پێی دەگوترا زەیتوون گەڕانەوە ئۆرشەلیم کە بەقەد ڕۆیشتنێکی شەممە لە ئۆرشەلیم نزیک بوو.
١٣کاتێک گەیشتن، چوونە ژوورێک لە نهۆمی سەرەوە، ئەوەی کە تێیدا دەمانەوە، ئەوانیش ئەمانە بوون: پەترۆس و یۆحەنا و یاقوب، ئەندراوس و فیلیپۆس و تۆماس، بەرتۆلماوس و مەتا و یاقوبی کوڕی حەلفی، شیمۆنی دڵگەرم و یەهوزای برای یاقوب.
١٤هەموو بە یەک دڵ بەردەوام بوون لەسەر نوێژکردن، لەگەڵ ژنەکان و مریەمی دایکی عیسا و براکانی.
١٥ڕۆژێکیان پەترۆس کە لەنێوان نزیکەی سەد و بیست باوەڕداردا بوو، هەستا و گوتی:
١٦«خوشک و برایان، دەبووایە نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی، پێشتر لەبارەی یەهوزاوە ڕۆحی پیرۆز لەسەر زمانی داود فەرموویەتی، کە بوو بە ڕێبەر بۆ ئەوانەی عیسایان گرت.
١٧بە یەکێک لە ئێمە دەژمێردرا و لەم خزمەتەدا بەشی هەبوو.»
١٨(یەهوزا بە پاداشتی ناپاکی کێڵگەیەکی دەستکەوت، بەڵام بەدەمدا کەوت و لە ناوەڕاستەوە شەق بوو، هەموو هەناوی هاتە دەرەوە.
١٩هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم بەمەیان زانی، لەبەر ئەوە لە زمانی خۆیان ئەو کێڵگەیان ناو نا حەقل دەمخ، کە بە واتای کێڵگەی خوێن دێت.)
٢٠پەترۆس درێژەی پێدا و گوتی: «لە پەڕتووکی زەبووردا نووسراوە: «﴿با ماڵەکەی چۆڵ بێت، کەس نەبێت تێیدا نیشتەجێ بێت!﴾ هەروەها: ﴿با یەکێکی دیکە ئەرکەکەی ئەو وەربگرێت.﴾
٢١کەواتە با یەکێک لەو پیاوانەی کە یاوەرمان بوون بە درێژایی ئەو ماوەیەی عیسای مەسیح لەنێوماندا دەژیا،
٢٢هەر لە لەئاوهەڵکێشانەکەیەوە لەلایەن یەحیا هەتا ئەو ڕۆژەی بەرزکرایەوە، لەگەڵماندا ببێتە شایەتی هەستانەوەکەی.»
٢٣جا دووانیان هێنایە پێشەوە، یوسف کە بە بارساباس ناودەبردرا و نازناوی یوستۆس بوو، لەگەڵ مەتیاس.
٢٤نوێژیان کرد و گوتیان: «ئەی یەزدان، تۆ بە دڵی هەمووان دەزانیت، بۆمان دەربخە لەم دووانە کامەیانت هەڵبژاردووە،
٢٥تاکو شوێنی ئەو خزمەت و نێردراویێتییە بگرێتەوە، کە یەهوزا لێی لادا، بۆ ئەوەی بچێتە شوێنی خۆی.»
٢٦ئینجا تیروپشکیان بۆ کردن و تیروپشکەکە مەتیاسی گرتەوە، لەگەڵ یازدە نێردراوەکە ژمێردرا.