کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزکردار

کردار ١٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١هەندێک کەس لە یەهودیاوە بۆ ئەنتاکیا هاتن و برایانیان فێردەکرد و دەیانگوت: «ئەگەر بەپێی ئەو نەریتەی کە موسا فێری کردن خەتەنە نەکرێن، ناتوانن ڕزگاربن.»

٢کاتێک دەمەقاڵە و مشتومڕێکی زۆر لەلایەن پۆڵس و بەرناباس لەگەڵ ئەوان ڕوویدا، پۆڵس و بەرناباس لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە دیاری کران، تاکو سەبارەت بەم بابەتە بۆ لای نێردراوان و پیران بەرەو ئۆرشەلیم بەڕێ بکەون.

٣پاش ئەوەی کڵێسا ماڵئاواییان لێکردن، بە ناو فینیکیا و سامیرەدا تێپەڕین، باسی ئەوەیان دەکرد کە ناجولەکەکانیش باوەڕیان بە عیسا هێناوە، جا خۆشییەکی زۆریان لەنێو هەموو باوەڕداراندا بڵاوکردەوە.

٤کاتێک گەیشتنە ئۆرشەلیم، کڵێسا و نێردراوان و پیران پێشوازییان لێکردن، ئەوانیش هەواڵی هەموو ئەو شتانەیان پێدان کە خودا لە ڕێگەی ئەوانەوە کردبووی.

٥بەڵام هەندێک لەوانەی سەر بە ڕێبازی فەریسییەکان بوون و باوەڕیان هێنابوو، هەستان و گوتیان: «دەبێت ئەو باوەڕدارانەی کە جولەکە نین خەتەنە بکرێن و فەرمانیان پێ بکرێت کە کار بە تەوراتی موسا بکەن.»

٦جا نێردراوان و پیران بۆ لێکۆڵینەوەی ئەم بابەتە کۆبوونەوە.

٧پاش مشتومڕێکی زۆر، پەترۆس هەستا و پێی گوتن: «ئەی برایان، ئێوە دەزانن پێش ماوەیەک، خودا لەنێو ئێوەدا هەڵیبژارد کە لە دەمی منەوە ناجولەکەکان مزگێنیی مەسیح ببیستن و باوەڕ بهێنن.

٨ئەو خودایەی کە دەزانێت چی لە دڵدایە، شایەتی بۆیان دا بە بەخشینی ڕۆحی پیرۆز بەوانیش هەروەک بە ئێمە.

٩بە هیچ شتێک جیاوازی لەنێوان ئێمە و ئەواندا نەکردووە، بە باوەڕ دڵی ئەوانیشی پاک کردووەتەوە.

١٠ئیتر بۆچی ئێوە خودا تاقی دەکەنەوە، نیرێک دەخەنە سەر شانی ئەو قوتابییانەی کە جولەکە نین، ئەوەی نە باوباپیرانمان و نە خۆمان توانیمان هەڵیبگرین؟

١١بەڵام باوەڕمان هەیە کە بە نیعمەتی عیسای خاوەن شکۆ ڕزگار دەبین، هەروەک ئەوان.»

١٢ئیتر هەموو ئەندامانی ئەنجومەنەکە بێدەنگ بوون و گوێیان لە بەرناباس و پۆڵس گرت، باسی ئەو نیشانە و پەرجووانەیان دەکرد کە خودا لەسەر دەستی ئەوان لەناو ناجولەکەکان ئەنجامی داوە.

١٣دوای ئەوەی تەواوبوون، یاقوب گوتی: «ئەی برایان گوێم لێ بگرن.

١٤شیمۆن ڕوونی کردەوە چۆن خودا یەکەم جارە بایەخی خۆی بۆ ناجولەکەکان نیشان داوە بۆ ئەوەی لەناو ئەواندا گەلێک ناوی ئەو هەڵبگرن.

١٥وتەی پێغەمبەرانیش لەگەڵ ئەمە ڕێک دەکەوێت، هەروەک نووسراوە:

١٦«﴿دوای ئەمە دەگەڕێمەوە و چادرە ڕووخاوەکەی داود هەڵدەدەمەوە، ڕووخاوییەکانی دروستدەکەمەوە، سەرلەنوێ بنیادی دەنێمەوە،

١٧تاکو ئەو خەڵکانەی کە ماونەتەوە ڕوو لە یەزدان بکەن، هەموو ئەو ناجولەکانەی ناوی منیان هەڵگرتووە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی ئەم کارانە ئەنجام دەدات

١٨کە هەر لە سەرەتاوەش زانراون.﴾

١٩«لەبەر ئەوە وای بە باش دەزانم قورسایی نەخەینە سەر شانی ئەو ناجولەکانەی کە بۆ لای خودا گەڕاونەتەوە،

٢٠بەڵکو بۆیان بنووسین، خۆیان دووربخەنەوە لە گڵاوی بتەکان و لە داوێنپیسی و لە گۆشتی ئاژەڵی خنکێنراو و خوێن،

٢١چونکە هەر لە کۆنەوە فێرکردنی موسا لە هەموو شارێک ڕاگەیەنرابوو و هەموو شەممەیەک لە کەنیشتەکان دەخوێنرایەوە.»

٢٢ئینجا نێردراوان و پیران و هەموو کڵێسا بە باشیان زانی دوو پیاو لەناو خۆیاندا هەڵبژێرن و لەگەڵ پۆڵس و بەرناباسدا بیاننێرن بۆ ئەنتاکیا. یەهوزای ناسراو بە بەرساباس و سیلایان هەڵبژارد، کە پێشەوای نێو باوەڕداران بوون.

٢٣بە دەستی خۆیان ئاوایان نووسی: لە نێردراوان و پیرانەوە، برایانتان، بۆ ئەو باوەڕدارانەی جولەکە نین لە ناوچەکانی ئەنتاکیا و سوریا و کیلیکیا: سڵاو.

٢٤بیستمان کە هەندێک کەس بێ ئەوەی ئێمە ڕایانبسپێرین لەلای ئێمەوە هاتوون و بە قسەکانیان بێزار و دڵگرانیان کردوون.

٢٥بۆیە بە باشمان زانی بە یەک بیروڕاوە چەند پیاوێک هەڵبژێرین و لەگەڵ برایانی خۆشەویستمان بەرناباس و پۆڵس بیاننێرن بۆ لاتان،

٢٦پیاوانێک گیان لەسەر دەستن لە پێناوی ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان.

٢٧جا یەهوزا و سیلامان نارد بۆ لاتان تاکو هەمان شتتان بە دەم پێ ڕابگەیەنن،

٢٨چونکە ڕۆحی پیرۆز و ئێمەش وامان بە باش زانی هیچ قورساییەک نەخەینە سەر شانتان، جگە لەمانە کە پێویستن:

٢٩خۆتان دووربخەنەوە لەو قوربانییانەی بۆ بت پێشکەش کراون، هەروەها لە خواردنی ئاژەڵی خنکێنراو و خوێن و لە داوێنپیسی. ئەگەر خۆتان لەمانە پاراست، شتی چاک دەکەن. ماڵ ئاوا.

٣٠ئەمانیش کە بەڕێکران و بۆ ئەنتاکیا هاتن، هەموو کۆمەڵەی باوەڕدارانیان کۆکردەوە و نامەکەیان پێشکەش کرد.

٣١کاتێک خوێندیانەوە بەو هاندانەی تێیدا بوو زۆر دڵشاد بوون.

٣٢یەهودا و سیلاش کە خۆیان پێغەمبەر بوون، بە زۆر وشە هانی برایانیان دا و ورەیان بەرزکردنەوە.

٣٣پاش ئەوەی ماوەیەکیان بەسەربرد، لەلایەن برایانەوە بە ئاشتییەوە ڕەوانە کرانەوە بۆ لای ئەوانەی ناردبوویانن، [

٣٤بەڵام سیلا بەلایەوە باشتر بوو لەوێ بمێنێتەوە.]

٣٥پۆڵس و بەرناباسیش هەر لە ئەنتاکیا مانەوە و لەگەڵ زۆر کەسی دیکەدا بەشدارییان کرد لە مزگێنیدان و فێرکردنی پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ.

٣٦پاش چەند ڕۆژێک پۆڵس بە بەرناباسی گوت: «با بگەڕێینەوە بۆ هەموو ئەو شارانەی کە پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆمان تێیدا ڕاگەیاندووە و سەر لە برایان بدەین و هەواڵیان بزانین.»

٣٧بەرناباسیش پێشنیاری کرد کە یۆحەنا لەگەڵ خۆیاندا بیبەن، ئەوەی بە مەرقۆس ناسراوە.

٣٨بەڵام پۆڵس پێی باش بوو ئەو کەسە لەگەڵ خۆیاندا نەبەن کە لە پامفیلیادا لێیان جیا بووەوە و لەگەڵیان بۆ کارەکە نەڕۆیشت.

٣٩لەبەر ئەوە دەمەقاڵە کەوتە نێوانیان، تاکو وای لێهات لە یەکتری جیا بوونەوە. ئەوسا بەرناباس مەرقۆسی لەگەڵ خۆی برد و بە دەریادا بۆ قوبرس چوو.

٤٠بەڵام پۆڵس سیلای هەڵبژارد و ڕۆیشتن، دوای ئەوەی لەلایەن باوەڕدارانەوە بە نیعمەتی مەسیحی خاوەن شکۆ سپێردران.

٤١ئینجا چوونە ناوچەکانی سوریا و کیلیکیا و کڵێساکانیان بەهێز دەکرد.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.