١پاش ئەوەی پۆڵس و هاوڕێکانی بە شاری ئەمفیپۆلیس و ئەپۆلۆنیادا تێپەڕین، گەیشتنە سالۆنیکی کە کەنیشتی جولەکەی لێبوو.
٢پۆڵس وەک کردبوویە پیشە چووە لایان، سێ ڕۆژی شەممە لەسەر یەک بە نووسراوە پیرۆزەکان گفتوگۆی لەگەڵ دەکردن،
٣ڕوونی دەکردەوە و دەریدەخست کە دەبووایە مەسیح ئازار بچێژێت و لەنێو مردووان هەستێتەوە. پێی گوتن: «ئەم عیسایەی من پێتانی ڕادەگەیەنم، مەسیحەکەیە.»
٤هەندێکیان قایل بوون و چوونە پاڵ پۆڵس و سیلا، هەروەها زۆر لە یۆنانی خواپەرست و لە ژنە خانەدانەکانیش کە ژمارەیان کەم نەبوو.
٥بەڵام هەندێک لە جولەکەکانی دیکە ئیرەییان پێ هات، چەند پیاوخراپێکی بازاڕیان هێنا و خەڵکیان کۆکردەوە و ئاژاوەیان لە شاردا نایەوە. چوونە سەر ماڵی یاسون و داوایان کرد پۆڵس و سیلا بهێنرێنە لای خەڵک.
٦کاتێک نەیاندۆزینەوە، یاسون و هەندێک برایانیان بۆ لای فەرمانڕەوایانی شار ڕاکێشا، هاواریان دەکرد: «ئەمانە کە جیهانیان هەڵگێڕاوەتەوە، بۆ ئێرەش هاتوون،
٧یاسون میوانداری کردوون. هەموویان لە دژی فەرمانەکانی قەیسەر کار دەکەن، دەڵێن پاشایەکی دیکە هەیە، ناوی عیسایە.»
٨بەم قسانە خەڵکەکە و فەرمانڕەوایانی شاریان وروژاند.
٩ئەوانیش دەستەبەرنامەیان بۆ یاسون و ئەوانەی دیکە کرد و ئازادیان کردن.
١٠کە شەو داهات برایان پۆڵس و سیلایان ناردە بیریە، کە گەیشتن چوونە کەنیشتی جولەکە.
١١خەڵکی بیریە لە سالۆنیکییەکان تێگەیشتووتر بوون، چونکە بەوپەڕی پەرۆشییەوە پەیامەکەیان وەرگرت و بۆ دڵنیابوون لە ڕاستیی قسەکانی پۆڵس، ڕۆژانە لە نووسراوە پیرۆزەکان ورد دەبوونەوە.
١٢ئیتر زۆریان باوەڕیان هێنا، هەروەها ژمارەیەک لە ژنە خانەدانە یۆنانییەکان و ژمارەیەکی زۆریش لە پیاوانی یۆنانی.
١٣بەڵام کاتێک جولەکەی سالۆنیکی زانییان پۆڵس لە بیریەش پەیامی خودای ڕاگەیاندووە، هاتن لەوێش خەڵک جۆش بدەن و بیانوروژێنن.
١٤دەستبەجێ برایان پۆڵسیان بەرەو کەناری دەریا نارد، بەڵام سیلا و تیمۆساوس لەوێ مانەوە.
١٥ئەوانەی یاوەری پۆڵس بوون ئەویان هێنایە ئەسینا، ئینجا گەڕانەوە پاش ئەوەی پۆڵس ڕایسپاردن بە زووترین کات سیلا و تیمۆساوس بێن بۆ لای.
١٦کاتێک پۆڵس لە ئەسینا چاوەڕێی دەکردن، زۆر پەست و بێزار بوو کە بینی شارەکە پڕە لە بت.
١٧بۆیە لە کەنیشت گفتوگۆی لەگەڵ جولەکە و خواپەرستان دەکرد، لە بازاڕیش لەگەڵ ئەوانەی ڕۆژانە تووشیان دەبوو.
١٨کۆمەڵێک فەیلەسوفی ئەپیکوری و ستۆیکی گفتوگۆیان لەگەڵی دەکرد. هەندێکیان دەیانگوت: «ئەم چەنەبازە دەیەوێت چی بڵێت؟» هەندێکی دیکەشیان دەیانگوت: «دیارە بانگەواز بۆ چەند خوداوەندێکی نامۆ دەکات،» چونکە باسی عیسا و زیندووبوونەوەی دەکرد.
١٩ئینجا بردیانە ئاریۆپاگۆس و گوتیان: «دەتوانین بزانین ئەم فێرکردنە نوێیە چییە باسی دەکەیت؟
٢٠چونکە شتی سەیرت لێ دەبیستین و دەمانەوێت واتاکەی بزانین.»
٢١لەبەر ئەوەی هەموو ئەسیناییەکان و ئەو بێگانانەی تێدا دەژیان دەرفەتیان بە هیچ شتێک نەدەدا جگە لە باسکردن و گوێگرتن لە بیروڕا نوێیەکان.
٢٢پۆڵس لە ناوەڕاستی ئاریۆپاگۆسدا وەستا و گوتی: «پیاوانی ئەسینا، دەبینم لە هەموو لایەکەوە زۆر دیندارن.
٢٣کاتێک دەگەڕام و سەیری پەرستراوەکانتانم دەکرد، قوربانگایەکم بینی لەسەری نووسرا بوو: ”بۆ خودای نەناسراو.“ جا ئەوەتان بۆ ڕادەگەیەنم کە دەیپەرستن و نایناسن.
٢٤«ئەو خودایەی کە جیهان و هەموو شتەکانی ناوی دروستکردووە، پەروەردگاری ئاسمان و زەوییە و لە پەرستگای دەستکرد نیشتەجێ نابێت.
٢٥بە دەستی مرۆڤ خزمەت ناکرێت وەک ئەوەی پێویستی بە شتێک بێت، چونکە ئەو خۆی ژیان و هەناسە و هەموو شتێک بە هەمووان دەبەخشێت.
٢٦هەموو نەتەوەکانی لە یەک کەسەوە دروستکردووە، تاکو لەسەر هەموو ڕووی زەوی نیشتەجێ بن، کات و سنوورەکانی نیشتەجێبوونی ئەوانی داناوە و دیاری کردووە،
٢٧تاکو ڕوو لە خودا بکەن، بەڵکو بیگەنێ و بیدۆزنەوە، هەرچەندە لە هەر یەکێکمان دوور نییە.
٢٨”چونکە لە ئەودا دەژین و دەجوڵێین و هەین،“ وەک هەندێک شاعیرانتان گوتیان: ”ئێمەش نەوەی ئەوین.“
٢٩«لەبەر ئەوەی کە نەوەی خوداین، پێویستە وا بیرنەکەینەوە کە خودا وەکو پەیکەری زێڕ یان زیو یان بەردینە، کە داهێنان و بیری مرۆڤ شێوەی کێشاوە.
٣٠لە سەردەمانی نەزانیدا خودا چاوپۆشی کردووە، بەڵام ئێستا فەرمان دەدات بە هەموو کەسێک لە هەموو شوێنێک کە تۆبە بکەن،
٣١چونکە ڕۆژێکی دیاری کردووە کە تێیدا لە ڕێگەی ئەو پیاوەی کە دەستنیشانی کردووە، بە دادپەروەری جیهان حوکم بدات. بەڵگەشی بە هەمووان داوە کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە.»
٣٢کاتێک گوێیان لە هەستانەوەی مردووان بوو، هەندێکیان گاڵتەیان پێکرد، بەڵام هەندێکی دیکەیان گوتیان: «جارێکی دیکە لەم بارەیەوە گوێت لێ دەگرین.»
٣٣ئیتر پۆڵس ئەوێی بەجێهێشت،
٣٤بەڵام هەندێک کەس لایەنگری پۆڵسیان کرد و باوەڕیان هێنا، لەوانە: دیونیسیۆسی ئەندامی ئاریۆپاگۆس، هەروەها ژنێک بە ناوی داماریس و چەند کەسێکی دیکەش لەگەڵیان.