کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزکردار

کردار ١٩

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١لە کاتێکدا کە ئەپۆلۆس لە کۆرنسۆس بوو، پۆڵس بە ڕێگاکانی ناوەوە تێپەڕی و هاتە ئەفەسۆس. لەوێ چاوی بە هەندێک قوتابی کەوت،

٢لێی پرسین: «کاتێک باوەڕتان هێنا، ڕۆحی پیرۆزتان وەرگرت؟» کەچی وەڵامیان دایەوە: «نەخێر! تەنانەت نەمانبیستووە کە ڕۆحی پیرۆز هەیە!»

٣گوتی: «کەواتە چ جۆرە لە ئاو هەڵکێشانێکتان وەرگرتووە؟» گوتیان: «لەئاوهەڵکێشانەکەی یەحیا.»

٤پۆڵس گوتی: «لەئاوهەڵکێشانەکەی یەحیا لەئاوهەڵکێشانی تۆبەکردن بوو، بە خەڵکی دەگوت باوەڕ بهێنن بەوەی لەدوای دێت، واتا بە عیسا.»

٥کاتێک ئەمەیان بیست بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە لە ئاو هەڵکێشران.

٦جا پۆڵس دەستی لەسەر دانان، ڕۆحی پیرۆز هاتە سەریان، بە زمانی ڕۆحی دوان و پێشبینییان کرد.

٧بە هەموویان نزیکەی دوازدە پیاو دەبوون.

٨ئینجا پۆڵس چووە کەنیشت و بۆ زیاتر لە سێ مانگ ئازایانە دەدوا، گفتوگۆی دەکرد و سەبارەت بە کاروباری شانشینی خودا قەناعەتی بە خەڵک دەهێنا.

٩بەڵام هەندێک کەللەڕەقییان کرد و باوەڕیان نەهێنا، لەبەردەم خەڵکەکە جنێویان بە ڕێگاکە دا. جا پۆڵس لێیان کشایەوە و قوتابییەکانی برد، ڕۆژانە لە قوتابخانەی تیرانۆس گفتوگۆی دەکرد.

١٠بۆ ماوەی دوو ساڵ لەسەر ئەمە بەردەوام بوو، هەتا وای لێهات هەموو ئەوانەی لە ئاسیادا دانیشتبوون، جولەکە و یۆنانی، پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆیان بیست.

١١خوداش پەرجووی سەرسوڕهێنەری بە دەستی پۆڵس ئەنجام دەدا،

١٢تەنانەت ئەو دەستەسڕ و بەروانکانەش کە بەر لەشی پۆڵس کەوتبوون، دەهێنران و دەخرانە سەر نەخۆش و نەخۆشییەکەیان نەدەما و ڕۆحە پیسەکان لە لەشیان دەردەچوون.

١٣هەندێک لەو جولەکە گەڕۆکانەی ڕۆحی پیسیان دەردەکرد، هەوڵیان دا ناوی عیسای خاوەن شکۆ بۆ ئەوانە بەکاربهێنن کە ڕۆحی پیسیان تێدایە، دەیانگوت: «بە ناوی عیسا، ئەوەی پۆڵس ڕایدەگەیەنێت، فەرمانت پێ دەکەم، دەربچیت.»

١٤سکاوا کە کاهینێکی باڵای جولەکە بوو، حەوت کوڕی ئەم کارەیان دەکرد.

١٥ڕۆحە پیسەکەش وەڵامی دانەوە: «عیسا دەناسم و دەربارەی پۆڵسیش دەزانم، بەڵام ئێوە کێن؟»

١٦ئینجا ئەو پیاوەی کە ڕۆحە پیسەکەی تێدابوو پەلاماری دان و بەسەر هەموویاندا زاڵبوو، بە جۆرێک لێیدان کە بە ڕووتی و بریندارییەوە لەو ماڵەی کە لێی بوون ڕایانکرد.

١٧کاتێک ئەو جولەکە و یۆنانییانەی کە لە ئەفەسۆس دەژیان بەمەیان زانی، هەموو ترس دایگرتن و ناوی عیسای خاوەن شکۆ بەرزبووەوە.

١٨هەروەها زۆر لەوانەی باوەڕیان هێنا، دەهاتن و بە ئاشکرا دانیان بە کردەوەکانیاندا دەنا.

١٩ژمارەیەک لەوانەی خەریکی جادووگەریێتی بوون، پەڕتووکەکانیان کۆدەکردەوە و لەبەردەم هەموواندا دەیانسووتاندن. نرخەکانیان هەژمارد کرد، بینییان پەنجا هەزار پارچە زیوە.

٢٠بەم شێوەیە پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ بە تواناوە گەشەی دەکرد و بەهێز دەبوو.

٢١لەدوای ئەوەی ئەم شتانە ڕوویاندا، پۆڵس بڕیاری دا بە مەکدۆنیا و ئەخایادا تێبپەڕێت و بچێتە ئۆرشەلیم، گوتی: «پاش ئەوەی لەوێ دەبم، دەبێت ڕۆماش ببینم.»

٢٢جا پۆڵس دووان لە یاریدەدەرەکانی نارد بۆ مەکدۆنیا کە تیمۆساوس‏ و ئەراستۆس بوون، خۆشی ماوەیەک لە‏ هەرێمی ئاسیا مایەوە.

٢٣لەو کاتەدا لەبەر ڕێگاکە ئاژاوەیەکی گەورە سەریهەڵدا.

٢٤لەوێ زیوگەرێک بە ناوی دیمیتریۆس هەبوو کە پەرستگای بچووکی زیوینی ئەرتەمیسی دروستدەکرد و قازانجێکی باشی هەبوو بۆ پیشەوەران.

٢٥ئیتر کرێکارەکانی خۆی و هاوپیشەکانی کۆکردەوە و گوتی: «کوڕینە، هەروەک دەزانن لەم پیشەیەوە داهاتێکی باشمان دەستدەکەوێت،

٢٦بینیوتانە و بیستووتانە کە نەک تەنها لە ئەفەسۆس، بگرە لە هەموو ئاسیا، ئەم پۆڵسە قەناعەتی بە خەڵکێکی زۆر هێناوە و لەڕێ لایداون، دەڵێت ئەوانەی دەستکردن خودا نین.

٢٧نەک تەنها ئیشەکەمان دەکەوێتە مەترسییەوە بەڵکو پەرستگاکەی ئەرتەمیسی خواژنی گەورەش هیچ بەهایەکی نامێنێت، ئەوەی هەموو ئاسیا و جیهان دەیپەرستن پایەبەرزییەکەی لەدەست دەدات.»

٢٨کاتێک گوێیان لێبوو تووڕە بوون و هاواریان دەکرد: «پایە بەرزە ئەرتەمیسی ئەفەسۆسییەکان!»

٢٩ئەم شڵەژانە هەموو شارەکەی گرتەوە، خەڵکەکە گایۆس و ئەریستارخۆسی مەکدۆنییان ڕاکێشایە ناو گۆڕەپانی شانۆی شار، کە هاوڕێی پۆڵس بوون لە گەشتەکەیدا.

٣٠پۆڵس ویستی بچێتە ناو خەڵکەکە، بەڵام قوتابییەکان نەیانهێشت.

٣١هەروەها هەندێک گەورە پیاوی ئاسیا کە دۆستی بوون، پەیامیان بۆ نارد و لێی پاڕانەوە کە نەچێتە شانۆکە.

٣٢ئیتر هەندێک هاواری شتێکیان دەکرد و هەندێک شتێکی دیکە، چونکە کۆڕەکە شێوا بوو، زۆربەشیان نەیاندەزانی بۆچی کۆبوونەتەوە.

٣٣ئینجا جولەکەکان بۆ پێشەوە پاڵیان بە ئەسکەندەرەوە دەنا، هەندێک لەو خەڵکە هۆکاری ئەو ئاژاوەیان بۆ ئەو دەگەڕاندەوە. ئەویش دەستی بەرزکردەوە و دەیویست لەبەردەم خەڵکەکە بەرگری لە خۆی بکات.

٣٤بەڵام کە زانییان جولەکەیە، نزیکەی دوو کاتژمێر هەموویان بەیەکەوە هاواریان دەکرد: «پایە بەرزە ئەرتەمیسی ئەفەسۆسییەکان!»

٣٥ئینجا فەرمانڕەوای شارەکە خەڵکەکەی هێمن کردەوە و گوتی: «پیاوانی ئەفەسۆس، کێ هەیە نەزانێت کە شاری ئەفەسۆسییەکان پاسەوانی پەرستگای ئەرتەمیسی گەورە و ئەو پەیکەرەیە کە لە ئاسمانەوە کەوتە خوارەوە؟

٣٦بۆیە کە ئەمانە نکۆڵییان لێ ناکرێت، پێویستە هێمن بنەوە و هیچ شتێک بە سەرەڕۆیی نەکەن.

٣٧ئێوە ئەم دوو پیاوەتان هێناوە، کە نە پەرستگایان بڕیوە نە کفریان سەبارەت بە خواژنەکەمان کردووە.

٣٨بەڵام ئەگەر دیمیتریۆس و ئەو پیشەوەرانەی کە لەگەڵ ئەون سکاڵایان لە کەسێک هەیە، ئەوا دادگاکان کراونەتەوە و دادوەر هەیە، با سکاڵا لە یەکتری بکەن.

٣٩ئەگەر داوای شتێکی دیکەش دەکەن، ئەوا لە کۆڕی یاساییدا سەیر دەکرێت.

٤٠لە ڕاستیدا لە مەترسیداین بەوەی کە تاوانبار بکرێن بە ئاژاوەنانەوە، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ، هیچ پاساوێکمان نییە بۆ پاکانەی ئەم کۆبوونەوەیە.»

٤١کە ئەم شتانەی گوت، کۆمەڵەکەی بڵاوە پێکرد.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.