١«برایان و باوکان، ئێستا گوێ لەو بەرگرییە بگرن کە لە خۆمی دەکەم.»
٢کاتێک گوێیان لێبوو بە زمانی عیبری قسەیان بۆ دەکات زیاتر بێدەنگ بوون. ئەویش گوتی:
٣«من جولەکەم، لە تەرسۆسی کیلیکیا لەدایک بووم، بەڵام لەم شارە گەورە بووم، لەبەردەستی گەمالائیل بە باشی بەگوێرەی تەوراتی باوباپیرانمان فێرکراوم. زۆر دڵگەرم بووم بۆ خودا، وەک ئەمڕۆ هەر یەکێکتان.
٤شوێنکەوتووانی ئەم ڕێگایەم هەتا مردن چەوساندەوە، ژن و پیاوم دەگرت و ڕادەستی زیندانم دەکردن،
٥هەروەک سەرۆکی کاهینان و هەموو ئەنجومەنی پیران شایەتیم بۆ دەدەن. نامەم لەوان وەرگرت بۆ برایانی دیمەشق، چووم تاکو ئەوانەی ئەوێش بە بەندکراوی بهێنمە ئۆرشەلیم تاکو سزا بدرێن.
٦«ئەوە بوو کاتێک دەڕۆیشتم و لە نیوەڕۆدا لە دیمەشق نزیک دەبوومەوە، لەناکاو لە ئاسمانەوە ڕووناکییەکی گەورە لە دەوروبەرم درەوشایەوە.
٧کەوتمە سەر زەوی و گوێم لە دەنگێک بوو پێی فەرمووم: ”شاول! شاول! بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟“
٨«وەڵامم دایەوە: ”گەورەم، تۆ کێیت؟“ «پێی فەرمووم: ”من عیسای ناسیرەییم، ئەوەی تۆ دەیچەوسێنیتەوە.“
٩ئەوانەی لەگەڵم بوون ڕووناکییەکەیان بینی، بەڵام لەو دەنگە تێنەگەیشتن کە قسەی لەگەڵم دەکرد.
١٠«گوتم: ”ئەی خاوەن شکۆ، چی بکەم؟“» «مەسیحی خاوەن شکۆ پێی فەرمووم: ”هەستە بڕۆ دیمەشق، لەوێ هەموو ئەو شتانەت پێ دەگوترێت کە دەبێت بیکەیت.“
١١جا لەبەر هێزی ڕووناکییەکە نەمدەبینی، ئەوانەی لەگەڵم بوون دەستیان گرتم و هێنامیانە دیمەشق.
١٢«پیاوێک بە ناوی حەنانیا هات بۆ لام. ئەو کەسێکی لەخواترس و گوێڕایەڵی تەورات بوو، هەروەها هەموو جولەکەی ئەوێ بە باشی باسیان دەکرد.
١٣لەتەنیشتم وەستا و پێی گوتم: ”شاولی برام، ببینە.“ یەکسەر ئەوم بینی.
١٤«ئینجا گوتی: ”خودای باوباپیرانمان هەڵیبژاردووی تاکو خواستی بزانیت، هەروەها ڕاستودروستەکە ببینیت و گوێت لە وشەی دەمی ئەو بێت،
١٥چونکە تۆ بۆ هەموو خەڵک دەبیتە شایەتی ئەو، بەوەی بینیت و بیستت.
١٦ئێستا بۆ خۆت دوادەخەیت؟ هەستە لە ئاو هەڵبکێشرێ و بە پاڕانەوە بە ناوی ئەو گوناهەکانت بشۆرەوە.“
١٧«کاتێک گەڕابوومەوە بۆ ئۆرشەلیم و لە پەرستگا نوێژم دەکرد، لەهۆشی خۆم چووم،
١٨مەسیحم بینی و پێی فەرمووم: ”خێراکە و بە پەلە لە ئۆرشەلیم بڕۆ دەرەوە، چونکە شایەتییەکەت کە سەبارەت بە منە وەریناگرن.“
١٩«منیش گوتم: ”خاوەن شکۆ، خۆیان دەزانن لە هەموو کەنیشتەکان ئەوانەی باوەڕیان بە تۆ هەبوو، دەمگرتن و دارکاریم دەکردن.
٢٠کاتێک خوێنی ستیفانۆسی شایەتی تۆ ڕژا، من ڕاوەستابووم، ڕازی بووم و پارێزگاریم لە جلوبەرگی بکوژانی دەکرد.“
٢١«بەڵام پێی فەرمووم: ”بڕۆ! بۆ شوێنی دوور دەتنێرم، بۆ لای ناجولەکەکان.“»
٢٢هەتا باسی ناجولەکەکان گوێیان لە پۆڵس گرت، ئینجا هاواریان کرد و گوتیان: «لەسەر ڕووی زەوی مەیهێڵە! چونکە ئەمە شایانی ژیان نییە!»
٢٣لە کاتێکدا هاواریان دەکرد و جلەکانی خۆیان فڕێدەدا و خۆڵیان بە هەوادا دەکرد،
٢٤فەرماندەکە فەرمانی دا بۆ سەربازگە ببردرێت و لەژێر قامچیدا لێی بکۆڵنەوە، بۆ ئەوەی بزانێت بۆچی ئاوا هاواریان لێی دەکرد.
٢٥کاتێک بەستیانەوە تاکو بە قامچی لێی بدەن، پۆڵس بە سەرپەلەکەی گوت کە لەوێ وەستا بوو: «ئایا لە ڕووی یاساییەوە ڕێتان پێدراوە کە هاوڵاتیی ڕۆمانی بەر قامچی بدەن کە هێشتا نەسەلمێنراوە تاوانبارە؟»
٢٦کاتێک سەرپەلەکە گوێی لەمە بوو، چووە لای فەرماندەکە و هەواڵی پێدا و گوتی: «ئەوە بەتەمای چی بکەیت؟ ئەم پیاوە هاوڵاتیی ڕۆمانییە!»
٢٧فەرماندەکەش چوو بۆ لای پۆڵس و پێی گوت: «پێم بڵێ، تۆ هاوڵاتیی ڕۆمانیت؟» گوتی: «بەڵێ.»
٢٨فەرماندەکە گوتی: «بە پارەیەکی زۆر ئەم ڕەگەزنامەیەم وەرگرت.» پۆڵس گوتی: «بەڵام من بە زگماک هاوڵاتیم.»
٢٩ئەوانەی کە بەتەمابوون لێی بکۆڵنەوە، دەستبەجێ لێی دوور کەوتنەوە، فەرماندەکەش ترسا کە زانی هاوڵاتییەکی ڕۆمانیی کۆت کردووە.
٣٠بۆ بەیانی فەرماندەکە ویستی بە تەواوی بزانێت بۆچی جولەکە تۆمەتباری دەکەن، بۆیە ئازادی کرد و فەرمانی دا کاهینانی باڵا و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای جولەکە کۆببنەوە. ئینجا پۆڵسی بانگکرد و لەبەردەمیاندا ڕایگرت.