١ڕۆژێکیان کاتژمێر سێی پاش نیوەڕۆ، کە کاتی نوێژ بوو، پەترۆس و یۆحەنا سەرکەوتن بۆ پەرستگا.
٢لەبەردەم دەرگای پەرستگادا کە پێی دەگوترا دەرگای جوان، پیاوێک بە زگماک ئیفلیج دانیشتبوو، هەموو ڕۆژێک هەڵیاندەگرت و لەوێ دایاندەنا تاکو سواڵ بکات لەوانەی دەهاتنە حەوشەکانی پەرستگاکەوە.
٣کاتێک ئەو پیاوە بینی کە پەترۆس و یۆحەنا بە نیازن بێنە ناو حەوشەکانی پەرستگا، داوای خێری لێکردن.
٤پەترۆس و یۆحەنا بە وردی تێیانڕوانی، ئینجا پەترۆس گوتی: «سەیرمان بکە!»
٥ئەویش چاوی تێبڕین و چاوەڕێی دەکرد شتێکیان لێ وەربگرێت.
٦پەترۆس گوتی: «زێڕ و زیوم نییە، بەڵام ئەوەی هەمە دەتدەمێ. بە ناوی عیسای مەسیحی ناسیرەییەوە، هەستە و بڕۆ!»
٧ئینجا بە دەستی ڕاستی گرتی و هەڵیستاند، دەستبەجێ هێز کەوتە پێ و پاژنەکانی.
٨ئیتر هەڵبەزییەوە و ڕاوەستا و دەستی بە ڕۆیشتن کرد، لەگەڵیان چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا، دەڕۆیشت و هەڵدەبەزییەوە و ستایشی خودای دەکرد.
٩هەموو خەڵک بینییان دەڕوات و ستایشی خودا دەکات.
١٠جا کاتێک خەڵکەکە زانییان ئەمە ئەو کەسەیە کە بۆ سواڵکردن لەلای دەرگای پەرستگا دادەنیشت، ئەوەی پێی دەگوترا جوان، سەرسامی و حەپەساوی دایگرتن لەوەی بەسەری هاتووە.
١١کاتێک پیاوەکە خۆی بە پەترۆس و یۆحەناوە هەڵواسیبوو، هەموو خەڵکەکە بە سەرسامییەوە ڕایانکردە لایان بۆ ئەو ڕێڕەوەی کە پێی دەگوترا ڕێڕەوی سلێمان، کە هەردوو لای بە کۆڵەکە گیرابوو.
١٢پەترۆس ئەمەی بینی، پێی گوتن: «پیاوانی ئیسرائیل، بۆچی لەمە سەرسامن؟ بۆچی چاوتان تێبڕیوین وەک ئەوەی بە توانا یان بە لەخواترسیمان وامان کردووە بڕوات؟
١٣خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، خودای باوکانمان، عیسای خزمەتکاری خۆی شکۆدار کرد، ئەوەی بە گرتنتان دا و لەبەردەم پیلاتۆس نکۆڵیتان لێکرد، کە بڕیاری دابوو بەریبدات.
١٤ئێوە نکۆڵیتان لە پیرۆز و ڕاستودروستەکە کرد و داوای ئازادکردنی بکوژێکتان کرد.
١٥سەرۆکی ژیانتان کوشت، بەڵام خودا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە و ئێمە شایەتین بۆ ئەمە.
١٦ئەم پیاوەی ئێوە دەیبینن و دەیناسن، باوەڕی بەناوی عیسا هەبوو، بۆیە هێز و توانای بۆ گەڕایەوە. بە ناوی عیسا و ئەو باوەڕەی بەهۆیەوە دێت، لەبەرچاوی هەمووتان ئەم تەندروستییە تەواوەی پێ بەخشی.
١٧«ئێستاش برایان دەزانم بە نەزانی ئەوەتان کرد، هەروەک ڕابەرەکانیشتان.
١٨بەڵام خودا ئەوەی هێنایە دی کە پێشتر لەسەر زمانی هەموو پێغەمبەرانەوە ڕایگەیاندبوو، کە مەسیحەکەی خۆی ئازار دەچێژێت.
١٩کەواتە تۆبە بکەن و بگەڕێنەوە بۆ لای خودا تاکو گوناهەکانتان بسڕێنەوە، بۆ ئەوەی لەلای یەزدانەوە کاتی حەسانەوەتان بێت و
٢٠مەسیحتان بۆ بنێرێتەوە، ئەو عیسایەی کە پێشتر بۆتانی دیاری کردبوو.
٢١ئەوەی دەبێت لە ئاسمان بیهێڵێتەوە، هەتا کاتی چاککردنەوەی هەموو شتێک، ئەوەی لە کۆنەوە خودا لەسەر زاری پێغەمبەرە پیرۆزەکانییەوە باسی کردووە.
٢٢موساش گوتی: ﴿یەزدانی پەروەردگارتان لەنێو برایانتاندا پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ دادەنێت، دەبێت گوێ لە هەموو ئەو شتانە بگرن کە پێتانی دەڵێت.
٢٣جا هەرکەسێک گوێ لەم پێغەمبەرە نەگرێت لەنێو گەل دادەبڕدرێت.﴾
٢٤«هەموو پێغەمبەرانیش، لە ساموئێل بەدواوە، هەموو ئەوانەی قسەیان کردووە، باسی ئەم ڕۆژانەیان کردووە.
٢٥ئێوەش کوڕی پێغەمبەران و ئەو پەیمانەن کە خودا لەگەڵ باوکانتاندا بەستی، کاتێک بە ئیبراهیمی فەرموو: ﴿لە ڕێگەی نەوەی تۆوە هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی بەرەکەتدار دەبن.﴾
٢٦کاتێک خودا خزمەتکاری خۆی هەستاندەوە، یەکەم جار بۆ ئێوەی نارد، بۆ ئەوەی بەرەکەتدارتان بکات بە گەڕانەوەی هەریەکەتان لە خراپەکانی.»