١پیاوێک ناوی حەنانیا بوو، لەگەڵ سەفیرەی ژنی پارچە زەوییەکی فرۆشت.
٢بە ئاگاداری ژنەکەی بەشێک لە پارەکەی بۆ خۆی هەڵگرت، ئەوەی مایەوە هێنای و خستییە بەرپێی نێردراوان.
٣پەترۆس گوتی: «حەنانیا، بۆچی شەیتان دڵی پڕکردوویت، بۆ ئەوەی درۆ لەگەڵ ڕۆحی پیرۆز بکەیت و لە پارەی زەوییەکە بەشێک بۆ خۆت هەڵبگریت؟
٤ئایا نەتدەتوانی کێڵگەکە بۆ خۆت دابنێیت و نەیفرۆشی کاتێک کە هی خۆت بوو؟ پاش فرۆشتنی ئایا مافی ئەوەت نەبوو نرخەکەی هەڵبگریت؟ ئیتر بۆچی لە دڵی خۆتدا ویستت ناپاکی بکەیت؟ تۆ درۆت لەگەڵ خەڵک نەکرد، بەڵکو لەگەڵ خودا.»
٥کاتێک حەنانیا گوێی لەم قسەیە بوو، کەوت و مرد. هەموو ئەوانەی ئەمەیان بیست ترسێکی گەورەیان لێ نیشت.
٦ئینجا چەند گەنجێک هەستان و کفنیان کرد، هەڵیانگرت بۆ دەرەوە و ناشتیان.
٧پاش نزیکەی سێ کاتژمێر، ژنەکەی هاتە ژوورە و نەیدەزانی چی ڕوویداوە.
٨پەترۆس لێی پرسی: «پێم بڵێ، زەوییەکەتان بەم بڕە فرۆشت؟» گوتی: «بەڵێ، بەم بڕە.»
٩پەترۆسیش پێی گوت: «بۆچی ڕێککەوتن ڕۆحی یەزدان تاقی بکەنەوە؟ ئەوەتا ئەوانەی مێردەکەتیان ناشت لە بەردەرگان، تۆش هەڵدەگرن و دەتبەنە دەرەوە.»
١٠دەستبەجێ ژنەکە لەبەرپێی پەترۆسدا کەوت و مرد. کاتێک گەنجەکان هاتنە ژوورەوە و بینییان مردووە، هەڵیانگرت و لەتەنیشت مێردەکەی ناشتیان.
١١ئیتر ترسێکی گەورە هاتە سەر هەموو کڵێسا و هەموو ئەوانەی ئەمانەیان بیست.
١٢لەسەر دەستی نێردراوان زۆر نیشانە و پەرجوو لەنێو گەلدا کرا. هەموو باوەڕداران بە یەک دڵ لە ڕێڕەوەکەی سلێمان لە پەرستگادا کۆدەبوونەوە.
١٣کەس نەیدەوێرا بچێتە پاڵیان، بەڵام گەل زۆر ڕێزیان دەگرتن.
١٤لەگەڵ ئەوەشدا هەتا دەهات ژن و پیاو بە کۆمەڵ باوەڕیان بە مەسیحی خاوەن شکۆ دەهێنا و دەهاتنە پاڵی.
١٥لە ئەنجامدا، وای لێهات نەخۆشیان دەهێنایە سەر شەقام و لەسەر جێگا و نوێن دایاندەنان، بەڵکو ئەگەر پەترۆس هات، سێبەرەکەی بکەوێتە سەر هەندێکیان.
١٦خەڵکی شارەکانی دەوروپشتی ئۆرشەلیمیش کۆببوونەوە، نەخۆش و ئەوانەیان هەڵگرتبوو کە بە دەست ڕۆحی پیس دەیانناڵاند، جا هەموویان چاکدەبوونەوە.
١٧بەڵام سەرۆکی کاهینان و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون لە ڕێبازی سەدوقی هەستان و پڕبوون لە ئیرەیی.
١٨نێردراوانیان گرت و فڕێیان دانە زیندانی گشتییەوە.
١٩بەڵام فریشتەیەکی یەزدان لە شەودا دەرگای زیندانەکەی کردەوە و بردنییە دەرەوە و گوتی:
٢٠«بڕۆن بۆ حەوشەکانی پەرستگا و ڕاوەستن، تەواوی پەیامی ئەم ژیانە بە خەڵکی بڵێن.»
٢١هەرکە گوێیان لێبوو، بەیانی زوو چوونە حەوشەکانی پەرستگا و دەستیان کرد بە فێرکردنی خەڵک. سەرۆکی کاهینان و ئەوانەی لەگەڵی بوون هاتن، ئەنجومەنی باڵا و هەموو کۆمەڵی پیرانی نەوەی ئیسرائیلیان بانگکرد و ناردیان لە زیندان بیانهێنن.
٢٢بەڵام کە پاسەوانەکان چوون و لە زیندان نەیاندۆزینەوە، گەڕانەوە و هەواڵیان پێدان و گوتیان:
٢٣«زیندانەکەمان بینی بە باشی داخرابوو، پاسەوانیش لە بەردەرگاکان ڕاوەستابوون، بەڵام کاتێک کردمانەوە کەسمان تێیدا نەبینی.»
٢٤کاتێک سەرۆکی پاسەوانی پەرستگا و کاهینانی باڵا ئەمەیان بیست، لێیان سەرسام بوون و گوتیان ئەمە چی بەسەردێت!
٢٥ئینجا یەکێک هات و گوتی: «ئەو پیاوانەی فڕێتاندانە زیندانەوە، وا لە حەوشەکانی پەرستگادا ڕاوەستاون و خەڵکی فێر دەکەن.»
٢٦ئەوسا سەرۆک و پاسەوانان ڕۆیشتن و بێ توندوتیژی نێردراوانیان هێنا، چونکە دەترسان گەل بەردبارانیان بکەن.
٢٧کاتێک ئەوانیان هێنا و لەبەردەم ئەنجومەنی باڵادا ڕایانگرتن، سەرۆکی کاهینان لێی پرسین:
٢٨«بە توندی فەرمانمان پێ کردن خەڵکی بەم ناوە فێر نەکەن، ئەوەتا ئۆرشەلیمتان لە فێرکردنەکانتان پڕکردووە و دەتانەوێ خوێنی ئەم پیاوە بخەنە ئەستۆمان.»
٢٩پەترۆس و نێردراوان وەڵامیان دایەوە: «دەبێت گوێڕایەڵی بۆ خودا بێت زیاتر لەوەی بۆ خەڵک!
٣٠خودای باوباپیرانمان عیسای هەستاندەوە، ئەوەی بە هەڵواسینی لەسەر دار کوشتتان.
٣١خودا ئەوی وەک سەرۆک و ڕزگارکەر بۆ دەستەڕاستی خۆی بەرز کردەوە، تاکو تۆبەکردن و لێخۆشبوونی گوناه بە ئیسرائیل ببەخشێت.
٣٢ئێمە شایەتی ئەم شتانەین، هەروەها ڕۆحی پیرۆزیش، ئەوەی خودا بەخشیویەتییە ئەوانەی گوێڕایەڵن بۆی.»
٣٣کاتێک گوێیان لێبوو زۆر تووڕە بوون، ویستیان بیانکوژن.
٣٤بەڵام فەریسییەک بە ناوی گەمالائیل کە مامۆستای تەورات بوو و هەموو گەل ڕێزیان دەگرت، لە ئەنجومەنی باڵا هەستا و فەرمانی کرد کە نێردراوان بۆ ماوەیەکی کەم ببردرێنە دەرەوە.
٣٥پێی گوتن: «پیاوانی ئیسرائیل، ئاگاداری خۆتان بن لەوەی دەتانەوێ بەم پیاوانەی بکەن.
٣٦ماوەیەک لەمەوبەر سوداس دەرکەوت و خۆی بە شت دەزانی، هەروەها نزیکەی چوار سەد پیاوی لێ کۆبوونەوە، بەڵام کوژرا و هەموو ئەوانەی دوای کەوتبوون بڵاو بوونەوە و ئاسەواریان نەما.
٣٧دوای ئەمەش لە کاتی ناونووسینەکەدا یەهوزای جەلیلی هەستا و خەڵکانێکی بەدوای خۆیدا لەخشتە برد، ئەویش لەناوچوو و ئەوانەی دوای کەوتبوون بڵاوبوونەوە.
٣٨ئێستاش ئامۆژگاریتان دەکەم، لەم پیاوانە دوور بکەونەوە و وازیان لێ بهێنن، چونکە ئەگەر ئەم بیروباوەڕە و کارە لە خەڵکەوە بێت، تێکدەچێت.
٣٩بەڵام ئەگەر لە خوداوە بێت، ناتوانن تێکی بدەن، ئەگینا خۆتان دەبیننەوە لە دژی خودا دەجەنگن.»
٤٠وتەکانی قایلی کردن، بۆیە نێردراوانیان بانگکرد و فەرمانیان دا کە بدرێنە بەر قامچی. ئینجا فەرمانیان پێکردن ناوی عیسا نەهێنن و ئازادیان کردن.
٤١ئیتر نێردراوان بە دڵشادییەوە لەبەردەم ئەنجومەنی باڵا هاتنە دەرەوە، چونکە بە شیاوی ئەوە دانران کە لە پێناو ناوی عیسادا سووکایەتییان پێ بکرێت.
٤٢ئیتر هەموو ڕۆژێک لە حەوشەکانی پەرستگا و لە ماڵاندا، بێوچان خەڵکیان فێردەکرد و مزگێنییان دەدا کە عیسا مەسیحەکەیە.