کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئامۆس

ئامۆس ٩

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١پەروەردگارم بینی لەلای قوربانگاکەوە ڕاوەستابوو و فەرمووی: «لە سەری کۆڵەکەکان بدە هەتا بەردەرگاکان بلەرنەوە، بیانشکێنە بەسەر سەری هەموویاندا و ئەوانەی لێیان ماونەتەوە بە شمشێر دەیانکوژم. کەسیان لێ هەڵنایەت و کەسیشیان لێ دەرباز نابێت.

٢ئەگەر بەرەو جیهانی مردووان هەڵبکۆڵن، لەوێوە دەستم دەیانگرێت؛ ئەگەر بۆ ئاسمانیش سەربکەون، لەوێوە دایاندەگرمە خوارەوە؛

٣ئەگەر لە لووتکەی کارمەل خۆیان بشارنەوە، لەوێ بە شوێنیاندا دەگەڕێم و دەیانگرم؛ ئەگەر لە بنی دەریا خۆیان لەبەرچاوم بشارنەوە، لەوێ فەرمان بە مار دەدەم و پێیانەوە دەدات.

٤ئەگەر لەپێش دوژمنەکانیانەوە ڕاپێچ کران، لەوێ فەرمان بە شمشێر دەدەم و دەیانکوژێت. «چاوەکانم دەبڕمە سەریان بۆ خراپە نەک بۆ چاکە.»

٥یەزدانیش، پەروەردگاری سوپاسالار، ئەوەی دەست لە زەوی دەدات، زەوی دەتوێتەوە و هەموو دانیشتووانەکەی شیوەن دەگێڕن، هەموو خاکەکە وەک ڕووباری نیل هەڵدەکشێت، وەک ڕووباری میسر دادەکشێت.

٦ئەوەی لە ئاسمان کۆشکی خۆی بنیاد دەنێت و لە زەویش بناغەی خۆی دادەمەزرێنێت، ئەوەی بانگی ئاوی دەریا دەکات و بەسەر ڕووی زەویدا دەیڕژێنێت، ناوی یەزدانە.

٧«ئەی نەوەی ئیسرائیل، ئایا ئێوە بۆ من وەک نەوەی کوشییەکان نین؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «ئایا ئیسرائیلم لە خاکی میسرەوە نەهێنایە دەرەوە و فەلەستییەکان لە کریتەوە و ئارامییەکان لە قییرەوە؟

٨«بە دڵنیاییەوە چاوەکانی یەزدانی باڵادەست لەسەر پاشایەتییە گوناهبارەکەن. لەناوی دەبەم لەسەر ڕووی زەوی، بەڵام بنەماڵەی یاقوب بە تەواوی لەناو نابەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

٩«من فەرمان دەدەم و لەنێو هەموو نەتەوەکان بنەماڵەی ئیسرائیل لە بێژنگ دەدەم، وەک چۆن بە بێژنگ لە بێژنگ دەدرێت بێ ئەوەی دەنکێک بکەوێتە سەر زەوی.

١٠هەموو گوناهبارانی گەلەکەم بە شمشێر دەکوژرێن، هەموو ئەوانەی دەڵێن: ”بەڵا نزیک نابێتەوە و نایەتە ناومان.“

١١«لەو ڕۆژەدا چادرە ڕووخاوەکەی داود هەڵدەدەمەوە. شوورابەندە شکێنراوەکانی بنیاد دەنێمەوە، ڕووخاوییەکانی دروستدەکەمەوە، وەک ڕۆژانی ڕابردوو بنیادی دەنێمەوە،

١٢تاکو ئەوەی دەبنە خاوەنی پاشماوەی نەتەوەی ئەدۆم و هەموو ئەو نەتەوانەی ناوی منیان هەڵگرتووە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی ئەم کردارانە ئەنجام دەدات.

١٣یەزدان دەفەرموێت: «سەردەمێک دێت جوتیار بە سەپان دەگاتەوە و شێلەری ترێش بە چێنەری تۆو. چیاکان خۆشاوی ترێیان لێ دەتکێت و هەموو گردەکانیش لێیان دەچۆڕێتەوە.

١٤ڕاپێچکراوانی ئیسرائیلی گەلەکەم دەگەڕێنمەوە. «شارە کاولکراوەکان بنیاد دەنێنەوە و تێیدا نیشتەجێ دەبن. ڕەزەمێو دەچێنن و شەرابەکەی دەخۆنەوە، باخ دەچێنن و لە بەرەکەی دەخۆن.

١٥لە خاکەکەیاندا دەیانچێنم، هەرگیز لەو خاکەی کە پێم داون هەڵناکەنرێن.» یەزدانی پەروەردگارت دەفەرموێت.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.