١لەو کاتەدا یەزدان پێی فەرمووم: «دوو تەختە بەردی وەک ئەوانەی یەکەم بۆ خۆت بتاشە و سەربکەوە سەر کێوەکە بۆ لای من، سندوقێکیش لە دار بۆ خۆت دروستبکە،
٢جا لەسەر دوو تەختەکە ئەو وشانە دەنووسمەوە کە لەسەر دوو تەختەکەی یەکەم جار بوون و تۆ شکاندت و بیانخە ناو سندوقەکە.»
٣منیش سندوقێکم لە داری ئەکاسیا دروستکرد، دوو تەختە بەردی وەک ئەوانەی یەکەم جارم تاشی و بۆ شاخەکە سەرکەوتم و دوو تەختەکەشم لە دەست بوو.
٤ئەویش لەسەر دوو تەختەکە وەک نووسراوی یەکەم جاری نووسییەوە، دە ڕاسپاردەکە کە یەزدان لەگەڵتاندا پێی دوا لە کێوەکە لەناو ئاگرەوە لە ڕۆژی کۆبوونەوەکە و ئینجا پێیدام.
٥ئیتر گەڕامەوە و لە کێوەکە هاتمە خوارەوە و دوو تەختە بەردەکەم لەناو سندوقەکە دانا کە دروستم کردبوو، جا هێشتا لەوێن وەک یەزدان فەرمانی پێ کردم.
٦(نەوەی ئیسرائیلیش لە بیرەکانی نەوەی یەعقانەوە کۆچیان کرد بۆ مۆسێرە. لەوێ هارون مرد و هەر لەوێش نێژرا. ئیتر ئەلعازاری کوڕی لە جێی ئەو بوو بە کاهین.
٧لەوێشەوە کۆچیان کرد بۆ گودگۆدە، لە گودگۆدەشەوە بۆ یۆتباتە کە خاکی جۆگە ئاوەکانە.
٨لەو کاتەدا یەزدان هۆزی نەوەی لێڤی جیا کردەوە بۆ ئەوەی سندوقی پەیمانی یەزدان هەڵبگرن و لەبەردەم یەزدان بوەستن بۆ ئەوەی خزمەتی بکەن و بە ناوی ئەوەوە داوای بەرەکەت بکەن هەتا ئەمڕۆ،
٩لەبەر ئەوە لێڤییەکان لەگەڵ براکانیان بەش و میراتیان نەبوو، یەزدان میراتی ئەوانە، هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵیاندا دوا.)
١٠منیش وەک ڕۆژانی یەکەم جار چل شەو و چل ڕۆژ لە کێوەکە مامەوە و یەزدان ئەو جارەش گوێی لێ گرتم و یەزدان نەیویست لەناوتان ببات.
١١دواتر یەزدان پێی فەرمووم، «هەستە بڕۆ پێشڕەوی گەل بکە، جا دەچنە ناو ئەو خاکەی دەست بەسەریدا دەگرن کە سوێندم بۆ باوباپیرانیان خوارد بیاندەمێ.»
١٢ئێستاش ئەی ئیسرائیل یەزدانی پەروەردگارتان چی لێتان دەوێت، تەنها ئەوەندە کە لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن تاکو هەموو ڕێگاکانی بگرنەبەر و خۆشتان بوێ، پڕ بە دڵ و لە ناخەوە یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستن،
١٣فەرمانەکانی یەزدان و فەرزەکانی بەجێبهێنن کە من ئەمڕۆ بۆ باشی خۆتان فەرمانتان پێ دەکەم.
١٤ئەوەتا ئاسمان و ئاسمانی ئاسمانەکان و زەوی و هەرچی تێیدایە بۆ یەزدانی پەروەردگارتانە،
١٥لەگەڵ ئەوەشدا یەزدان دڵی بە باوباپیرانتانەوە بەند بوو و خۆشیویستن، جا لەپاش خۆیان نەوەکەی ئەوانی هەڵبژارد کە ئێوەن، لە سەرووی هەموو گەلانەوە وەک ئەمڕۆ.
١٦کەواتە دڵتان خەتەنە بکەن و ئیتر کەللەڕەق مەبن،
١٧چونکە یەزدانی پەروەردگارتان خۆی خودای خودایانە و گەورەی گەورەیانە، ئەو خودا مەزنە بە توانا بە سامەی لایەنگری ناکات و بەرتیل وەرناگرێت،
١٨دادپەروەری هەتیو و بێوەژن دەکات و دۆستی نامۆیە هەتا خۆراک و بەرگی بداتێ.
١٩جا نامۆتان خۆشبوێت، چونکە لە خاکی میسردا نامۆ بوون.
٢٠لە یەزدانی پەروەردگارتان دەترسن، ئەو دەپەرستن و دەست بەوەوە دەگرن و بە ناوی ئەوەوە سوێند دەخۆن،
٢١ئەو ستایشتانە و ئەو خوداتانە کە ئەو هەموو کارە مەزن و ترسناکەی بۆ کردن کە چاوەکانتان بینییان.
٢٢باوباپیرانتان حەفتا کەس بوون کە چوونە میسر و ئێستاش یەزدانی پەروەردگارتان لە زۆریدا وەک ئەستێرەی ئاسمانی لێکردوون.