کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدواوتاری موسا

دواوتاری موسا ١٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئێوە ڕۆڵەی یەزدانی پەروەردگارتانن، لەشی خۆتان بریندار مەکەن و ناوچەوانتان مەتاشن لەبەر مردوو،

٢چونکە ئێوە گەلێکی پیرۆزن بۆ یەزدانی پەروەردگارتان و یەزدانیش ئێوەی هەڵبژارد بۆ ئەوەی ببنە گەنجینەیەکی تایبەت بۆ ئەو لە سەرووی هەموو ئەو گەلانەی لەسەر ڕووی زەویدان.

٣هیچ شتێکی قێزەون مەخۆن.

٤ئەمە ئەو ئاژەڵانەن کە دەیخۆن: گا و مەڕ و بزن،

٥ئاسک، مامز، ئاسکە سوورە، بزنەکێوی، کەڵەکێوی، ئاسکەکێوی و مەڕەکێوی.

٦هەر ئاژەڵێک کە سمی دوو کەرتە و کاوێژ دەکات، ئەوە دەخۆن.

٧بەڵام لەوانەی کاوێژ دەکەن یان سمیان دوو کەرتە، ئەمانە مەخۆن: وشتر و کەروێشک و گۆڕهەڵکەنە، چونکە کاوێژ دەکەن، بەڵام سمیان کەرت نییە، لەبەر ئەوە بۆتان گڵاوە.

٨هەروەها بەرازیش بۆتان گڵاوە، چونکە سمی کەرت کراوە، بەڵام کاوێژ ناکات، لەبەر ئەوە نە گۆشتیان بخۆن و نە دەست لە کەلاکیان بدەن.

٩لە هەموو ئەوانەی لە ئاوەکاندا دەژین، ئەوانە بخۆن کە باڵ و پوولەکەیان هەیە،

١٠بەڵام هەموو ئەوەی باڵ و پوولەکەی نەبێت نەیخۆن، بۆ ئێوە گڵاوە.

١١هەموو باڵندەیەکی پاک دەخۆن،

١٢بەڵام ئەمانەیان لێ ناخۆن، هەڵۆ و سیسارکە کەچەڵ و داڵاش،

١٣واشەی سوور و واشەی ڕەش، هەموو جۆرەکانی شاهین و شمقاڕ،

١٤هەموو جۆرەکانی قەلەڕەش،

١٥کوندەپەپووی شاخدار و بایەقووش، مەلی دەریا، هەموو جۆرەکانی باز،

١٦کوندەپەپووی بچووک و کوندەپەپووی گەورە و کوندەپەپووی سپی و

١٧کوندەپەپووی بیابان، واشەی ماسیگر، مەلی ماسیگرە،

١٨لەقلەق و هەموو جۆرەکانی شاهۆ و پەپوسڵێمانکە و شەمشەمەکوێرە.

١٩هەموو مێرووێکی باڵدار بۆ ئێوە گڵاوە و ناخورێت.

٢٠هەموو باڵندەیەکی پاک دەخۆن.

٢١هیچ ئاژەڵێکی مرداربووەوە مەخۆن، بیدەن بەو نامۆیانەی لە شارۆچکەکانتان دەژیێن، ئەوان دەیخۆن، یان بیفرۆشنە بیانییەکان، چونکە ئێوە گەلێکی پیرۆزن بۆ یەزدانی پەروەردگارتان. هیچ کاریلەیەک بە شیری دایکی لێمەنێن.

٢٢هەموو بەروبوومی کشتوکاڵتان کە ساڵ بە ساڵ لە کێڵگەکانتان وەبەردێت، بە تەواوی دەیەکی لێ دەخەنەلاوە.

٢٣لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان لەو شوێنەی هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ناوی لەوێ بێت، دەیەکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتەکەتان و نۆبەرەکانی مانگا و مەڕەکانتان دەخۆن، تاکو فێر بن هەردەم لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن.

٢٤بەڵام ئەگەر ڕێگاکە بۆتان دوور بوو و یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتداری کردبوون و نەتانتوانی دەیەکەکەتان بهێنن، چونکە ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ناوی لەوێ بێت لێتان دوور بوو،

٢٥ئەوا بە زیو بیفرۆشن و زیوەکە بپێچنەوە لە دەستتان و بڕۆن بۆ ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت.

٢٦جا زیوەکە خەرج بکەن لە هەموو ئەوەی حەزتان بۆی دەچێت، لە مانگا و مەڕ و شەراب و مەی و هەموو ئەوەی گیانتان لێتان داوا دەکات و لەوێ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان بیخۆن و ئێوە و ماڵەکانتان دڵخۆش بن.

٢٧ئەو لێڤییانەش کە لە شارۆچکەکانتانن بەجێیان مەهێڵن، چونکە بەش و میراتیان لەگەڵ ئێوەدا نییە.

٢٨لە کۆتایی هەر سێ ساڵێکدا هەموو دەیەکی بەروبوومی ئەو ساڵەتان دەربهێنن و لەناو شارۆچکەکانتان دایبنێن،

٢٩لێڤییەکانیش کە هیچ بەش و میراتیان لەگەڵ ئێوەدا نییە، لەگەڵ ئەو نامۆ و هەتیو و بێوەژنانەی کە لە شارۆچکەکانتانن بێن و بخۆن و تێر ببن، بۆ ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان لە هەموو کردارێکی دەستتان کە دەیکەن بەرەکەتدارتان بکات.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.