کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدواوتاری موسا

دواوتاری موسا ١٩

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان ئەو نەتەوانەی قڕکرد کە یەزدانی پەروەردگارتان خاکەکەیانتان دەداتێ و کاتێک دەرتانکردن و لە شار و ماڵەکانیان نیشتەجێ بوون،

٢سێ شار لە ناوەڕاستی خاکەکەتان بۆ خۆتان جیا دەکەنەوە کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ هەتا دەستی بەسەردا بگرن.

٣ڕێگا دروستدەکەن و ئەو خاکەی کە یەزدانی پەروەردگارتان بە میرات دەتانداتێ، دەیکەن بە سێ بەشی سنووردار، تاکو ئەو کەسەی کەسێک بکوژێت بۆ ئەوێ هەڵبێت.

٤ئەم یاسایە بۆ ئەوەیە، ئەگەر کەسێک بەبێ ئەنقەست لە هاوڕێکەی دا کە پێشتر ناحەزی ئەو نەبووە، بۆ ئەوێ هەڵدێت، ئیتر دەژیێت.

٥بۆ نموونە، یەکێک لەگەڵ هاوڕێکەی بچێتە ناو دارستان بۆ داربڕین و لە کاتی تەور وەشاندن ئاسنەکە لە داردەستەکە دەرپەڕێت و لە هاوڕێکەی بدات و بمرێت. ئەو کەسە بۆ یەکێک لەو شارانە هەڵدێت و دەژیێت.

٦ئەگینا خوێنگرەکە لە تووڕەییدا بەدوای تۆمەتبارکراوەکە دەکەوێت و بەهۆی دووری ڕێگاکە بۆ شاری پەناگا، لە ڕێگا پێی دەگات و دەیکوژێت، لە کاتێکدا ئەو شایانی مردن نییە، چونکە پێشتر ئەو ناحەزی هاوڕێکەی نەبووە.

٧بۆیە من فەرمانتان پێدەدەم کە سێ شار بۆ خۆتان جیا بکەنەوە.

٨ئەگەر یەزدانی پەروەردگارتان سنووری فراوان کردن وەک سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد و هەموو ئەو خاکەی پێدان کە بەڵێنی بە باوباپیرانتان دا بیانداتێ،

٩چونکە هەموو ئەم فەرمانانەتان پاراست هەتا جێبەجێی بکەن وەک ئەوەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێدەدەم، هەتا یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و هەموو ڕۆژان ڕێگاکانی بگرنەبەر، ئەوا سێ شاری دیکەش بۆ خۆتان زیاد بکەن لەسەر ئەم سێیە.

١٠ئەوە بکەن بۆ ئەوەی خوێنی بێتاوانێک لەناو خاکەکەتان نەڕژێت کە یەزدانی پەروەردگارتان بە میرات دەتانداتێ، جا تاوانی خوێنڕشتنتان لەسەر دەبێت.

١١بەڵام ئەگەر کەسێک ڕقی لە دراوسێکەی بێت و بۆسەی بۆ نایەوە و لێی هەستا و لێدانێکی کوشندەی لێدا و مرد و ئینجا بکوژەکە بۆ یەکێک لەو شارانە هەڵات،

١٢ئەوا پیرانی شارۆچکەکەی خۆی دەنێرن و لەوێ دەیهێننەوە و دەیدەنە دەست خوێنگری تۆڵەسێنەر و دەکوژرێت.

١٣بەزەییتان پێیدا نەیەتەوە، جا تاوانی ڕشتنی خوێنە بێتاوانەکە لە ئیسرائیلدا دادەماڵی و چاکەتان بۆ دەبێت.

١٤سنووری بەردڕێژکراوی زەوی دراوسێکەت مەگوێزەوە کە ئەوانەی یەکەم جار دایانناوە، لەو میراتەی بەرت دەکەوێت لەو زەوییەی یەزدانی پەروەردگارت پێت دەدات هەتا ببیتە خاوەنی.

١٥یەک شایەت بەس نییە بۆ تاوانبارکردنی کەسێک بە ئەنجامدانی تاوانێک یان هەڵەیەک، لە هەر تاوانێک کە دەیکات. هەر تاوانێک لەسەر زاری دوو یان سێ شایەت ڕاستییەکەی دەسەلمێنرێت.

١٦ئەگەر شایەتێکی درۆ دەرکەوت بۆ ئەوەی بە چەوتی شایەتی لەسەر کەسێک بدات،

١٧ئەوا هەردوو پیاوەکەی ناکۆکییان لەنێوانە، لەبەردەم یەزدان، لەبەردەم کاهینەکان و ئەو دادوەرانەی لەو ڕۆژانەدان ڕادەوەستن،

١٨جا ئەگەر دادوەران باش لێیان کۆڵییەوە و زانییان شایەتەکە شایەتێکی درۆزنە و بە درۆ شایەتی لەسەر براکەی داوە،

١٩ئەوا ئەوەی پێ بکەن کە دەیویست بە براکەی بکات، جا خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن و

٢٠ئەوانی دیکە دەبیستن و دەترسن و ئەو کارە خراپە لەنێوتاندا دووبارە ناکرێتەوە.

٢١بەزەییتان نەبێت، گیان بە گیان، چاو بە چاو، ددان بە ددان، دەست بە دەست، پێ بە پێ.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.