کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدواوتاری موسا

دواوتاری موسا ٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئێستاش ئەی ئیسرائیل، گوێ لەم فەرز و یاسایانە بگرە کە من فێرتان دەکەم هەتا بەجێی بهێنن و بژین و بچنە ناو ئەو خاکە و دەستی بەسەردا بگرن کە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان دەتانداتێ.

٢ئەو قسانەی من فەرمانتان پێ دەکەم هیچی لێ زیاد و کەم مەکەن، هەتا فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگارتان بپارێزن کە من فەرمانتان پێ دەکەم.

٣چاوەکانتان بینییان یەزدان چی لە بەعل‌پەعۆردا کرد، هەرچی دوای بەعلی پەعۆر کەوت یەزدانی پەروەردگارتان لەنێوتاندا بە تەواوی لەناوی برد،

٤بەڵام ئێوە کە خۆتان بە یەزدانی پەروەردگارتانەوە گرتووە ئەوا هەمووتان ئەمڕۆ زیندوون.

٥بڕوانە، فەرز و یاساکانم فێرکردن هەروەک یەزدانی پەروەردگارم فەرمانی پێ کردم بۆ ئەوەی ئاوا بکەن لەو خاکەی کە دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن،

٦ئیتر بیانپارێزن و جێبەجێیان بکەن، چونکە ئەوە دانایی و تێگەیشتوویی ئێوەیە لەبەرچاوی ئەو گەلانەی کە گوێیان لەو هەموو فەرزانە دەبێت و دەڵێن، «ئەم گەلە مەزنە گەلێکی دانا و تێگەیشتوون.»

٧چ گەلێکی مەزن هەیە، خوداوەندێکی نزیکی هەبێت وەک یەزدانی پەروەردگارمان لە هەموو داواکارییەکانمان؟

٨هەروەها چ گەلێک مەزنە و ئەو فەرز و یاسا ڕاستودروستانەی هەیە وەک ئەو هەموو فێرکردنەی من ئەمڕۆ لەبەردەمتان دایدەنێم؟

٩بەڵام ئاگاداربە و باش خۆت بپارێزە هەتا ئەو شتانە لەبیر نەکەیت کە بە چاوەکانت بینیت، بۆ ئەوەی هەموو ڕۆژانی ژیانت لە دڵت دەرنەچێت و منداڵەکانت و منداڵی منداڵەکانتی پێ فێر بکە.

١٠ئەو ڕۆژەت لە یاد بێت کە لە بەرامبەر یەزدانی پەروەردگارت ڕاوەستایت لە حۆرێڤ، کە یەزدان پێی فەرمووم: «گەلم بۆ کۆبکەرەوە و وشەکانی منیان بخەرە بەر گوێ، بۆ ئەوەی فێر بن هەموو ئەو ڕۆژانەی کە لەسەر زەوی زیندوون لێم بترسن و منداڵەکانیان فێر بکەن.»

١١ئێوەش هاتنە پێش و لە خوارەوەی کێوەکە ڕاوەستان و کێوەکە هەتا ناو جەرگەی ئاسمان بە ئاگر داگیرسا بوو، بە تاریکی و تەمی چڕ،

١٢جا یەزدان لەنێو ئاگرەکەوە لەگەڵتاندا دوا و ئێوە گوێتان لە دەنگی وشەکان دەگرت، بەڵام هیچ شێوەیەکی ئەوتان نەبینی، تەنها دەنگ نەبێت.

١٣ئەویش پەیمانەکەی خۆی پێ ڕاگەیاندن کە فەرمانی پێ کردن کاری پێ بکەن، دە ڕاسپاردەکە کە لەسەر دوو تەختەی بەردی نووسی.

١٤لەو کاتەدا یەزدان فەرمانی بە منیش کرد، بۆ ئەوەی فەرز و یاساکانتان فێر بکەم هەتا لەو خاکەدا کاری پێ بکەن کە لە ڕووباری ئوردون بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن.

١٥ئەو ڕۆژەی یەزدان لە حۆرێڤ لەنێو ئاگرەکەوە لەگەڵتاندا دوا، ئێوە هیچ وێنەیەکتان نەبینی، بۆیە باش خۆتان بپارێزن

١٦نەوەک گەندەڵ بن و پەیکەرێکی تاشراو بۆ خۆتان دروستبکەن، وێنەی نموونەیەک لە شێوەی نێرینەیەک یان مێینەیەک،

١٧یان لە شێوەی ئاژەڵێک لەوانەی لەسەر زەوین یان لە شێوەی باڵندەیەکی باڵدار لەوانەی لە ئاسمان دەفڕن،

١٨یان لە شێوەی خشۆکێک لەوانەی لەسەر زەوییە، یان لە شێوەی ماسییەک لەوانەی لەناو ئاو لەژێر زەوی.

١٩هەروەها نەوەک چاو بۆ ئاسمان بەرز بکەیتەوە و تەماشای خۆر و مانگ و ئەستێرەکان و هەموو ئەو شتانەی کە لە ئاسماندا ڕێکخراون بکەیت، کە یەزدانی پەروەردگارت بە هەموو گەلانی داوە کە لەژێر هەموو ئاسمانن و هەڵبخەڵەتێی و کڕنۆشی بۆ ببەیت و بیپەرستیت.

٢٠یەزدان ئێوەی برد و لە کوورەی ئاسنەوە لە میسرەوە دەریهێنان هەتا وەک ئەمڕۆ ببنە گەلی میراتی ئەو.

٢١بەهۆی ئێوەشەوە یەزدان لێم تووڕە بوو و سوێندی خوارد کە من لە ڕووباری ئوردون ناپەڕمەوە و ناچمە ناو خاکە باشەکەی کە یەزدانی پەروەردگارتان وەک میرات پێتان دەدات،

٢٢جا من لەم خاکەدا دەمرم و لە ڕووباری ئوردون ناپەڕمەوە، بەڵام ئێوە دەپەڕنەوە و دەست بەسەر ئەو زەوییە باشەدا دەگرن.

٢٣ئاگاداربن، نەوەک پەیمانی یەزدانی پەروەردگارتان لەبیر بکەن کە لەگەڵ ئێوەی بەست و پەیکەرێکی تاشراو بۆ خۆتان دروستبکەن لە وێنەی هەر شتێک لەوانەی یەزدانی پەروەردگارتان لێی قەدەغە کردن،

٢٤چونکە یەزدانی پەروەردگارتان ئاگرێکی بەتینە، خودایەکی ئیرەدارە.

٢٥ئەگەر منداڵ و منداڵی منداڵتان بوو و کاتتان درێژەی کێشا لە خاکەکەدا و گەندەڵ بوون و پەیکەری تاشراوتان دروستکرد، وێنەی هەر شتێک و خراپەتان کرد لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگارتان و پەستتان کرد،

٢٦ئەمڕۆ ئاسمان و زەوی دەکەم بە شایەت بەسەرتانەوە کە ئێوە بە خێرایی لەناودەچن لەو خاکەی لە ڕووباری ئوردونەوە بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن، درێژە بە ڕۆژانتان نادەن لەسەری و بێگومان لەناودەچن.

٢٧یەزدان پەرشوبڵاوتان دەکاتەوە لەنێو گەلاندا، جا ژمارەیەکی کەمتان لێ دەمێنێتەوە لەنێو ئەو نەتەوانەی یەزدان دەتانباتە ناویان،

٢٨لەوێ بت دەپەرستن دروستکراوی دەستی خەڵکە لە دار و لە بەرد کە نابینن و نابیستن و ناخۆن و بۆن ناکەن.

٢٩بەڵام ئەگەر لەوێوە ڕووتان لە یەزدان کرد، خودای خۆتان، ئەوا بۆتان دەردەکەوێت، ئەگەر بە هەموو دڵ و لە ناخەوە بەدوایدا گەڕان.

٣٠کاتێک تەنگانەتان هاتە سەر و لە ڕۆژانی دواتر کە هەموو ئەو شتانەتان بەسەرهات، ئەوا بۆ لای یەزدانی پەروەردگارتان دەگەڕێنەوە و گوێڕایەڵی ئەو دەبن،

٣١چونکە یەزدانی پەروەردگارتان خودایەکی بە بەزەییە، بەجێتان ناهێڵێت و لەناوتان نابات و پەیمانی باوباپیرانتان لەبیر ناکات کە سوێندی بۆیان خوارد.

٣٢جا سەبارەت بە ڕۆژانی پێشوو پرسیار بکە کە پێش تۆ بووە، لەو ڕۆژەوەی خودا مرۆڤی لەسەر زەوی بەدیهێنا و لەمپەڕی ئاسمان هەتا ئەوپەڕی، ئایا وەک ئەم شتە مەزنە یان هاوتای بیستراوە؟

٣٣ئایا هیچ گەلێک گوێیان لە دەنگی خودا بووە لەنێو ئاگرەوە قسە بکات، وەک تۆ گوێت لێ بوو و ژیابێت؟

٣٤ئایا هیچ خودایەک هەیە کە هەوڵی دابێت بە تاقیکردنەوە و بە نیشانە و پەرجوو، بە جەنگ و دەستێکی پۆڵایین، بە بازووێکی بەهێز و بە کاری مەزن و سامناک، نەتەوەیەک لەنێو نەتەوەیەکی دیکەدا بۆ خۆی تەرخان بکات، وەک هەموو ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان لەبەرچاوتان لە میسر بۆ ئێوەی کرد؟

٣٥ئەم شتانەت پیشان درا بۆ ئەوەی بزانیت کە یەزدان خۆی خودایە، بێجگە لەو یەکێکی دیکە نییە.

٣٦لە ئاسمانەوە بەم جۆرەی کرد گوێبیستی بن، تاکو تەمبێت بکات، لەسەر زەویش ئاگری مەزنی خۆی پیشان دایت و لەنێو ئاگرەوە گوێت لە وشەکانی بوو،

٣٧هەروەها لەبەر ئەوەی باوباپیرانی تۆی خۆشویست و نەوەی ئەوانی هەڵبژارد لە دوایان، بە ئامادەبوونی خۆی و بە هێزە مەزنەکەی خۆی تۆی لە میسرەوە دەرهێنا،

٣٨بۆ ئەوەی گەلی مەزنتر و بەهێزتر لە خۆت لەبەردەمت دەربکات و بتهێنێت و وەک ئەمڕۆ خاکەکەیانت وەک میرات بداتێ.

٣٩جا ئەمڕۆ بزانە و لە دڵەوە لێی وردببنەوە، یەزدان خۆی خودایە لە ئاسمان لە سەرەوە و لەسەر زەوی لە خوارەوە و هیچ خودایەکی دیکە نییە.

٤٠فەرزەکان و فەرمانەکانی بەجێبهێنە کە من ئەمڕۆ فەرمانت پێدەدەم، هەتا چاکە لەگەڵ خۆت و منداڵەکانت بکات لەدوای خۆت و تەمەن درێژ بیت لەسەر ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارت بۆ هەتاهەتایە پێت دەدات.

٤١ئیتر موسا لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون سێ شاری جیا کردەوە،

٤٢بۆ ئەوەی ئەو کەسەی کە بەبێ ئەنقەست دراوسێکەی خۆی دەکوژێت بۆ ئەوێ ڕابکات، کە پێشتر ڕقی لێی نەبووەتەوە، جا بۆ یەکێک لەو شارانە هەڵدێت و دەژیێت.

٤٣ئەمە ئەو شارانە بوون: شاری بەچەر لە دەشتودەر لە زەوی دەشتایی بۆ ڕەئوبێنییەکان و ڕامۆت لە گلعاد بۆ گادییەکان و گۆلان لە باشان بۆ مەنەشەییەکان.

٤٤ئەمەش ئەو فێرکردنەیە کە موسا لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا داینا.

٤٥ئەمە ئەو یاسا و فەرز و حوکمانەیە کە موسا بە نەوەی ئیسرائیلی گوت کاتێک لە میسر هاتنە دەرەوە،

٤٦لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون لە دۆڵەکە بەرامبەر بێت‌پەعۆر لە خاکی سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان کە لە حەشبۆن فەرمانڕەوا بوو، ئەوەی موسا و نەوەی ئیسرائیل شکاندیان لە کاتی هاتنەدەرەوەیان لە میسر.

٤٧دەستیان بەسەر خاکەکەیدا گرت لەگەڵ خاکی عۆگی پاشای باشان، هەردوو پاشاکەی ئەمۆرییەکان کە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون بوون.

٤٨لە عەرۆعێرەوە کە لەسەر لێواری دەربەندی ئەرنۆنە هەتا چیای سیریۆن کە حەرمۆنە،

٤٩هەروەها هەموو عەراڤا لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونەوە هەتا دەریای مردوو لەژێر بنارەکانی پسگە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.