کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزژیرمەندی

ژیرمەندی ١٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١بەدیهێنەری خۆت لەبیر بێت لە سەردەمی گەنجیێتیت، پێش ئەوەی ڕۆژگاری خراپە بێت یان ئەو ساڵانە نزیک بێتەوە کە بڵێی: «خۆشییان تێدا نابینم،»

٢پێش ئەوەی درەوشانەوەی خۆر و ڕووناکی و مانگ و ئەستێرە تەواو بێت، پێش ئەوەی گەڕانەوەی هەوری باران ئاسمان تاریک بکات؛

٣ئەو ڕۆژەی پارێزەرانی ماڵ دەلەرزن، پیاوانی بەهێز دەچەمێنەوە، ئەو ئافرەتانەی کە ئیشی دەستاڕیان دەکرد لەبەر کەمی لە کار دەکەون، تاریک دادێن ئەو ژنانەش کە لە پەنجەرەکانەوە تەماشا دەکەن؛

٤کاتێک دەرگاکانی بازاڕ دادەخرێن و دەنگی هاڕین نزم دەبێتەوە؛ ئەو ڕۆژەی کە پیرەمێرد لە دەنگی چۆلەکە هەڵدەستێت، هەرچەندە بەلایەوە گۆرانی کچەکان کز دەبن؛

٥ئەو ڕۆژەش کە خەڵک لە بەرزایی دەترسن و لە ڕێگا تۆقیون، کە بادەم چرۆ دەکات و کوللەحاجی خۆی ڕادەکێشێت و هیچ ئارەزوو نامێنێت. ئیتر مرۆڤ بەرەو ماڵی هەتاهەتایی خۆی دەچێت و شینگێڕەکان بە شەقامەکاندا دەسووڕێنەوە.

٦لەبیرت بێت، پێش ئەوەی زنجیری زیو بپچڕێت و قاپی زێڕین بشکێت؛ پێش ئەوەی گۆزە لەسەر کانی وردوخاش بکرێت، یان چەرخە لەسەر بیر بشکێنرێت و

٧خۆڵ دەگەڕێتەوە سەر زەوی وەک پێشوو، ڕۆحیش دەگەڕێتەوە لای ئەو خودایەی کە بەخشیویەتی.

٨وتاربێژی ژیرمەند دەڵێت: «بێ واتایە! بێ واتایان! هەموو شتێک بێ واتایە!»

٩سەرباری ئەوەی کە وتاربێژی ژیرمەند دانا بوو، گەلیشی فێری زانین کرد، شارەزای هەڵسەنگاندن و پشکنین و ڕێکخستنی پەندی زۆر بوو.

١٠وتاربێژی ژیرمەند هەوڵی دا وشە شادی بەخشەکان بدۆزێتەوە کە بە سەرڕاستی نووسراون و وشەکانی ڕاستین.

١١وشەکانی پیاوی دانا وەک نەقیزە وایە، وەک بزمارە چەقیوەکانن لە پیاوانی کۆمەڵ، لەلایەن یەک شوانەوە دراون.

١٢ئەی ڕۆڵە، سەرەڕای ئەمانە، ئاگاداری شتەکانی دیکەش بە. دانانی پەڕتووکی زۆر کۆتایی بۆ نییە، لێکۆڵینەوەی زۆریش لەش ماندوو دەکات.

١٣هەموو شت ئێستا بیستراوە و دەرئەنجامەکەی ئەوەیە: لە خودا بترسە و ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنە، چونکە ئەمە ئەرکی سەر شانی هەموو مرۆڤە.

١٤خودا حوکم بەسەر هەموو کارێکدا دەدات، بە هەموو کارێکی نهێنیشەوە، جا چاک بێت یان خراپ.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.