١پاشان ئاوڕم دایەوە و بینیم هەموو ئەو ستەمەی کە لەسەر زەویدا دەکرێت و ئەوەتا: فرمێسکی ستەملێکراوانم بینی، کەس نەبوو دڵنەواییان بکات، ستەمکارانیشیان زەبریان بەدەست بوو، کەس نەبوو دڵنەواییان بکات.
٢خۆزگە بە مردووان دەخوازرێت کە دەمێکە مردوون، ئەوان خۆشحاڵترن لەوانەی کە لە ژیاندا ماون.
٣بەڵام لە هەردووکیان باشتر ئەوەیە کە هێشتا لەدایک نەبووە، ئەوەی ئەو خراپەکارییەی نەدیوە کە لەسەر زەوی ئەنجام دەدرێت.
٤من بینیم کە هەموو ماندووبوون و هەموو ئەوەی مرۆڤ بەرهەمی دەهێنێت لە ئەنجامی ئەو کێشمەکێشەی کە مرۆڤ بەرامبەر بە نزیکەکەی دەیکات، ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە.
٥کەسی گێل دەست دەخاتە سەر دەست و گۆشتی خۆی دەخوات.
٦مشتێک حەسانەوە باشترە لە دوو مشتی پڕ ماندووبوون و گڤەی با.
٧دیسان شتێکی بێ واتام لەسەر زەوی بینی:
٨یەکێکی تاک و تەنها، نە کوڕی هەبوو، نە برا، هەموو ماندووبوونەکەی بێ کۆتایی بوو، هەروەها چاوی لە دەوڵەمەندی تێر نەدەبوو. گوتی: «ئیتر بۆ کێ خۆم ماندوو بکەم و گیانی خۆم بۆچی لە خۆشی بێبەش بکەم؟» ئەمەش بێ واتایە و بارێکی قورسە.
٩دوو کەس لە یەک کەس باشترە، چونکە لە ماندووبوونەکەیان قازانجێکی باشتریان دەبێت.
١٠ئەگەر یەکێکیان بکەوێت، هاوڕێکەی هەڵیدەستێنێتەوە. بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کە تەنهایە، دەکەوێت و کەس نییە هەڵیبستێنێتەوە.
١١هەروەها ئەگەر دوو کەس پێکەوە ڕابکشێن، گەرم دەبنەوە، بەڵام یەکێک تەنها بێت، چۆن گەرم دەبێتەوە؟
١٢ئەگەر یەکێک یەک کەس ببەزێنێت، دووان دەتوانن بەرامبەری بوەستن، گوریسی سێ تاڵیش زوو ناپسێت.
١٣گەنجێکی هەژار و دانا باشترە لە پاشایەکی پیر و گێل، کە ئیتر ناتوانێت گوێ لە هۆشداری بگرێت.
١٤دەشێت گەنجەکە لە بەندیخانەوە هاتبێتە دەرەوە هەتا ببێت بە پاشا، یاخود بە هەژاری لەو شانشینەدا لەدایک بووبێت.
١٥ڕوانیمە هەموو ئەو مرۆڤانەی کە بەسەر زەویدا هاتوچۆیان دەکرد پشتگیری گەنجەکەیان دەکرد کە جێگەی پاشاکەی گرتەوە.
١٦ئەو مرۆڤانەی کە هاتنە بەردەمی پاشا بێشومار بوون، بەڵام گەل دڵیان بەو پاشایە خۆش نەبوو. ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە.