کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئەفەسۆس

ئەفەسۆس ٣

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١بەهۆی ئەمەوە، من کە پۆڵسم، لە پێناوی ئێوەی ناجولەکە ئێستا دیلی عیسای مەسیحم…

٢بێگومان گوێتان لەوە بووە کە ئەرکی ڕاگەیاندنی نیعمەتی خودا بۆ ئێوە بە من سپێردراوە،

٣کە خودا بە ئاشکراکردن نهێنییەکەی بۆ دەرخستم، هەروەک پێشتر بە کورتی نووسیم.

٤بە خوێندنەوەی ئەم نامەیە، دەتوانن لە تێگەیشتنی من لە نهێنی مەسیح حاڵی بن،

٥ئەو نهێنییەی بۆ هیچ کەسێک لە نەوەکانی پێشتر ئاشکرا نەکراوە، وەک ئێستا بە ڕۆحی پیرۆز بۆ نێردراوە پیرۆزەکانی و پێغەمبەران ئاشکرا کرا.

٦نهێنییەکە ئەوەیە کە لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەوە ناجولەکە بوو بە هاومیراتی جولەکە و پێکەوە بوونە ئەندامانی یەک جەستە و هاوبەشی ئەو بەڵێنەی کە بەهۆی عیسای مەسیحەوە پێمان دراوە.

٧بەپێی هێزە کردەییەکەی خودا و بەگوێرەی بەخشینی نیعمەتەکەی کە پێمدرا، بوومە خزمەتکاری پەیامی ئینجیل.

٨هەرچەندە من بچووکترینی هەموو گەلی پیرۆزی خودام، ئەم نیعمەتە درایە من: مژدەی دەوڵەمەندی بێ سنووری مەسیح بدەمە نەتەوەکان و

٩پلانی ئەم نهێنییە بۆ هەمووان ڕوون بکەمەوە، ئەوەی لە دێرزەمانەوە بەهۆی خوداوە شاردراوەتەوە، ئەوەی هەموو شتێکی بەدیهێناوە،

١٠بۆ ئەوەی ئێستا لە ڕێگەی کڵێساوە، دانایی هەمەجۆرەی خودا بۆ فەرمانڕەوا و دەسەڵاتداران لە شوێنەکانی ئاسمان زانراو بێت،

١١بەگوێرەی خواستی هەتاهەتایی، ئەوەی بەهۆی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە هێنایە دی.

١٢بەهۆی یەکبوونمان لەگەڵ مەسیح و باوەڕهێنانمان پێی، بە دڵنیاییەوە ئەو ئازادییەمان هەیە بۆ چوونە لای خودا.

١٣بۆیە داواتان لێ دەکەم لە ناخۆشییەکانم ورە بەرنەدەن کە بۆ ئێوەیە، شکۆمەندی ئێوەیە.

١٤لەبەر ئەمە چۆک بۆ باوک دادەدەم،

١٥ئەوەی هەموو خێزانێک لە ئاسمان و سەر زەوی بوونیان لە ئەوەوە سەرچاوەی گرتووە.

١٦لێی دەپاڕێمەوە کە بەپێی دەوڵەمەندی شکۆی خۆی بەهێزتان بکات لە ڕێگەی ڕۆحەکەی کە لە ناختاندایە،

١٧تاکو بە باوەڕ مەسیح لە دڵتاندا نیشتەجێ بێت و ڕەگ و بناغەتان لە خۆشەویستیدا دابمەزرێت،

١٨تاکو توانادار بن، لەگەڵ تەواوی گەلی پیرۆزی خودا تێبگەن کە پانی و درێژی و بەرزی و قووڵی خۆشەویستی مەسیح چییە،

١٩تاکو ئەم خۆشەویستییە بناسن کە لە سەرووی زانیارییەوەیە، بۆ ئەوەی پڕبن لە هەموو پڕیێتی خودا.

٢٠بۆ ئەو خودایەی توانادارە هەموو شتێک بکات زۆر زیاتر لەوەی کە داوای دەکەین یان بیری لێ دەکەینەوە، بەگوێرەی ئەو هێزەی کە تیاماندا کار دەکات،

٢١با نەوە لەدوای نەوە، خودا بۆ هەتاهەتایە لە کڵێسا و لە عیسای مەسیحدا شکۆدار بێت. ئامین.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.