١کەواتە وەک ڕۆڵەی خۆشەویست، لاسایی خودا بکەنەوە،
٢لە خۆشەویستیدا بژین، وەک مەسیح خۆشیویستین و لە پێناوی ئێمەدا خۆی بەختکرد، قوربانییەک و سەربڕاوێک، بۆنخۆش بۆ خودا.
٣بەڵام داوێنپیسی و هەموو گڵاوییەک یان چاوچنۆکییەک با لەنێوتاندا ناوی نەبێت، چونکە ئەمانە لە گەلی پیرۆزی خودا ناوەشێتەوە،
٤نەک بێ شەرمی و قسەی ناشیرین و سووک کە ناشێت، بەڵکو لە جیاتی ئەمە سوپاسکردن.
٥بێگومان بن لەوەی هەموو داوێنپیسێک یان گڵاو یان چاوچنۆکێک لە شانشینی مەسیح و خودا میراتی نییە، چونکە چاوچنۆک بتپەرستە.
٦کەس بە قسەی پووچ هەڵتاننەخەڵەتێنێ، چونکە بەهۆی ئەمانە تووڕەیی خودا دێتە سەر کوڕەکانی یاخیبوون.
٧بۆیە هاوبەشییان مەکەن.
٨پێشتر ئێوە تاریکی بوون، بەڵام ئێستا ڕووناکین بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحی باڵادەست. وەک ڕۆڵەی ڕووناکی بژین،
٩چونکە بەروبوومی ڕووناکی لە هەموو چاکە و ڕاستودروستی و ڕاستییەکدایە،
١٠هەروەها بزانن کە چی جێگەی ڕەزامەندی مەسیحی خاوەن شکۆیە.
١١بەشداری کرداری تاریکی بێ بەرهەم مەکەن، بەڵکو ئاشکرای بکەن،
١٢چونکە ئەو کارانەی بە دزی دەیکەن، تەنانەت ناوهێنانیشی شەرمەزارییە.
١٣بەڵام هەموو شتێک لە ڕووناکیدا ئاشکرا بکرێت دەبینرێت،
١٤چونکە هەر شتێک ببینرێت ڕووناکییە. بۆیە دەڵێت: «ئەی نوستوو هەستە، لەنێو مردووان هەستەوە، مەسیح بەسەرتدا دەدرەوشێتەوە.»
١٥ئاگاداربن چۆن دەژین، نەک وەک نەفام، بەڵکو وەک دانا،
١٦کات بقۆزنەوە، چونکە زەمانە بەدکارە.
١٧گێل مەبن، بەڵکو تێبگەن خواستی مەسیحی باڵادەست چییە.
١٨بە شەراب سەرخۆش مەبن کە بەڕەڵایی تێدایە، بەڵکو پڕبن لە ڕۆحی پیرۆز:
١٩لەگەڵ یەکتری بە زەبوور و سروود و گۆرانی ڕۆحی بدوێن، لە دڵتانەوە گۆرانی و ستران بۆ یەزدان بڵێن،
٢٠هەموو کاتێک و بۆ هەموو شتێک بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان سوپاسی خودای باوک بکەن،
٢١بە ترسی مەسیح ملکەچی یەکتری بن.
٢٢ئەی ژنان، ملکەچی مێردەکانتان بن هەروەک چۆن ملکەچی مەسیحن.
٢٣وەک چۆن مەسیح سەری کڵێسایە کە جەستەی خۆیەتی و خۆی ڕزگارکەریەتی، ئاوا پیاو سەری ژنە.
٢٤وەک چۆن کڵێسا ملکەچی مەسیحە، ژنانیش دەبێت لە هەموو شتێک ملکەچی مێردەکانیان بن.
٢٥ئەی مێردەکان، ژنەکانتان خۆشبوێ، هەروەک مەسیحیش کڵێسای خۆشویست و لە پێناوی خۆی بەختکرد،
٢٦تاکو پیرۆزی بکات و بە شوشتنی بە ئاو لە ڕێگەی وشەوە پاکی بکاتەوە،
٢٧بۆ ئەوەی کڵێسایەکی شکۆدار بۆ خۆی ئامادە بکات، لەکە و لۆچ و هیچ شتێکی ئاوای نەبێت، بەڵکو پیرۆز و بێ کەموکوڕی بێت.
٢٨بە هەمان شێوە پێویستە پیاوان ژنەکانیان وەک جەستەی خۆیان خۆشبوێت، ئەوەی ژنی خۆی خۆشبوێت خۆی خۆشدەوێ.
٢٩کەس ڕقی لە جەستەی خۆی نابێتەوە، بەڵکو نانی دەدات و بەخێوی دەکات، هەروەک چۆن مەسیح بایەخ بە کڵێسا دەدات،
٣٠چونکە ئێمە ئەندامی جەستەی ئەوین.
٣١﴿لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت، ئیتر هەردووکیان دەبنە یەک جەستە.﴾
٣٢ئەمە نهێنییەکی گەورەیە، بەڵام من باسی مەسیح و کڵێسا دەکەم.
٣٣ئێوەش با هەر یەکێکتان ژنەکەی وەک خۆی خۆشبوێ، ژنیش ڕێز لە مێردەکەی بگرێت.