کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزدەرچوون

دەرچوون ١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەمانە ناوی کوڕەکانی ئیسرائیلن کە لەگەڵ یاقوب چوونە میسر، هەریەک لەگەڵ خێزانەکەی:

٢ڕەئوبێن، شیمۆن، لێڤی و یەهودا،

٣یەساخار، زەبولون و بنیامین،

٤دان و نەفتالی، گاد و ئاشێر.

٥هەموو وەچەکانی یاقوب حەفتا کەس بوون، بێجگە لە یوسف کە لە میسر بوو.

٦یوسف و هەموو براکانی و هەموو ئەو نەوەیە مردن،

٧بەڵام نەوەی ئیسرائیل بەردار بوون، زۆر زیاد بوون و زۆر و توانادارتر بوون، خاکەکە پڕ بوو لەوان.

٨ئینجا لە میسر پاشایەکی نوێ هاتە سەر تەخت کە یوسفی نەدەناسی.

٩بە گەلەکەی گوت: «تەماشا بکەن، نەوەی ئیسرائیل گەلێکن لە ئێمە زۆرتر و بەتواناترن.

١٠وەرن با دانا بین، نەوەک زۆرتریش ببن، کاتێک بکەوینە جەنگەوە، ئەوان بچنە پاڵ دوژمنەکانمان و لە دژمان بجەنگن و ئەم خاکە بەجێبهێڵن.»

١١بۆیە سەرکاری بێگارییان لەسەر دانان، بۆ ئەوەی بە بارگرانییەکەیان زەلیلیان بکەن، ئیتر شارەکانی پیتۆم و ڕەعمسێسیان بۆ ئەمبارکردن بۆ فیرعەون بنیاد نا.

١٢بەڵام هەرچەندە زەلیلیان دەکردن ئەوەندە گەشەیان دەکرد و بەربڵاو دەبوون، ئیتر لەبەر ئەوە میسرییەکان بەرامبەر بە نەوەی ئیسرائیل ترسیان لێ نیشت.

١٣میسرییەکان بە زەبرەوە کۆیلایەتییان بە نەوەی ئیسرائیل دەکرد.

١٤ژیانیان تاڵ کردن بە کۆیلایەتییەکی سەخت، بە قوڕکاری و خشت دروستکردن و هەموو جۆرە کارێکی کێڵگە، هەموو کارێک کە پێیان دەکردن بە زەبرەوە بوو.

١٥پاشای میسر بە دوو مامانی ژنە عیبرانییەکانی گوت، کە ناوی یەکێکیان شیفرە و ئەوی دیکەیان پوعە بوو،

١٦گوتی: «کاتێک مامانی بۆ ژنە عیبرانییەکان دەکەن لە شوێنی منداڵبوون، تەماشایان بکەن، ئەگەر کوڕ بێت بیکوژن، بەڵام ئەگەر کچ بێت با بژیێت.»

١٧بەڵام مامانەکان لە خودا ترسان و ئەوەیان نەکرد کە پاشای میسر پێی گوتبوون، هێشتیان کوڕەکان بژین.

١٨دواتر پاشای میسر مامانەکانی بانگکرد و لێی پرسین: «بۆچی ئەمەتان کردووە؟ بۆ هێشتتان کوڕەکان بژین؟»

١٩مامانەکانیش وەڵامی فیرعەونیان دایەوە: «لەبەر ئەوەی ژنە عیبرانییەکان وەک ژنە میسرییەکان نین، ئەوان گورجوگۆڵن و پێش گەیشتنی مامان منداڵیان دەبێت.»

٢٠ئیتر خودا لەگەڵ مامانەکان باش بوو، گەلیش زۆر و بە توانا بوون.

٢١ئەوە بوو کە مامانەکان لە خودا ترسان، خوداش خێزانی پێ بەخشین.

٢٢ئینجا فیرعەون فەرمانی بە هەموو گەلەکەی دا و گوتی: «هەر کوڕێکی عیبرانی کە لە دایک دەبێت، فڕێیبدەنە ناو ڕووباری نیل، بەڵام با هەموو کچەکان بژین.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.