١یەزدان لە خاکی میسر بە موسا و هارونی فەرموو:
٢«ئەم مانگە بۆتان دەبێتە سەری مانگەکان، بۆ ئێوە یەکەمی مانگەکانی ساڵە.
٣لەگەڵ هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل بدوێن و بڵێن، لە دەی ئەم مانگە با هەر پیاوێک لەبری بنەماڵەکەی بەرخێک ببات، بەرخێک بۆ هەر ماڵێک.
٤ئەگەر ماڵێک بچووک بوو و توانای خواردنی بەرخێکی نەبوو، ئەوا با لەگەڵ نزیکترین دراوسێیدا بەشی بکات بەگوێرەی ژمارەی کەسەکان؛ بەگوێرەی ئەو بڕەی کە هەرکەسێک دەتوانێت لە بەرخەکە بخوات.
٥دەبێت ئاژەڵێکی نێرینەی ساغی یەک ساڵە بۆ خۆتان دانێن و لە بەرخ یان گیسک هەڵیاندەبژێرن.
٦هەتا ڕۆژی چواردەی ئەم مانگە لەلای خۆتان چاودێرییان دەکەن، ئینجا هەموو کۆڕی کۆمەڵی ئیسرائیل لە کاتی خۆرئاوابوون سەریان دەبڕن.
٧لە خوێنەکەش هەڵدەگرن و لە هەردوو لای دەرگاکان و سەری دەرگاکانی ئەو ماڵانەشی دەدەن کە تێیدا دەیخۆن.
٨گۆشتەکەش لەو شەوەدا بە ئاگر دەبرژێنرێت و لەگەڵ نانی فەتیرە و گیای تاڵ دەیخۆن.
٩نەکەن بە خاوی یان کوڵاوی بیخۆن، بەڵکو دەبێت برژاو بێت، لەگەڵ سەر و پێ و هەناوی.
١٠لێشی مەهیڵنەوە بۆ بەیانی، ئەوەی لێی دەمێنێتەوە هەتا بەیانی، بە ئاگر بیسووتێنن.
١١ئاواش دەیخۆن: ناوقەدتان بەسترا بێت و پێڵاوەکانتان لە پێتان بێت و گۆچانەکانتان بە دەستەوە بێت. بە پەلە دەیخۆن؛ ئەوە پەسخەیە بۆ یەزدان.
١٢«من ئەمشەو بە خاکی میسردا تێدەپەڕم و هەموو نۆبەرەیەک لە خاکی میسر دەکوژم، لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ، حوکمیش بەسەر هەموو خوداوەندەکانی میسردا دەدەم، من یەزدانم.
١٣خوێنەکەش بۆتان دەبێتە نیشانە لەسەر ئەو ماڵانەی ئێوە تێیدان، کاتێک خوێنەکە دەبینم، بەسەرتاندا تێدەپەڕم. ئیتر کارەساتی لەناوچوون ئێوە ناگرێتەوە کاتێک لە خاکی میسر دەدەم.
١٤«ئەو ڕۆژەش دەبێتە یادگاری بۆتان و دەیکەنە جەژن بۆ یەزدان، فەرزێکی هەتاهەتاییە و نەوە دوای نەوە بەردەوام دەبێت.
١٥حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە دەخۆن. لە ڕۆژی یەکەمەوە هەویرترش لە ماڵەکانتان ناهێڵن، چونکە هەر یەکێک شتێکی بە هەویرترش بخوات لە ڕۆژی یەکەمەوە هەتا ڕۆژی حەوتەم، ئەوا ئەو کەسە لە ئیسرائیل دادەبڕدرێت.
١٦لە ڕۆژی یەکەم کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، هەروەها لە ڕۆژی حەوتەمیش. هیچ کارێک لەو ڕۆژانەدا مەکەن، تەنها خواردن ئامادەکردن نەبێت کە هەموو کەسێک دەیخوات. تەنها ئەوە دەکەن.
١٧«ئەم جەژنی فەتیرەش بگێڕن، چونکە لە هەمان ئەم ڕۆژەدا لەشکرەکانتانم لە خاکی میسر دەرهێنا. نەوە دوای نەوە ئەم جەژنە بگێڕن و با وەک فەرزێکی هەتاهەتایی بەردەوام بێت.
١٨لە چواردەی مانگی یەکدا، لە ئێوارە نانی فەتیرە بخۆن هەتا ئێوارەی ڕۆژی بیست و یەکی مانگ.
١٩حەوت ڕۆژ نابێت هەویرترش لە ماڵەکانتان هەبێت. هەرکەسێک بە نامۆ و هاوڵاتیشەوە شتێک بخوات کە هەویرترشی تێدابێت، لە کۆمەڵی ئیسرائیل دادەبڕدرێت.
٢٠شتی بە هەویرترش مەخۆن، دەبێت لە هەموو نشینگەکانتان نانی فەتیرە بخۆن.»
٢١ئینجا موسا هەموو پیرانی ئیسرائیلی بانگکرد و پێی گوتن: «بڕۆن بۆ خۆتان مەڕوماڵات ببەن، بەگوێرەی هۆزەکانتان بەرخی پەسخە سەرببڕن.
٢٢دەسکێک زوفا هەڵبگرن و لەو خوێنەی وەربدەن کە لە تەشتدایە و سەرەوەی دەرگا و هەردوو لایەکەی پێ خوێناوی بکەن، ئێوەش هەتا بەیانی کەستان لە دەرگای ماڵەکەی ناچێتە دەرەوە.
٢٣یەزدان تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی لە میسرییەکان بدات، کاتێک خوێنەکە دەبینێت کە لەسەر دەرگا و هەردوو لایەکەی دراوە ئیتر یەزدان بەسەر دەرگاکە تێدەپەڕێت و ناهێڵێت لەناوبەر بێتە ماڵەکانتان بۆ لێدانتان.
٢٤«ئەم ڕێوەڕەسمە بۆ هەتاهەتایە وەک فەرزێک بۆ خۆتان و نەوەکانتان بەجێدەهێنن.
٢٥ئەوە دەبێت کاتێک دێنە ناو ئەو خاکەی یەزدان دەتانداتێ هەروەک فەرمووی، ئەم ئەرکە دەپارێزن.
٢٦ئیتر کاتێک منداڵانتان پێتان دەڵێن: ”ئەم ئەرکە چییە بۆ ئێوە؟“
٢٧ئێوەش دەڵێن: ”ئەوە قوربانی پەسخەیە بۆ یەزدان، کە لە میسر بەسەر ماڵەکانی نەوەی ئیسرائیلدا تێپەڕی، کاتێک لە میسرییەکانی دا و ماڵەکانی ئێمەی پاراست.“» ئیتر گەل دانەوین و کڕنۆشیان برد.
٢٨نەوەی ئیسرائیل چوون و بەم جۆرەیان کرد، وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا و هارون کرد.
٢٩ئەوە بوو یەزدان لە نیوەشەودا لە هەموو نۆبەرەیەکی خاکی میسری دا، لە نۆبەرەی فیرعەونەوە کە لەسەر تەخت دانیشتووە هەتا نۆبەرەی ئەو دیلەی لە بەندیخانەیە و هەموو نۆبەرەکانی مەڕوماڵاتیش.
٣٠فیرعەون شەو هەستا، خۆی و هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو میسرییەکان، هاوارێکی مەزن لە میسر پەیدا بوو، چونکە هیچ ماڵێک نەبوو مردووی نەبێت.
٣١بەو شەوە فیرعەون موسا و هارونی بانگکرد و گوتی: «هەستن! لەنێو گەلەکەم بڕۆنە دەرەوە، ئێوە و هەموو نەوەی ئیسرائیل، بڕۆن یەزدان بپەرستن وەک خۆتان داواتان کرد.
٣٢مەڕوماڵات و گاڕانەکەشتان ببەن وەک گوتتان، بڕۆن و هەروەها بۆ منیش داوای بەرەکەت بکەن.»
٣٣میسرییەکانیش زۆریان لە گەلەکە کرد تاکو پەلە بکەن لە ڕۆیشتنیان لە خاکەکە، چونکە گوتیان: «ئەگینا ئێمە هەموومان دەمرین.»
٣٤گەلیش هەویرەکانیان هەڵگرت پێش ئەوەی هەویرترشی تێ بکەن، تەشتە هەویرە شێلراوەکانیان لە جلەکانیان پێچایەوە و لەسەر شانیان دانا.
٣٥هەروەها نەوەی ئیسرائیل بەو جۆرەیان کرد کە موسا پێی گوتن و داوای خشڵی زیو و زێڕ و جلوبەرگیان لە میسرییەکان کرد.
٣٦یەزدانیش گەلی لەبەرچاوی میسرییەکان ڕێزدار کرد، ئیتر ئەوەی داوایان کردبوو پێیان دان و بەم شێوەیە میسرییەکانیان تاڵان کرد.
٣٧نەوەی ئیسرائیل کە نزیکەی شەش سەد هەزار پیادەی پیاو دەبوون بێجگە لە ئافرەت و منداڵ، لە ڕەعمسێسەوە کۆچیان کرد بەرەو سوکۆت.
٣٨هەروەها کۆمەڵە خەڵکێکی زۆر لەگەڵیان سەرکەوتن، هەروەها ئاژەڵێکی زۆریش کە لە مەڕوماڵات و گاوگۆتاڵ پێکهاتبوون.
٣٩ئەو هەویرەی لە میسرەوە هێنابوویان کردیانە کولێرەی فەتیرە. هەویرەکە بێ هەویرترش بوو، لەبەر ئەوەی لە میسر دەرکران و نەدەکرا دوا بکەون، هەروەها خواردنیان بۆ خۆیان دروستنەکردبوو.
٤٠نەوەی ئیسرائیلیش چوار سەد و سی ساڵ لە میسردا نیشتەجێ بوون.
٤١ئەوە بوو لە کۆتایی چوار سەد و سی ساڵەکە، لە هەمان ئەو ڕۆژەدا، هەموو لەشکری یەزدان لە خاکی میسر چوونە دەرەوە.
٤٢لەبەر ئەوەی ئەو شەوە یەزدان ئێشکی گرت بۆ دەرهێنانی گەلی ئیسرائیل لە خاکی میسر، لەم شەوەدا هەموو نەوەی ئیسرائیل وەک ڕێزلێنانێک بۆ یەزدان ئێشک دەگرن بۆ نەوەکانیان.
٤٣یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «ئەمە فەرزی پەسخەیە: «هیچ بیانییەک لێی ناخوات.
٤٤هەر کۆیلەیەکی پیاوی بە زیو کڕاو دوای ئەوەی خەتەنە دەکرێت ئینجا لێی دەخوات.
٤٥بەڵام نیشتەجێی کاتی و کرێگرتە لێی ناخۆن.
٤٦«لە یەک ماڵدا لە گۆشتەکە دەخورێت و لە ماڵەکە ناچێتە دەرەوە، هیچ ئێسکێکی لێ ناشکێنرێت.
٤٧هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل پێویستە یادی بکەنەوە.
٤٨«ئەگەر نامۆیەک لەنێوتاندا بژیێت و بیەوێت پەسخە بۆ یەزدان بکات، پێویستە هەموو نێرینەیەکی ماڵەکەی خەتەنە بکرێت. ئینجا وەک لەدایکبووێکی خاکەکەی لێدێت، بەڵام خەتەنەنەکراو لێی ناخوات.
٤٩یەک یاسا پەیڕەو دەکرێت بۆ هاوڵاتی و بۆ ئەو نامۆیەی کە لەنێوتان دەژیێت.»
٥٠ئیتر هەموو نەوەی ئیسرائیل بەم جۆرەیان کرد وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا و هارون کرد.
٥١ئەوە بوو لە هەمان ئەو ڕۆژەدا یەزدان نەوەی ئیسرائیلی لە شێوەی لەشکر لە خاکی میسر هێنایە دەرەوە.