١ئینجا موسا و نەوەی ئیسرائیل ئەم سروودەیان بۆ یەزدان گوت: «سروود بۆ یەزدان دەڵێم، چونکە شکۆمەندانە سەرکەوت، ئەسپ و سوارەکەی فڕێدایە ناو دەریا.
٢«هێز و سروودم یەزدانە، بووە بە ڕزگاری بۆم. ئەمە خودامە و شکۆداری دەکەم، خودای باوکمە و بە گەورەی دەزانم.
٣یەزدان پاڵەوانە، ناوی یەزدانە.
٤گالیسکەکانی فیرعەون و سوپاکەی فڕێدایە ناو دەریا، هەڵبژاردەی ئەفسەرەکانی لە دەریای سوور نوقوم بوون،
٥قووڵایی دایپۆشین، کەوتنە بنەوە وەک بەرد.
٦دەستی ڕاستت، ئەی یەزدان، بەتوانایە بۆ شکۆمەندیت. دەستی ڕاستت، ئەی یەزدان، دوژمن تێکدەشکێنێت.
٧«بە مەزنی و پایەبەرزیت بەرهەڵستەکانت پێشێل دەکەیت، جۆشی تووڕەییت دەبارێنیت وەک پووش دەیانخوات.
٨بە بای لووتت ئاوەکان گرد بوونەوە، ئاوەڕۆکان وەک گرد وەستان، قووڵاییەکان لەناو دەریا بەستیان.
٩دوژمن گوتی: ”دوایان دەکەوم، پێیان دەگەم، تاڵان دابەش دەکەم، گیانم لێیان تێر دەبێت، شمشێرەکەم ڕادەکێشم، دەستم لەناویان دەبات.“
١٠بەڵام بە بای خۆت فووت کرد، دەریا دایپۆشین، ڕۆچوون وەک قورقوشم، لە ئاوێکی مەزن.
١١ئەی یەزدان، کێ لەنێو خوداوەندەکان وەک تۆیە؟ کێ وەک تۆ پایەبەرزە لە پیرۆزی، سامناک لە شکۆمەندی، دروستکەری کاری سەرسوڕهێنەر؟
١٢«دەستی ڕاستت درێژکرد، زەوی قووتی دان.
١٣ئەو گەلەی کڕیتەوە، بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت ڕابەرایەتی دەکەیت، بە هێزی خۆت ڕێنمایی دەکەیت، بۆ نشینگەی پیرۆزت.
١٤گەلان گوێیان لێ دەبێت و دەلەرزن، دانیشتووانی فەلەستیە ژان دەیانگرێت.
١٥سەرکردەکانی ئەدۆم سەرسام دەبن، ڕابەرەکانی مۆئاب لەرز دەیانگرێت، هەموو دانیشتووانی کەنعان دەتوێنەوە.
١٦سامناکی و تۆقین دێتە سەریان. ئەی یەزدان، بە هێزی بازووت وەک بەرد لە شوێنی خۆیان دەچەقن، هەتا ئەوەی گەلەکەت دەپەڕێتەوە، هەتا ئەو گەلەی کڕیوتە دەپەڕێتەوە.
١٧ئەی یەزدان، دەیانهێنیت و دەیانچێنیت لە کێوی میراتت، ئەو شوێنەی بۆ نیشتەجێی خۆت دروستت کرد، ئەی پەروەردگار، ئەو پیرۆزگایەی کە دەستەکانت دایمەزراند.
١٨«یەزدان پاشایەتی دەکات بۆ هەتاهەتایە.»
١٩کاتێک ئەسپی فیرعەون بە گالیسکە و سوارەکانیەوە بۆ ناو دەریا هات، یەزدانیش ئاوی دەریای هێنایەوە سەریان، بەڵام نەوەی ئیسرائیل بەسەر وشکانیدا بە ناوەندی دەریادا ڕۆیشتن.
٢٠ئینجا مریەمی پێغەمبەر کە خوشکی هارون بوو، دەستی دایە دەف و هەموو ئافرەتەکانیش بە دەف و سەماوە بەدوایەوە ڕۆیشتن.
٢١مریەمیش سروودی بۆ گوتن: «سروود بۆ یەزدان بڵێ، چونکە شکۆمەندانە سەرکەوت، ئەسپ و سوارەکانی فڕێدایە ناو دەریا.»
٢٢ئینجا موسا کۆچی بە نەوەی ئیسرائیل کرد و لە دەریای سوورەوە پەڕینەوە بۆ چۆڵەوانی شوور، سێ ڕۆژ بە چۆڵەوانیدا ڕۆیشتن و ئاویان نەدۆزییەوە.
٢٣کاتێک هاتنە مارا، نەیانتوانی ئاوەکەی ئەوێ بخۆنەوە، چونکە تاڵ بوو، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە ناونراوە مارا.
٢٤جا گەل بۆڵەبۆڵیان لەسەر موسا کرد و گوتیان: «چی بخۆینەوە؟»
٢٥موساش هاواری بۆ یەزدان کرد، یەزدانیش دارێکی پیشان دا و ئەویش فڕێیدایە ناو ئاوەکە، ئیتر ئاوەکە سازگار بوو. لەوێ یەزدان فەرز و یاسای بۆ دانان و لەوێش تاقی کردنەوە.
٢٦فەرمووی: «ئەگەر بە باشی گوێ لە دەنگی یەزدانی پەروەردگارت بگریت و ئەوەی ڕاستە لەبەرچاوی بیکەیت و گوێ بۆ فەرمانەکانی شل بکەیت و هەموو فەرزەکانی بەجێبهێنیت، هیچ نەخۆشییەک لەوانەی خستمە سەر میسرییەکان نایخەمە سەر تۆ، چونکە من یەزدانم، ئەوەی چاکت دەکاتەوە.»
٢٧ئینجا هاتنە ئێلیم، لەوێ دوازدە کانیاو و حەفتا دار خورمای لێبوو، ئیتر لەوێ لەلای ئاوەکان لایاندا.