١موسا بووە شوانی مەڕەکانی یەترۆی خەزووری، کە کاهینی میدیان بوو. مەڕەکانی بردە ئەوپەڕی دەشتودەرەکە هەتا گەیشتە کێوی خودا، حۆرێڤ.
٢لەوێ لەناو گڕی ئاگرێک لە دەوەنێک فریشتەی یەزدانی بۆ دەرکەوت. کە موسا تەماشای کرد بینی وا دەوەنەکە گڕی گرتووە، کەچی ناسووتێت.
٣موسا گوتی: «لادەدەم و تەماشای ئەو دیمەنە مەزنە دەکەم. بۆچی دەوەنەکە ناسووتێت؟»
٤کاتێک یەزدان بینی کە موسا لایدا بۆ ئەوەی تەماشا بکات، خودا لەناو دەوەنەکەوە بانگی کرد و فەرمووی: «موسا. موسا.» ئەویش گوتی: «ئەوەتام.»
٥فەرمووی: «نزیکی ئێرە مەکەوە. پێڵاوەکانت لە پێت دابکەنە، چونکە ئەو شوێنەی تۆ لەسەری وەستاویت خاکێکی پیرۆزە.»
٦ئینجا فەرمووی: «من خودای باوکتم، خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم.» موسا ڕووی خۆی داپۆشی، چونکە دەترسا تەماشای خودا بکات.
٧یەزدان فەرمووی: «بەڕاستی من زەلیلی گەلەکەمم لە میسر بینی، هەروەها گوێم لە هاواریان بوو لەبەر سەرکارەکانیان، چونکە بە ئازارەکانیانم زانی.
٨ئەوا هاتمە خوارەوە بۆ ئەوەی فریایان بکەوم لە دەست میسرییەکان و لەو خاکەوە بیانبەم بۆ خاکێکی باش و فراوان، بۆ خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، بۆ شوێنی کەنعانی، حیتی، ئەمۆری، پریزی، حیڤی و یەبوسییەکان.
٩ئێستا هاواری نەوەی ئیسرائیل گەیشتە لام و هەروەها ئەو چەوسانەوەیەم بینی کە بە دەست میسرییەکان دەیچێژن.
١٠ئێستاش بڕۆ و دەتنێرم بۆ لای فیرعەون و گەلەکەی خۆم، نەوەی ئیسرائیل لە میسر بهێنە دەرەوە.»
١١بەڵام موسا بە خودای گوت: «من کێم هەتا بچمە لای فیرعەون و نەوەی ئیسرائیل لە میسر بهێنمە دەرەوە؟»
١٢ئەویش فەرمووی: «من لەگەڵت دەبم، ئەمەش دەبێتە نیشانە بۆت کە من تۆم ناردووە، کاتێک گەل لە میسرەوە دەردەهێنیت، ئێوە لەسەر ئەم کێوە خودا دەپەرستن.»
١٣موساش بە خودای گوت: «من وا دەچمە لای نەوەی ئیسرائیل و پێیان دەڵێم ”خودای باپیرانتان منی بۆ ئێوە ناردووە.“ ئەگەر پێم بڵێن: ”ناوی چییە،“ بڵێم چی؟»
١٤خوداش بە موسای فەرموو: «من هەم ئەوەی کە هەم.» هەروەها فەرمووی: «ئاوا بە نەوەی ئیسرائیل دەڵێیت: ” ’هەم‘ منی بۆ ئێوە ناردووە.“»
١٥هەروەها خودا بە موسای فەرموو: «ئاوا بە نەوەی ئیسرائیل دەڵێیت: ”یەزدان، پەروەردگاری باوکانتان، خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوب منی بۆ ئێوە ناردووە.“ «هەتاهەتایە ئەمە ناومە و ئەمەش دێتەوە یادتان، نەوە دوای نەوە.
١٦«بڕۆ و پیرانی ئیسرائیل کۆبکەرەوە و پێیان بڵێ: ”یەزدان، پەروەردگاری باوکانتان، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب بۆم دەرکەوت، فەرمووی، بەڕاستی ئێوە و ئەوەی لە میسردا بەسەرتان هاتووە بەسەرم کردووەتەوە.
١٧هەروەها بەڵێنم داوە، لە زەلیلی میسر سەرتان بخەم و بتانبەم بۆ خاکی کەنعانی، حیتی، ئەمۆری، پریزی، حیڤی و یەبوسییەکان، بۆ خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت.“
١٨«پیرانی ئیسرائیل گوێ لە قسەکانت دەگرن. ئەو کاتە تۆ و پیرانی ئیسرائیل دەچنە لای پاشای میسر و پێی دەڵێن: ”یەزدان، پەروەردگاری عیبرانییەکان بەسەریکردینەوە، ئێستاش سێ ڕۆژەڕێ دەڕۆین لە دەشتودەر قوربانی بۆ یەزدانی پەروەردگارمان سەردەبڕین.“
١٩بەڵام دەزانم پاشای میسر ناهێڵێت بڕۆن، تاوەکو بە دەستێکی بەهێز ناچار نەکرێت.
٢٠ئیتر من دەستم درێژ دەکەم و بە هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانم کە لەناویاندا دەیکەم، لە میسر دەدەم، دوای ئەوە دەهێڵێت بڕۆن.
٢١«ئەم گەلەش لەبەرچاوی میسرییەکان ڕێزدار دەکەم، هەتا کاتی ڕۆیشتن بە دەستبەتاڵی نەڕۆن.
٢٢بەڵکو هەر ژنێک لە دراوسێکەی یاخود لەوەی لە ماڵەکەیدا دەژیێت، داوای کەلوپەلی زێڕ و زیو و جلوبەرگ دەکات و لەبەر کوڕ و کچەکانتانی دەکەن و میسرییەکان تاڵان دەکەن.»